ڤیدیۆ؛ ئێمباپێ لەنێو دۆخێکی ئاڵۆزدا گەڕایەوە نێو مەشقەکانی ریال مەدرید

 
رووداو دیجیتاڵ

کیلیان ئێمباپێ، لەنێو ئەو دەنگۆ و هەواڵە زۆرانەی لەبارەی یاریزانەکەوە بڵاودەکرێنەوە، گەڕایەوە نێو مەشقە بە کۆمەڵەکانی یانەی ریال مەدرید و خۆی بۆ یارییەکانی داهاتووی یانەکە ئامادەدەکات.
 
لە کاتی بەڕێوەچوونی یارییەکانی هەفتەی فیفا، کیلیان ئێمباپێ چووە ستۆکهۆڵم لە سوێد و لە شەوی یاریی فەرەنسا و ئیسرائیل، لە یەکێک لە یانە شەوانەکان بینرا و وێنەی بڵاوکرایەوە.
 
دوای ئەوە رووداوەکە کاردانەوەی زۆری بەدواداهات و بەشێکی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی سوێد هەواڵی ئەوەیان بڵاوکردەوە، گوایە ئێمباپێ دەستدرێژیی سێکسی کردووەتە سەر خانمێک و لەلایەن خانمەکەوە سکاڵا لە دژی ئەستێرە فەرەنسییەکە تۆمارکراوە.
 
نوێنەر و پارێزەرەکانی کیلیان ئێمباپێ هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەنەوە کە لەبارەی یاریزانەکەوە بڵاوکراونەتەوە و دەڵێن "درۆ و دوورن لە هەموو بەرپرسیارەتییەک و بڵاوکردنەوەیان بەهیچ شێوەیەک جێگەی قبوڵ نییە و ئەوەی بڵاوکراوەتە راست نییە."
 
لە کاژێرەکانی یەکەمی بڵاوکردنەوەی هەواڵەکەشدا، کیلیان ئێمباپێ هەر زوو لە رێگەی سۆشیاڵ میدیاکانییەوە گوتی "درۆیە."
 
ئێمباپێ بەشداریی لە هەردوو یارییەکەی فەرەنسا بەرامبەر ئیسرائیل و بەلجیکا نەکرد، ئێستا خۆی بۆ یارییەکەی رۆژی شەممە ئامادەدەکات کاتێک بەرامبەر سێلتا ڤیگۆ یاری دەکەن.