تێباس داوای هەڵوەشاندنەوەی مۆندیالی یانەکان دەکات


رووداو دیجیتاڵ

خاڤیێر تێباس، سەرۆکی دەستەی لالیگا، داوای هەڵوەشاندنەوەی مۆندیالی یانەکان دەکات، کە بڕیارە هاوینی داهاتوو لە ئەمریکا ئەنجام بدرێت.
 
وەشانی نوێی مۆندیالی یانەکان، لە ماوەی نێوان 15ی شەش تاوەکو 13ی حەوتی داهاتوو لە ئەمریکا بەڕێوەدەچێت بەبەشداریی 24 یانە لە شەش کیشوەری جیاواز.
 
تێباس لە ئینسیتیوتی یەکێتی یانەکانی ئەورووپا لە برۆکسل، گوتی، "سەرۆکی فیفا، تۆ لە هەمووان باشتر دەزانیت کە مافی پەخشی یارییەکانی مۆندیالی یانەکانت نەفرۆشتووەتەوە و سپۆنسەرت نییە، تۆ دەزانیت کە خولەکان و یەکێتییەکانی تۆپی پێ و یاریزانەکان ئەو پاڵەوانێتییەیان ناوێت، لەبەرئەوە مۆندیالی یانەکان هەڵبوەشێنەوە".
 
هەروەها دەڵێ، "ئەگەر پارەی فیفا بۆ پارەدارکردنی پڕۆژەی مۆندیالی یانەکان بەکاردەهێنیت، لەبەرئەوەی بەڵێنتداوە، تۆ ئەوکات پارەی ئەو شوێنانەی کە فیفا دەبوو بچێت و پەرە بەتۆپی پێ بدات تێیاندا، دەبەیتە ئەو پڕۆژەیە".
 
تێباس زیاتر گوتوویەتی، "ئێمە باسی 1.5 ملیار یۆرۆ دەکەین کە دەبێ لە سندووقی فیفا دەربهێنرێت بۆ ئەو مۆندیالە".
 
پێشتر هەریەکە لە دەستەی لالیگا، یەکێتیی یاریزانە پیشەگەرەکان و دەستەی خولە ئەوروپییەکان کە نوێنەرایەتی 37 فیدراسیۆنی تۆپی پێ دەکات، سکاڵایان لە فیفا تۆمارکرد لە کۆمیسیۆنی ئەورووپا لە برۆکسل، بەهۆی بەدبەکارهێنانی دەسەڵاتەکان لەلایەن فیفاوە بەشێوەیەکی ناڕێک.
 
فیفا پێیوایە کە مۆندیالی یانەکان، کاریگەریی گەورە لەسەر ئاستی یاریزانان و تووشبوونی پێکان لای یاریزانان دروست ناکات وەکئەوەی باسدەکرێت.