رۆژنامەڤانێکی سوێدی: لەسەدا سەد دڵنیام ئێمباپێ تۆمەتبارە بەدەستدرێژیی سێکسی


رووداو دیخیتاڵ

کاترین کرانتز، رۆژنامەڤانی سوێدی لە بەشی پۆلیس و دادوەریی لە رۆژنامەی 'ئێکسپرێسن'ی سوێدی، دەڵێ لەسەدا سەد دڵنیام لەوەی کیلیان ئێمباپێ تۆمەتبارە بە دەستدرێژیی سێکسی.
 
کرانتز لە تەلەڤزیۆنێکی سوێدی دەرکەوتووە، پاشئەوەی ماری بێرناری پارێزەری ئێمباپێ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا دەرکەوت و دووپاتیکردەوە کە کیلیان سەری سووڕماوە لەوەی تۆمەتبارکراوە بەدەستدرێژیی سێکسی، کاتێک بەر لە چەند رۆژێک لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد بووە.
 
ئەو رۆژنامەڤانە کە کارەکەی بەدواداچوونی رۆژنامەڤانییە بۆ دۆسێیەکانی تاوان لای پۆلیس و دادگای سوێدی دەڵێ "من دڵنیام و بەرپرسم لەو قسەیە کە لەسەداسەد، ئێمباپێ تۆمەتبارە بەدەستدرێژیی سێکسی، هیچ گومانم لەوە نییە".
 
ئەو هەروەها دەڵێ، "بێگومان من نازانم ئەو کارەکەی کردووە یان نا، ئەوە کاری داواکاری گشتی و پۆلیسە لە یەکلاکردنەوەی تۆمەتباربوون یان بێتاوانبوونی ئەو، بەڵام من دڵنیام کە تۆمەتەکەی ئاراستەکراوە".
 
رۆژنامەڤانەکە لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی بوونی ناوی کیلیان ئێمباپێوە لەنێو دۆسێی لێکۆڵینەوەکەدا، ئەو دەڵێ، بەڵێ ناوی کیلیان لە سکاڵاکەدا هەیە.
 
دۆسێی گومانکردن لە تێوەگلانی ئێمباپێ لە دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر ئافرەتێک، دوو رۆژ لەمەوپێش سەریهەڵدا، کاتێک میدیای سوێدی رایگەیاند، لەو هوتێلەی ئێمباپێ لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێدی تێیدا ماوەتەوە، ئافرەتێک سکاڵای تۆمارکردووە لەسەرئەوەی رووبەڕووی دەستدرێژیی سێکسی بووەتەوە.
 
وێنەی کیلیان ئێمباپێ لە هەمان شەوی سکاڵاکەی ئافرەتەکەدا لەسەر شەقامێکی ستۆکهۆڵم بڵاوکرایەوە کە دەمامکی بەستووە و وەک سەرچاوەکان گوتیان، لەوکاتەدا بەڕێگاوەبووە بەرەو یانەیەکی شەوانە.
 
کاترین کرانتز زیاتر دەڵێ، "من دۆسێی تۆمەتبارکردن و سکاڵاکەم نەخوێندووەتەوە، بەڵام لەسەدا سەد دڵنیام، کە ئەو کەسە تۆمەتبارکراوەکەیە. ئەوە گرنگە، بەڵام ئێمە دڵنیاین لەوەی بەڵێ ئەو تۆمەتبارە، ناشتوانم ناوی سەرچاوەکەم ئاشکرا بکەم".
 
ئەو هەروەها دەڵێ، "بەڵام من دڵنیام لەوەی کە بەڵێ تۆمەتبارەکە ئەوە، ناوەکەی دەزانم و دەزانم کە ئەو تۆمەتبارە بەدەستدرێژیی سێکسی. بەڵام ناتوانم لەوە زیاتر روونی بکەمەوە چۆن ئەو زانیارییەمان بەدەستهێنا".
 
ئێمباپێ، لە رۆژانی رابردوودا پەیوەندی بەمەشقەکانی هەڵبژاردەی فەرەنساوە نەکرد کە دوو یاریی لە نەیشنسلیگ ئەنجامدەدا. ئەو یاریزانە لە مەدرید مایەوە بۆ درێژەدان بەچارەسەری ئەو پێکانەی پێشتر تووشی بووبوو، ئەوەش ئەوی رووبەڕووی رەخنەی زۆری هاندەرانی فەرەنسا کردەوە و بەنادڵسۆز بۆ هەڵبژاردەی وڵاتەکە ناویانبرد، لە کاتێکدا راهێنەری فەرەنسا بەرگری لە نەهاتنی ئەو بۆ هەڵبژاردەکە کرد.