فەرمی.. تۆخێل بووە راهێنەری ئینگلتەرا

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن تۆماس تۆخێل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

تۆماس تۆخێل، راهێنەری بەنێوبانگی ئەڵمانی، بەشێوەیەکی فەرمی وەکو راهێنەری نوێی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا راگەیێنرا.
 
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئینگلتەرا، لەسەر ماڵپەری فەرمی خۆی گرێبەستکردنی لەگەڵ راهێنەرە ئەڵمانییەکە راگەیاند و نووسیوویەتی "دوای ماوەیەکی سەرنجڕاکێش لەگەڵ چێڵسی و بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگ، جارێکی دیکە تۆخێل دەگەڕێتەوە نێو تۆپی پێی ئینگلتەرا."
 
بەپێی راگەیێنراوی فیدراسیۆنەکە، تۆماس تۆخێل لە رۆژی 1-1-2025 دەست بە کارکردن دەکات وەکو راهێنەری هەڵبژاردەی ئینگلتەرا بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالی 2026.
 
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەو وڵاتە زیاتر نووسیوویەتی "هەفتەی رابردوو بڕیار لەبارەی دەستنیشانکردنی تۆماس تۆخێلەوە درابوو، بەڵام چاوەڕێی تەواو بوونی یارییەکانی هەفتەی فیفا بووین بۆ راگەیاندنی گرێبەستەکەی."
 
لە پۆستی نوێی راهێنەرایەتیکردنیدا لەگەڵ هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، ئەنتۆنی باری هاوکاریی تۆماس تۆخێل دەکات و لە داهاتوویەکی نزیکدا هەردووکیان بەیەکەوە لە سانت جۆرج پارک کار بۆ هەڵبژاردەکە دەکەن.
 
هەرچەند مووچەی راهێنەرەکە لەگەڵ هەڵبژاردەی ئینگلتەرا رانەگەیێنراوە، بەڵام بەپێی هەواڵی میدیای بەریتانیا مووچەکەی لەنێوان 4.5 ملیۆن پاوەند بۆ 5 ملیۆن دەبێت و گرێبەستەکەشی تاوەکو هاوینی 2026 دەبێت.
 
تۆماس تۆخێل، راهێنەری پێشووی یانەکانی بۆرووسیا دۆرتموند، پاریس سانجێرمان، چێڵسی و بایرن میونشن، دەبێتە سێیەم راهێنەری دەرەوەی ئینگلتەرا، راهێنەرایەتی ئەو هەڵبژاردەیە بکات، دوای هەریەکە لە سڤێن گۆران ئێریکسۆنی سوێدی و فابیۆ کاپێلۆی ئیتاڵی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە