هاندەرانی تووڕە مانچێستەر یونایتدیان ترساندووە

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی مانچێستەر یونایتد لە ترسی تووڕەیی هاندەرانی یانەکەیدا هێزێکی زۆری ئاسایش پارێز دەباتە بەردەم یاریگەی یانەکەی.
 
یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی هێزێکی ئاسایش پارێزی زۆر دەباتە بەردەم یاریگەی ئۆڵترافۆرد، کاتێک یارییەکەی بەرامبەر یانەی کۆپێنهاگن لە چامپیۆنزلیگدا ئەنجامدەدات، بۆ ئەوەی خۆی لە گوشاری هاندەرانی تووڕەی یانەکە بپارێزێت، دوای ئەوەی ماڵباتی گلایزەر رازی نەبوون دەستبەرداری یانەکە ببن و شێخ جاسم بن حەمەد، سەرمایەداری قەتەری بە ملیاران پاوەند یانەکە بکڕێتەوە.
 
یانەی مانچێستەر یونایتد ماوەیەکی زۆرە هاندەرانی یانەکە، لە بارودۆخی خراپی یانەکەیان ناڕازین و پێیانوایە دوای ئەو هەموو ساڵە ئیدی کاتی ئەوەیە ماڵباتی گلایزەر، دەستبەرداری یانەکە ببێت.
 
لە ماوەی رابردوودا شێخ جاسم بن حەمەد، سەرمایەداری قەتەری ئامادەیی خۆی پێشاندا بۆ ئەوەی سەرجەم پشکەکانی یانەکە بکڕێتەوە، بۆ ئەوەش رکابەریی لەگەڵ جیم راتکلێف، ملیاردێری بەریتانی دەکرد، بەڵام لە کۆتاییدا دوو رۆژ لەمەوبەر ملیاردێرە قەتەرییەکە بڕیارییدا لە رکابەریکردن لەسەر کڕینەوەی یانەکە بکشێتەوە.
 
میدیای بەریتانیا دەڵێت "شێخ جاسم دەستەوارەیەکی بە 8 ملیار پاوەند خستە بەردەم ماڵباتی گلایزەر، بەڵام ئەوان ئامادەنەبوون دەستبەرداری یانەکە ببن، بۆیە بڕیارییدا لە پرۆسەی رکابەریکردن لەسەر بەدەستهێنانی یانەکە بکشێتەوە."
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، جیم راتکلێف، 25٪ـی پشکەکانی یانەکە دەکڕێتەوە و لایەنی وەرزشیی مان یونایتد لەلایەن ئەو ملیاردێرە بەریتانییەوە بەڕێوەدەبرێت.
 
رۆژی 24ـی ئەم مانگە، لە رکابەرییەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپادا، یانەی مانچێستەر یونایتد لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا میوانداریی یانەی کۆپێنهاگنی دانیمارکی دەکات.