رووداو دیجیتاڵ
چاڤی هێرناندێزی راهێنەری یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، هەست بەجۆرێک سەرلێشێوان دەکات، بەهۆی ناڕوونیی وادەی گەڕانەوەی ژمارەیەکی زۆری یاریزانە پێکراوەکانی یانەکەی، پاشئەوەی گەڕی ئەمجارەی یارییە نێودەوڵەتییەکان کۆتاییان دێت.
میدیای ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، چاڤی ئەمڕۆ دووشەممە دەگەڕێتەوە سەرکار لە شاری وەرزشیی بارسێلۆنا، ئامادەکارییەکان بۆ یاریی داهاتووی یانەکەی دەکات بەرامبەر ئاتلێتیک بیلباو لە خولی ئیسپانیا، بەڵام تاوەکو ئێستا زانیاری و هەواڵی لەسەداسەدی لەبارەی هەڵوێستی یاریزانە پێکراوەکانی لەبەردەستدا نییە.
میدیاکان دەڵێن، "ناڕوونیی لە دۆخی ژمارەیەک یاریزاندا هەیە، لامین یامال لە هەمووان زیاتر هەلی گەڕانەوەی بۆ یاریگە هەیە، بەرلە یارییەکەی ئاتلێتیک بیلباو، بەڵام ئەوانیدیکە دۆخیان ناڕوونە".
یامال لە یاریی رابردووی تیپەکە بەرامبەر گرانادا دووچاری پێکان بووە و بەهۆیەوە بەشداریی یارییەکانی هەڵبژاردەی ئیسپانیای لە پاڵاوتنەکانی یۆرۆدا نەکردووە.
بەپێی سەرچاوەکان "ئەلیخاندرۆ باڵدی کە هەست بەئازار دەکات لە رانیدا، یەکێکە لەو یاریزانانەی چاڤی هیچ لەبارەی دۆخیەوە نازانێت، چونکە روون نییە بۆ یارییەکەی ئاتلێتیک بیلباو ئامادە دەبێت یان نا، بەڵام بەدڵنیاییەوە بۆ یارییەکەی شاختار لە چامپیۆنزلیگ، ئامادە دەبێت".
ئەو سەرچاوانە روونیدەکەنەوە کە "چارەنووسی پێدری پەیوەستە بە پشکنینی پزیشکیی نوێ بۆ ئەو یاریزانە کە ئەم هەفتەیە ئەنجامدەدرێت، لە کاتێکدا رافینیا بەدڵنیاییەوە بەشداریی دوو یاریی داهاتووی بارسێلۆنا ناکات، بەڵام روون نییە بۆ کلاسیکۆ ئامادە دەبێت یان نا".
لەبارەی چارەنووسی پێکانەکەی دی یۆنگەوە، سەرچاوەکان دەڵێن ئەو یاریزانە ئەمڕۆ دووشەممە، نەشتەرگەری بۆ لابردنی راگری پاژنەی ئەنجامدەدات، دوای ئەوەی سێ هەفتە لەمەوپێش لەلایەن پزیشکانەوە بۆ پاژنەی راستی ئەو یاریزانە دانرابوو بۆ چارەسەری پێکانەکەی.
ئەوەی ئامادەبوون یان نەبوونی دی یۆنگ بۆ کلاسیکۆ یەکلادەکاتەوە، ئەوەیە ئایا ئەو یاریزانە لە رۆژانی داهاتوودا و پاش ئەو نەشتەرگەرییە هەست بەئازار دەکات یان نا.
هەرچی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی هێرشبەری یانەکەیە چارەنووسی بۆ یارییەکەی ریال مەدرید روون نییە.
لەبارەی ژوول کوندێوە، میدیاکان دەڵێن بەدڵنیاییەوە بۆ یاریی کلاسیکۆ ئامادە نابێت، چونکە پێکانەکەی لە بەستەری لاتەنیشتی ناوەوەی ئەژنۆیدایە و ئەگەر بەپێی پێشبینی پزیشکەکان چاکبوونەوەکەی بەردەوام بێت، بۆ یارییەکەی دوای کلاسیکۆ کە بەرامبەر ریال سۆسیێداد دەبێت، ئەو یاریزانە دەگەڕێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