بڕیار لەبارەی داهاتووی مانچینییەوە دەدرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای یەکسانبوونی سعودیە بەرامبەر بەحرەین و لە دەستدانی دوو خاڵی دیکە لە پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالی 2026، داهاتووی رۆبێرتۆ مانچینی، راهێنەری هەڵبژاردەکە پرسیاری زۆری لەسەرە.
 
دوای ئەو یارییە، یاسر مسەحل، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی سعودیە کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی لەگەڵ رۆبێرتۆ مانچینی کردووە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی خراپیی ئەنجامەکانی هەڵبژاردەی سعودیەوە کراوە.
 
هەرچەند وردەکارییەکانی ئەو کۆبوونەوەیە بەپەلەیە ئاشکرا نەکراون، بەڵام راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی سعودیە دەڵێن "بڕیاری دوورخستنەوەی رۆبێرتۆ مانچینی دراوە و ئەگەری هەیە ئەمڕۆ راهێنەرەکە لە پۆستەکەی دووربخرێتەوە."
 
بەپێی زانیارییەکان لە ئەگەری دوورخستنەوەی راهێنەرە ئیتاڵییەکە لە راهێنەرایەتیکردنی هەڵبژاردەی سعودیە، ساڵح محەممەدی، نزیکترین بەربژێرە بۆ ئەوەی پۆستی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەکە وەربگرێت.

 
سەعد شەهری، راهێنەری پێشووی هەڵبژاردەی ئۆڵیمپی سعودی دەڵێت "بە هەڵسەنگاندن بۆ ئەنجامەکانی مانچینی، بڕیاردان ئاسانە، بەڵام بڕیارەکە بەتەنیا لە دەست فیدراسیۆنی تۆپی پێی سعودیە نییە."
 
دەنگۆی دوورخستنەوەی رۆبێرتۆ مانچینی، لە راهێنەرایەتیکردنی هەڵبژاردەی سعودیە لە کاتێکدایە، هەڵبژاردەکە لە دوای ئەنجامدانی چوار یاری لە قۆناخی سێیەمی پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا تەنیا 5 خاڵی کۆکردووەتەوە و لە پلەی سییەمی ریزبەندی کۆمەڵەی سێیەمە.