ئەو هەڵبژاردانەی بە شایستەیی گەیشتوونەتە یۆرۆی 2024

16-10-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن پاڵاوتنەکانی یۆرۆی 2024 هەڵبژاردەی پۆرتوگال هەڵبژاردەی فەرەنسا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

ئیسپانیا وەک هەڵبژاردەیەکی ئەپدەیت و تینوو بۆ درەوشانەوە، بووە یەکێکی دیکە لەو هەڵبژاردانەی سەرکەوتنی بۆ یۆرۆی داهاتوو لە ئەڵمانیا مسۆگەرکرد.
 
ئیسپانییەکان کە لە دوای لویس ئینریکێوە متمانەیان بەخشییە لویس دی لافوێنتێی راهێنەری ئەزمووندار لەگەڵ هەڵبژاردە تەمەن جیاوازەکانی ئیسپانیا، جارێکی دیکە بەبژاردەی ئەو راهێنەرە دڵخۆشبوونەوە پاشئەوەی بۆ یەکەمجار لە مێژوویاندا، ئەو راهێنەرە پێشەوایەتی لارۆخای بۆ کردن بۆ بەدەستهێنانی نازناوی نەیشنسلیگ لە هاوینی ئەمساڵدا.
 
ئیسپانیا گەرچی کاروانی پاڵاوتنەکانی یۆرۆی لە گەڕی دووەمدا بە شکست بەرامبەر سکۆتلەندا، مایەی دڵخۆشیی هاندەرەکانی نەبوو، بەڵام دی لافوێنتێ زوو جڵەوی کارەکەی گرتەوە دەست و چوار بردنەوەی بەسەریەکەوە کە دوایەمینیان بەرامبەر نەرویج بوو، ئیسپانیای گەیاندە یۆرۆی 2024.
 
لویس دی لافوێنتێ، راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا، لەو بارەیەوە دەڵێت "ئێمە زۆر دڵخۆشین بەگەیشتنمان و دەتوانین لە کەشی گشتیی ژووری جلگۆڕیندا خۆشییەکە ببینی. بەڵام من زیاتر بەوە دڵخۆشم کە ئاستی هەڵبژاردەکەمان باشتر بووە. ئێمە پێشانماندا کە هەڵبژاردەکەمان وەک یەکەیەکی یەکگرتوو یارییدەکات و پەیوەندی بەهێز لە نێوان یاریزانەکانیدا هەیە و ئەم هەڵبژاردەیە بۆ داهاتوو، ئومێدی زۆری لەسەر دروست دەبێت. یاریزانەکان توانای زۆریان بەخەرجدا و شایستەی سەرکەوتن و چێژوەرگرتن لەو ساتەی سەرکەوتنین".
 
لەگەڵ ئیسپانیادا، سکۆتلەنداش بلیتی دووەمی کۆمەڵەکەی مسۆگەرکرد و خۆی گەیاندە یۆرۆ و هەردوو هەڵبژاردە نەرویج و ئەستێرەیەکی گەورەی وەک ئێرلینگ هالاندیان بۆ چارەنووسێکی نادیار و ئەگەری نەگەیشتن بەیۆرۆ بەجێهێشت.
 
فەرەنسا هەڵبژاردەیەکی دیکەی سەرکەوتووبوو بۆ یۆرۆ. فەرەنسا کە لەگەڵ دیدێ دیشامی راهێنەر و بەپشتبەستن بە ژمارەیەکی زۆری یاریزانی لێهاتوو و کاریگەر، بلیتی یەکەمی کۆمەڵەی دووەمی مسۆگەرکرد و بەوەش گەیشتە یۆرۆ.
 
فەرەنسییەکان چەندە خۆیان وەک زەبەلاحێکی ئەوروپا و جیهان لە پاڵاوتنەکاندا پێشاندایەوە، وەک تاکیش دووپاتیان لەوە کردەوە کیلیان ئێمباپی دەکرێ ئەو ئەستێرەیە بێت بۆ ساڵانی دووری داهاتووش، دەنگی کەڵەشێرەکانی فەرەنسا بۆ قووقاندنێکی دیکە بەسەر جیهاندا ئاوازدارتر بکاتەوە.
 
