سوپەر کلاسیکۆ.. بەرازیل بەبێ نەیمار بەرامبەر ئەرجەنتین و مێسی یاری دەکات

16-11-2021
سه‌فین ته‌ها @safintaha
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

هەڵبژاردەی بەرازیل لە یاریی سوپەر کلاسیکۆدا بەبێ ئامادەبوونی نەیمار داسیلڤا دەبێتە میوانی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین.
 
لە یارییەکانی پاڵاوتنی مۆندیال لە کیشوەری ئەمریکای لاتین، بەرەبەیانی سبەی کاژێر 2:30 هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بە ئامانجی دووبارەکردنەوەی سەرکەوتن بەسەر بەرازیل و پەڕینەوە بەسەر پشتی خاوەنی پلەی یەکەمی ریزبەندیی پاڵاوتنەکەدا، لەسەر یاریگەی بیسێنتیناریۆ لە شاری سان خوان میوانداریی هەڵبژاردەی بەرازیل دەکات.
 
لەم یارییەدا نەیمار داسیلڤای ئەستێرەی یەکەمی هەڵبژاردەی سیلیساو یاری ناکات، ئەمەش دوای ئەوەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیلی لە راگەیێندراوێکی فەرمیدا ئاماژەی بەوەکرد کە نەیمار بەهۆی پێکانەوە لە لیستی یاریزانانی سامبا دوورخراوەتەوە.
 
تیتی، راهێنەری بەرازیل بەر لە یارییەکە گوتیڵ ئەمە یارییەکی مۆندیالییە، یارییەکانی نێوان ئەرجەنتین و بەرازیل هەمیشە لەسەر ئاستی هونەریی و جموجۆڵی تاکەکەسی یەکلادەبنەوە، مێژوویێکی درێژ لەپشتی ئەم یارییەوە هەیە. 
 
نەیمار لە یاریی رابردوودا بەرامبەر بە هەڵبژاردە کۆڵۆمبیا یاریکرد و گۆڵی بردنەوەی دروستکرد، بەڵام لە مەشقەکانی دوێنێ بەیانیی هەڵبژاردەکەدا هەستی بە ئازاری ماسوولەکە کردووە و لەگەڵ تیپەکەدا گەشت ناکات، هەروەها کاسیمیرۆش بەهۆی کارتی زەردەوە بەشداری ئەو یارییە ناکات، تیتی رایگەیاند کە لە شوێنی کاسیمێرۆ، یاری بە فابینیۆی یاریزانی لیڤەرپوول دەکات، جیا لەوەش تیاگۆ سیلڤا یاری ناکات و ئیدێر میلیتاو جێگەی دەگرێتەوە.
 
لەم یارییەدا لیۆنێل مێسی ئامادەیە و بەشێوەی سەرەکی یاری دەکات، دوای ئەوەی لە یاریی رابردوودا بەرامبەر بە ئۆرۆگوای تەنیا 20 خولەک یاریکرد.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە