ئەستێرەیەکی دیکەی ئیتاڵیا لە قومارکردن تێوەگلا و ئەگەری هەیە بەتووندی سزابدرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەستێرەیەکی دیکەی تۆپی پێی ئیتاڵیا بەتۆمەتی قومارکردن تێوەگلاوە و ئەگەری هەیە رووبەڕووی سزای قورس ببێتەوە.
 
ئەلیساندرۆ فلۆرێنزی، یاریزانی یانەی ئەیسی میلان بە تۆمەتی قومارکردنی نایاسایی لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە، ئەمەش دوای ئەوە دێت هەریەکە لە ساندرۆ تۆنالی و نیکۆلۆ فاگیۆلی بە هەمان هۆکار لە یاریکردن سڕ کران. 

 

سکانداڵی قومارکردن لە ئیتاڵیا بەردەوامە و بە پێی میدیاکان،  فلۆرێنزی بەرگریکاری راستی یانەی میلان دوایین یاریزانە بە تۆمەتی قومارکردنی نایاسایی لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.

 
بەرگریکارەکەی میلان هیچ لێدوانێکی لەم بارەیەوە نەداوە و بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا لەگەڵ داواکاری گشتی ئیتاڵیا کۆببێتەوە و تاوتوێی ئەو دۆسێیە بکات. 
 
نیکۆلۆ زانیۆلۆ، یاریزانی پێشوووی یانەی رۆما کە هاوتیپی فلۆرێنزی بووە، بە هەمان هۆکار لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە و یاریزانەکە لە لێدوانێکیدا ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە و دەڵێت ئەو هیچ گرەوێکی لەسەر یارییەکان نەکردووە.
 
لە ئەگەری ساخ بوونەوەی دۆسێەکە فلۆرێنزی، یاریزانەکە دەبێتە سێیەمین یاریزانی ئیتاڵی لەم وەرزەدا بە هۆکاری قومارکردن سزا بدرێت، لە رابردوودا هەریەکە لە ساندرۆ تۆنالی بۆ ماوەی 10 مانگ و نیکۆلۆ فاگیۆلی بۆ ماوەی 7 مانگ لە یاریکردن سڕ کران دوای ئەوەی هەردوو یاریزانەکە دانیان بەوە دانا لە ماڵپەری نایاسایی گرەویان لەسەر یارییەکان کردووە. 
 
فلۆرێنزی تەمەن 32 ساڵ، ساڵی رابردوو لە یانەی رۆماوە پەیوەندی بە ئەیسی میلان کردوە و لەم وەرزەدا بەشداری لە 13 یاریدا کردوە و هیچ گۆڵ و ئاسیستێکی نییە.