دیدێ دیشام، راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا، دەڵێت "بەڵێ ئێمە سەرکەوتین، بەڵام سەرکەوتنەکەمان ئاسان نەبوو. ئێمە شەش سەرکەوتنمان بەدەستهێنا. پێموایە سیانزە گۆڵمان تۆمارکرد. بەداخەوە کە گۆڵێکمان لێکرا، بەڵام پێموایە هێشتا دەتوانین باشتر بین و من شانازیی زۆر بەوە دەکەم کە یاریزانەکان بەدەستیان هێنا".
 
لە کۆمەڵەی چوارەمی پاڵاوتنەکاندا، هەڵبژاردەی تورکیا وەک سوپرایزێک دەرکەوت و لە نێو کۆمەڵەیەکدا کە کرواتیای سێیەمی جیهان و وێڵزی تێدابوو، توانی بەشایستەیی بلیتی یەکەمی کۆمەڵەکە مسۆگەر بکات. لە کاتێکدا رکابەرەکانی بۆ گەڕان بەدوای هەلێکی دیکەی سەرکەوتندا بەجێهێشت.
 
دوو هەڵبژاردەی دیکە، لە پاڵاوتنەکاندا سەرنجڕاکێش و کاریگەر دەرکەوتن، لە کاتێکدا هەردووکیان لەگەڵ راهێنەری نوێدا درێژەیان بەکاروانی پاڵاوتنەکاندا. پۆرتوگال کە یەکەم هەڵبژاردەبوو گەیشتن بەیۆرۆی مسۆگەرکرد، لەگەڵ مارتینێزی راهێنەردا، هەڵسانەوەیەکی گەورەی پێشاندا و سوودی زۆری لە درەوشانەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ وەرگرت.
 
بەلجیکییەکان لە دوای جارێکی دیکە بێئومێدبوون لە جامی جیهانیدا، ئەرکە گەورەکەیان بە دۆمینیکۆ تێدێسکۆی ئیتاڵی بەخشی و ئەو راهێنەرە، وێڕای بێبەشبوون لە تواناکانی دیبرۆین بۆ ماوەیەکی زۆر بەهۆی پێکانەوە لە پاڵاوتنەکان، بەبێ دۆڕان بەلجیکای گەیاندە یۆرۆی داهاتوو.
 
دۆمینیکۆ تێدێسکۆ، راهێنەری هەڵبژاردەی بەلجیکا، بەدڵخۆشییەوە دەڵێت "ئامانجێکی زۆر گەورەی خۆمان بەدەستهێنا، ئەگەر لەبیرتان بێت پێش شەش مانگ دۆخمان زۆر جیاواز بوو، لەبەرئەوە ئەرکەکە ئاسان نەبوو. ئێمە دەبوو گۆڕانکاری بکەین، دەبوو یاریزانی نوێ بانگهێشت بکەین. دەبوو تیپێکی نوێ دروستبکەین کە یاریزانانی نەوەی نوێی تێدابێت، چونکە هەندێک یاریزانمان وازیان هێنا و ئەوەش ئەرکەکەی ئێمەی قورستر کرد، ئێستا ئێمە لە یۆرۆی 2024 و بەوە زۆر دڵخۆشین، ئەمە کارێکی ئاسایی نییە و ئاسانیش نییە، من شانازیی بە تیمەکەوە دەکەم".
 
یۆرۆی داهاتوو دڵخۆشە بەوەی ژمارەیەک هەڵبژاردەی گەورە بەشدارییان لە پاڵەوانێتییەکەدا مسۆگەرکردووە. بۆ پاڵەوانێتییەکە و ئاستەکەی کە یەکەمجارە بەشداریی 24 هەڵبژاردە بەخۆوە دەبینێت، گرنگ دەبێت ئەگەر گەورەکانی دیکەی کیشوەرەکە، هەمان ئامادەیی دووپات بکەنەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە