لێدوانی کڵۆپ و گواردیۆلا لەبارەی یارییەکەی نێوانیان

16-10-2022
ئیحسان تاهیر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

ئەمڕۆ کاژێر 18:30 بە کاتی باشووری کوردستان، یاریی لووتکەی گەڕی 11ـی پرێمەرلیگ لەسەر یاریگەی ئانفێڵد بەڕێوەدەچێت، کاتێک لیڤەرپوول میوانداری مانچێستەر سیتی دەکات.
 
راهێنەرانی هەردوو یانە، لەبارەی یارییەکەوە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی ەبر لە یارییەکەدا، قسەیان بۆ رۆژنامەڤانان کردووە، کە بەمشێوەیە بوو:
 
یۆرگن کلۆپ، راهێنەری یانەی لیڤەرپوول:
 
کەس ناتوانێت رکابەری مانچێستەر سیتی بکات. تۆ باشترین تیپی جیهانت هەیە و باشترین هێرشبەرت هەیە کە لە بازاڕدا بەردەستبوو، هەرچییەک پێویست بێت، ئەوان دەیکەن. دەزانم ئەوان لە مانچێستەر سیتی ئەوەی من دەیڵێم بەدڵیان نابێت. پرسیارێک دەکەیت لە کاتێکدا وەڵامەکەی دەزانیت. بەڵام لیڤەرپوول چی دەکات؟ ئێمە ناتوانین لەگەڵیان بەردەوام بین، ناکرێ، ناکرێ. روونە و دیسانەوە وەڵامەکەی دەزانیت. لە جیهاندا سێ یانە هەن کە دەتوانن لە رووی داراییەوە هەرچییەک بیانەوێت بیکەن. یاساییە و هەموو شتێک باشە، بەڵام دەتوانن هەر شتێکیان پێ خۆش بێت بیکەن. بەڵام ئێمە لە لیڤەرپوول دەبێت سەیری پێداویستییەکانمان بکەین و دواتر دەبێت سەیری تواناکانمان بکەین و هەوڵبدەین یاریزانی گەنج بگوازینەوە، کە توانای ئەوەیان هەیە باشتربن. ئەوە لە کاتێکدا دەیکەین کە دەبێت رکابەرییان بکەین. دەبێت بزانیت کە ئەم دۆخە مامەڵەی لەگەڵدا ناکرێت و بەو شێوەیە دەبێت. ئێستا گوێم لێبووە کە لە نیوکاسڵ هیچ بنمیچێک بۆ خواست و ئاواتەکانیان نابێت، بەڵێ پێتدەڵێم راستە، بەڕاستی راست دەکەن. هیچ بنمیچێک لە نیوکاسڵدا نییە. بەڵام هەندێک یانەی دیکە بنمیچ و سنووریان هەیە.
 
 
پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی:
 
هەمیشە یاریکردن لە ئانفێڵد سەختە. لەم ساڵانەدا بەو شێوەیە بووە کە پێکەوە گەیشتینە ئێرە، یارییەکی زۆر سەختە. هیچ شتێکی دیکەی تایبەت نییە.
 
سەبارەت بە محەممەد سەڵاح و هالاند؟ ئەم جۆرە یاریزانانە هەمیشە لە ژیانی پیشەگەری خۆیاندا گۆڵ تۆماردەکەن، بەردەوام گۆڵ تۆماردەکەن، هەندێکجار کەمێک کێشەیان هەیە، چونکە تیپەکە لە باشترین ئاستی خۆیدا نییە، بەڵام کوالیتییەکەی لەوێیە بۆیە هەردوو یاریزانەکە ئەگەر نیو دەرفەتیان هەبێت دەتوانن گۆڵ بکەن، بۆیە زۆر باشن، بەڵێ، سەڵاح لە دوایین یارییدا سێ گۆڵی تۆمارکرد لە هیچەوە، پێویست نییە، من هەمیشە پێش ئەوەی بەرامبەر لیڤەرپوول یاری بکەین، گوتوومە سەڵاح هەمیشە گۆڵ تۆماردەکات، گۆڵ تۆمار دەکات، ئێمەش ئەوە دەزانین.
 
سەبارەت بە هالاندیش کە ئایا 50 گۆڵ لەم وەرزەدا دەکات، نازانم، بۆ هاری کەینیش هەمان شتە، ئەو هەوڵدەدات بەرامبەر لیڤەرپوول گۆڵێک تۆماربکات، لە کۆتاییشدا دەیبینین، ئەگەر بەم خێراییە بەردەوام بێت لە یاریکردن گۆڵێکی زۆر تۆماردەکات، بەڵام نازانم.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە