یۆنانییەکان هەڕەشە لە خەونی گەورەیەکی ئەوروپا دەکەن


رووداو دیجیتاڵ

دوای دەرکەوتنی ناوی ژمارەیەک لەو هەڵبژاردانەی سەرکەوتنیان بۆ یۆرۆی داهاتوو مسۆگەرکرد، هۆڵەندییەکان یەکێکی دیکە دەبن لە هەڵبژاردە خاوەن ناوەکانی ئەوروپا کە دەیانەوێت هەمان هەنگاو هەڵبنێنەوە، بەڵام پاڵەوانی یۆرۆی 2004، بەئاسانی رێگەی نادات رێگەی بەرەو بەرلین بگرێتە بەر.
 
لە کۆمەڵەی دووەمی پاڵاوتنەکاندا و پاش بەدەستهێنانی بلیتی یەکەمی کۆمەڵەکە لەلایەن فەرەنساوە، یۆنانی دووەمی کۆمەڵەکە و هۆڵەندای سێیەمی ریزبەندی کۆمەڵەکە، لە جەنگێکی قورسدا دەبن، لەپێناو مسۆگەرکردنی بلیتی دووەمی راستەوخۆی کۆمەڵەکە کە دەگاتە یۆرۆ.
 
هۆڵەندا ئەگەرچی یارییەکی کەمتر لە یۆنانی ئەنجامداوە، بەڵام شکستی لە گەڕی پێشووی پاڵاوتنەکاندا بەرامبەر فەرەنسا، لەلایەک فەرەنسای راستەوخۆ گەیاندە یۆرۆ، لە لایەکی دیکەوە بارودۆخ و چارەنووسی هۆڵەندای بەپشێوییەکی زۆر گەیاند و هەر ئەوەش وایکرد راهێنەری هەڵبژاردەکە بەکەمێک رەشبینییەوە باسی دۆخی تیپەکەی بکات.
 
 
رۆناڵد کومان، راهێنەری هەڵبژاردەی هۆڵەندا لەبارەی یارییەکەوە دەڵێ: "ئێمە دەبێ یارییەکەی ئەمجارەمان ببەینەوە و خاڵەکانی بەدەست بهێنین، ئەگەر ئەوە نەکەین، ئەوکات لە گەڕی کۆتایی پاڵاوتنەکاندا دۆخەکە زۆر شپرزە دەبێت. من هەندێک شتی پۆزەتیڤم لە یارییەکەی فەرەنسادا بینی، هەر بۆیە دەکرێ پێشبینی ئەوە بکەین کە بگەینە ئەنجامی باشتر".
 
هۆڵەندا کە ساڵانێکی زۆرە بەدەست بێئەنجامی و نەگەیشتن بە سەکۆی نازناوەکانەوە دەناڵێنێت و ناتوانێ خۆی وەک گەورەیەکی ئەوروپا پێشان بداتەوە، لە پاڵاوتنەکانی ئەمجارەدا پێشانیدا کە توانای ململانێ لەگەڵ گەورەکانی کیشوەرەکەی نییە و شکست بەرامبەر فەرەنسا لە دوا یاریی پاڵاوتنەکان، هەمووانی هێناوەتە سەر ئەو باوەڕەی ئێستا هۆڵەندا لەبەردەم مەترسییەکی زۆردایە و دوورنییە ئاشە هەواییەکەی، ئەمجارە لەسەر خاکی ئەڵمانیا، باش نەگەڕێت.
 
ڤێرجل ڤان دایک یاریزانی هەڵبژاردەی هۆڵەندا، دوای یارییەکەی پێشووی هەڵبژاردەکەی گوتی، "روونە کە ئێمە لە تەنگژەیەکی گەورەداین، هەموومان هەست بەوە دەکەین. هەرلەبەرئەوە بەڵێ دەبێ باش خۆمان رێکبخەینەوە، چونکە دەزانین یارییەکەمان لە ئەسینا زۆر قورسە، ئێمە دەبێ لەپێناو سێ خاڵی یارییەکەدا، ئەمە گرنگترین شتە".
 
هەڵبژاردەی یۆنان لەسەرەتای پاڵاوتنەکاندا باش دەستیپێکرد کاتێک شکستی بە گیبرالتار و ئێرلەندا هێنا، بەڵام یارییەکانی گەڕی سێیەم و چوارەم هەڕەشەیان لەسەر چارەنووسی هەڵبژاردەکە دروستکرد کاتێک فەرەنسا و هۆڵەندای رکابەرانی راستەوخۆی شکستیان پێهێنا، بەڵام لە دوو یاریی دواتردا جارێکی دیکە لە گیبرالتار و ئێرلەندای بردەوە و بەوەش ئومێدی خۆی بۆ پەڕینەوە بەرەو یۆرۆ بەزیندوویی هێشتەوە.
 
دوا دوو یاریی یۆنان لە پاڵاوتنەکان بەرامبەر هۆڵەندا و فەرەنسا دەبێت و بۆ خۆپاراستن لە هەر لێکدانەوەیەکی ئاڵۆز و ‌هەڕەشە دروستبوون لەسەر خەونی یۆنانییەکان بۆ گەیشتن بە یۆرۆ، دەبێ هەڵبژاردەکە ئەمشەو تەنیا یەک خاڵ بەئامانج بگرێت، ئەویش سەرکەوتنە بەسەر هۆڵەندادا.