راهێنەری پێشووی نەسڕ: هیلال نەبووایە زۆر شت دەگۆڕا

 
رووداو دیجیتاڵ

لویس کاسترۆ، راهێنەری پێشووی یانەی نەسڕی سعودی باسی ئەو ماوەیە دەکات کە وەکو راهێنەری یانەکە کاریکردووە و بە کارێکی زۆر قورس ناوی دەبات.
 
کاسترۆ هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ رۆژنامەی مارکای ئیسپانی کردووە و تێیدا دەڵێت "هەمووان پێشبینی ئەوەیان دەکرد، نەسڕ بە بوونی یاریزانانی وەکو رۆناڵدۆ، لاپۆرت، مانێ، برۆزۆڤیچ و ئەوانەی دیکە هەموو نازناوەکان بباتەوە، بەڵام هیلال و ئیتیحادیش هەمان ئامانجیان هەبوو و رکابەرییەکە زۆر بەهێز بوو، وەکو چۆن لە سەرەتادا گوتبووم."
 
راهێنەری پێشووی یانە سعودییەکە زیاتر گوتی "هەستدەکەم ئەگەری هیلال نەبووایە شتەکان زۆر جیاوازتر دەبوون، وەکو چۆن زۆرجار ریال مەدرید بە ئامانجەکانی ناگات، چونکە بارسێلۆنا هەیە و بەپێچەوانەشەوە، دڵخۆشم بەوەی نەسڕ دەستی بە پڕۆژەیەکی نوێ کردووە، دوور لە بردنەوەی نازناوەکان یانەکە لە هەموو روویەکەوە پێشکەوتنی زۆری بەخۆیەوە بینیووە."
 
کاسترۆ ستایشی یانەی هیلال دەکات و دەڵێت "ئەوان خاوەنی میترۆڤیچ، کانسێلۆ، بونۆ، نێڤێز و میلینکۆڤیچ ساڤیچن، ئەوان ناویان چووە نێو پەرتووکی گینس بۆ زۆرترین بردنەوەی لەسەریەک، بەڵام ناکرێت پەنا بۆ ساتێکی دیاریکراو ببەین وەکو لەدەستدانی لێدانی یەکلاکەرەوە لە جامی شادا، دەکرێت سەیری ناوەوە و وردەکارییەکان بکەین، من ویژدانێکی ئارامم هەیە، چونکە هەموو شتێکمان بۆ پێشخستنی تیپەکە."
 
لویس کاسترۆ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی "شتێک لای من روونە، ئێمەی راهێنەران تاوەکو ئەو کاتە لە یانەکانداین، کە دەستەی کارگێڕی بڕیاری پێچەوانە دەدات، بڕیاڕەکە بۆ من چاوەڕواننەکراو بوو، چونکە هەرگیز لە ناوەڕاستی وەرزە نەڕۆیشتووم، بەڵام بیر لەوە ناکەمەوە دادپەروەرانە بوو یان نا."
 
راهێنەری پێشووی نەسڕ لەبارەی کریستیانۆ رۆناڵدۆوە دەڵێت "ئەو لە مەشقەکان و لە یارییکردنیشدا هەمیشە دەیەوێت یاری بکات و ژمارەی پێوانەیی تۆمار بکات، ئەمەیە وا دەکات ئەو هەمیشە دیار بێت و وەکو دیاردەیەک سەیربکرێت."
 
لویس باس لە دۆخی سعودیە دەکات و بە رۆژنامەکەی گوت "رکابەرییەکە لەنێو سعودیە زۆر زەحمەت و بەهێزە، لەکاتێکدا تۆ لەژێر 45 پلەی گەرمی یاری دەکەیت و هەموو وڵاتێک تایبەتمەندیی خۆی هەیە بۆ رکابەریکردن."
 
لویس کاسترۆ لە 6-7-2023 بووە راهێنەری یانەی نەسڕی سعودی، لە 62 یارییدا 44 یاریی بردەوە، 11 جار یەکسانبوو و 7 یاریی دۆڕاند، لە ماوەی کارکردنیدا لەگەڵ ئەو یانەیە تەنیا نازناوی جامی شا سەلمانی بەدەستهێنا و رۆژی 17-9-2024 لە کارەکەی دوورخرایەوە، دوای ئەوەی لە چامپیۆنزلیگی بژاردەی ئاسیادا لەگەڵ یانەی شورتەی عێراقی یەکسانبوو.