پەیامی مێسی لەبارەی وازهێنانی یەکجاری لە یاریکردن

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لیۆنێل مێسی، ئەستێرە و کاپتنی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دڵخۆشیی خۆی بەرامبەر سەرکەوتنەکەیان بەرامبەر بۆلیڤیا پێشاندا و لەبارەی وازهێنانی یەکجاریش لە یارییکردن پەیامی نوێی هەیە.
 
مێسی دوای ئەوەی بەرامبەر بۆلیڤیا هاتریکی تۆمارکرد و سەرکردایەتی تیپەکەی کرد بۆ بردنەوە بە شەش گۆڵی بێبەرامبەر قسەی بۆ رۆژنامەڤان کرد و گوتی "هەستێکی زۆر خۆشم هەیە، کاتێک هاندەران بە ناوی منەوە هاوار دەکەن، دەمەوێت ئامانجەکانم بەدەستبهێنم بۆ ئەوەی لەگەڵ یانەکەم ئەمساڵ بەباشی تەواو بکەین و دەمەوێت هەنگاو بە هەنگاو و رۆژ لە دوای رۆژ بچینە پێشەوە."
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەوەی چ هەستێکی هەیە، دوای زیاتر لە ساڵێک لەنێو خاکی ئەرجەنتین یاری دەکاتەوە؟ مێسی گوتی "هەست بە دڵخۆشییەکی زۆر دەکەم کاتێک لێرە لەبەردەم هاندەران یاری دەکەم، ئێستا چێژێکی زۆر وەردەگرم و لە یەک نزیکبوونەوەیەکی تایبەتمان لەگەڵ هاندەران هەیە، ئەمڕۆ شەوێکی دیکەی جوان بوو، پێموایە ئێمە دەڕۆین و هاندەران دڵخۆشن بەو ئەنجامەی بەدەستمانهێنا و پیرۆزبایی لە هەمووان دەکەم."
 
پرسیاری وازهێنانی یەکجاری لە مێسی کرا، ئەو لە وەڵامدا گوتی "هیچ بەروار و وادەیەکم بۆ ئەوە دیاری نەکردووە، تەنیا دەمەوێت چێژ وەربگرم، ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر بەپەرۆشم بۆ ئەوەی لێرە بم، هەست بە خۆشەویستی خەڵک بکەم، چونکە دەزانم ئەمانە دوایین یارییەکانی منن."
 
لیۆ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بە رۆژنامەڤانانی گوت "سەرەڕای ئەوەی تەمەنم بەرزبووەتەوە، بەڵام چێژ لە دڵخۆشبوونی خۆم وەردەگرم، کاتێک لێرەم هەست بە ئاسوودەیی دەکەم و دەمەوێت بەردەوام ئەو ئاستە بەرزە پێشکێشبکەم کە دەمەوێت و بەردەوام دڵخۆشبم، تیپەکەمان بەرامبەر رووبەڕووی ئاڵنگاری دەبێتەوە و بەسەریدا زاڵ دەبێت، یارییەکەمان بەرامبەر ڤێنزوێلا قورس بوو، بەهۆی ئەو دۆخەی هەبوو، بۆ نموونە ئەنجامدانی گەشتێکی درێژ."
 
کاپتنی باسی چوون بۆ ئینتەرمەیامی دەکات و دەڵێت "بیرۆکەی چوون بۆ مەیامی لەوەوە هات بۆ ئەوەی کارەکان ئاسانتر بن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی گەشتی زۆرەوە تووشی زەحمەتی دەبینەوە، دوای هەموو گەشتێک هەست بە ماندووبوون دەکەم، بەڵام یاریگە هاوکاریمان دەکات بۆ ئەوەی ئەو کارەبکەین کە لەسەری راهاتووین."
 
مێسی لە یارییەکەی بەرامبەر بۆلیڤیا هاتریکی تۆمارکرد و ژمارەی هاتریکەکانی بەدرێسی هەڵبژاردەی ئەرجەنتینەوە گەیاندە 10 هاتریک و بەباشترین یاریزانی یارییەکەش دەستنیشانکرا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە