بێکهام دەیەوێت رۆناڵدۆ لە دۆزەخی مان یونایتد رزگاربکات

16-11-2022
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەیڤد بێکهام
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دەیڤد بێکهام، ئەستێرەی پێشووی تۆپی پێی ئینگلتەرا و خاوەنی یانەی ئینتەرمیامی ئەمریکی دەیەوێت کریستیانۆ رۆناڵدۆ بباتە خولی ئەمریکا.

میدیای بەریتانیا و بەدیارییکراوی رۆژنامەی زە سەن دەڵێت " دەیڤد بێکهام گفتوگۆ لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەکات، بۆ ئەوەی یاریزانەکە پەیوەندی بە یانەی ئینتەرمیامییەوە بکات."
 
سەرچاوەکە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، بێکهام لە گفتوگۆکانیدا داوای لە رۆناڵدۆ کردووە پەیوەندی بە یانەکەیەوە بکات و گفتوگۆکانی بە کراوەیی ماونەتەوە."
 
رۆژنامەکە دەڵێت " خستنەڕووی رۆناڵدۆ لە گواستنەوەی زستانی داهاتوودا یان هاوینی داهاتوو بۆ یانەی ئینتەرمیامی هەلێکی زۆر گەورەیە و گرنگییەکی زۆری هەیە."
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە هەڤپەیڤینێکدا هێرشیکردە سەر مانچێستەر یونایتد و گوتی " لە یانەکەدا لە دوای رۆیشتنی فێرگسۆنەوە هیچ شتێک نەگۆڕاوە، تێن هاگ کەسێکی بێرێزە و ماڵباتی گلایزەریش گرنگی بە مانچێستەر یونایتد نادەن، ئەم قسانە و چەندین قسەی دیکەی ئەستێرە پۆرتوگالییەکە کاردانەوەی زۆری بەدواداهات و مانچێستەر یونایتد بیر لە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی یاریزانەکە دەکاتەوە لە گواستنەوەی زستانەدا."
 
بەپێی میدیای بەریتانیا " یاریزانان، تێن هاگ و کارگێڕیی مانچێستەر یونایتد لە رۆناڵدۆ توڕەن و پێیانوایە ئەوەی ئەو گوتوویەتی رێزنەگرتنە لە یانەکە، بۆیە بە ئەگەری زۆرەوە لەرووی داراییەوە رۆناڵدۆ لەلایەن یانەکەوە سزادەدرێت
 
لە دوو رۆژی رابردوودا ناوی رۆناڵدۆ بە چەندین یانەی گەورە بەستراوەتەوە، سەرچاوەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، خۆرخی مێندێز، بەڕێوەبەری کارەکانی رۆناڵدۆ پەیوەندیی بە یانەکانی بایرن میونشن، چێڵسی و نیوکاسل یونایتدەوە کردووە بۆ ئەوەی دەرگاکانیان بە رووی ئەستێرە پۆرتوگالییەکەدا بکەنەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە