دەستنیشانکردنی تۆخێل وەکو راهێنەری ئینگلتەرا هەرا دەنێتەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن تۆماس تۆخێل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دەستنیشانکردنی تۆماس تۆخێل، وەکو راهێنەری نوێی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، کاردانەوەی گەورەی لێدەکەوێتەوە و ئەستێرەکانی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، بەلێشاو رەخنە لە دەستنیشانکردنی ئەو راهێنەرە دەگرن.
 
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئینگلتەرا، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەشێوەیەکی فەرمی رایگەیاند، لە 1-1-2025ـەوە تۆماس تۆخێل، وەکو راهێنەری نوێی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا دەستبەکاردەبێت.
 
دوای دەستنیشانکردنی وەکو راهێنەری هەڵبژاردەکە، تۆخێل گوتی "شانازم بەوەی هەلی مەشقدانی هەڵبژاردەی ئینگلتەرام بۆ رەخسا. هەمووکات هەستمکردووە پەیوەندیم لەگەڵ تۆپی پێی وڵاتەکەدا هەیە. هەلی مەشقدانی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا تایبەتمەندییەکی گەورەیە و هاتووم بۆ ئەوەی ئەستێرەی دووەمی مۆندیال بخەمە سەر درێسی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا."
 
مارک بولینگهام، سەرۆکی جێبەجێکاری فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئینگلتەرا دەڵێت "ئیمە ویستمان ستافێکی راهێنەرایەتی دەستنیشانبکەین کە باشترین هەلی بردنەوەی پاڵەوانێتی گەورەمان پێبدات و پێمانوایە ئەمە باشترین ستافە."
 
رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی لەبارەی دەستنیشانکردنی راهێنەرەکەوە بۆ هەڵبژاردەی ئینگلتەرا نووسیوویەتی "ئەمڕۆ رۆژێکی رەشە بۆ هەڵبژاردەی ئینگلتەرا."
 
گاری نیڤێل، بەرگریکاری پێشووی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا دەڵێت "ئێمە خزمەتێکی خراپ بە وەرزشەکەمان دەکەین، پێموایە بەربژێری باشتر هەبوون لەسەر ئاستی ئینگلتەرا و دەکرا ببنە راهێنەری هەڵبژاردەکە."
 
ئەو یاریزانەی پێشووی ئینگلتەرا زیاتر دەڵێت "ئێمە لە دووڕیانێکداین کاتێک باس لە راهێنان دەکەین، راهێنەرانی ئینگلتەرز ناوبانگێکی خراپیان هەیە لەسەر ئاستی ئەورووپا و ئێستا ناسنامەیەکی روونمان نییە."
 
گاری هێشتا گوتی "راهێنەران لە هەموو ئەورووپاوە دێنە ئینگلتەرا و ستایلەکانیان هێناوەتە نێو یارییەکەمانەوە و ئێمەش کۆپیمان کردووە، بەڵام بەڕای من پێویستە ناسنامەیەک تایبەت بە خۆمان هەبێت و رێگە بە گەشەکردنی راهێنەرانی ئینگلیزی بدەین."
 
لەلایەن خۆیەوە ئالان شیرەر، ئەستێرە و گۆڵکاری پێشووی ئینگلتەرا دەڵێت "فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئینگلتەرا زۆر بەخێرایی بڕیاری دەستنیشانکردنی تۆخێلیان داوە، پێموایە لە ترسی ئەوەبوو کە ئەو بەربژێرە بەردەستەیان لە دەست بچێت."
 
شیرەر بە رۆژنامەی دەیلی مەیلی گوت "رەنگە یانەیەک کە ئاست و ئەنجامەکانی باش نین ویستبێت گرێبەستی لەگەڵ بکات، وەکو مانچێستەر یونایتد، کە بەڕاستی کێشەیان هەیە و راهێنەرەکەیان لەژێر گۆشاردایە، فیدراسیۆنی تۆپی پێ دەکرا بیر لە گواردیۆلا، کڵۆپ یان ئیدی هاو بکاتەوە، بۆ ئەوەی گرێبەستیان لەگەڵ بکات.
 
گاری لینکەر، ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، بەهەمان شێوە لە دەستنیشانکردنی تۆخێل ناڕازییە و دەڵێت "دەبووایە متمانە بە لی کارسلی درابووایە، ئەوەندەی من بینیوومە، یاریزانەکان متمانەی زۆریان بەو هەیە."
 
لینکەر زیاتر دەڵێت "ئەو ئەوەندە داهێنەرە دەتوانێت شتێکی خۆش بەرهەم بهێنێت، بۆ سەیکردن و چێژ بینین لە تۆپی پێ، بەڵام ئەوە کاری من نییە خەڵک بۆ ئەو پۆستە هەڵبژێرم."
 
مایکل ئۆێن، هێرشبەری پێشووی ئینگلتەرا و لیڤەرپوول، لە یەک شتدا تێبینی لەسەر دەستنیشانکردنی تۆخێل هەیە و لە ئێکس نووسیوویەتی "دامەزراندنێکی بە کوالێتییە، براوەیەکی شایستەیە و تێگەیشتنێکی زۆری لە تۆپی پێی ئینگلیزی هەیە، تاکە گلەیی من ئەوەیە ئەو ئینگلیزی نییە."
 
تۆماس تۆخێل، گرێبەستەکەی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، تاوەکو هاوینی ساڵی 2026 دەبێت، بەپێی فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکە، ئەرکی نوێی راهێنەرە ئەڵمانییەکە لە سەرەتای ساڵی 2025 دەستپێدەکات.
 
تۆخێل، سێیەم راهێنەرە لە مێژوودا لە دەرەوەی بەریتانیا مەشقی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا بداتەوە، دوای هەریەکە لە سڤێن گۆران ئێرکسۆن، راهێنەری کۆچکردووی سوێدی و فابیۆ کاپێلۆ، راهێنەری بەنێوبانگی ئیتاڵی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە