شۆڕشەکەی کۆنتی لە ناپۆلی دەنگدەداتەوە

13 کاژێر له‌مه‌وپێش
دیاری حەسەن
نیشانەکردن ئانتۆنیۆ کۆنتی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی ناپۆلی بە سەرکردایەتی ئانتۆنیۆ کۆنتی، پێچەوانەی پێشبینییەکان پێشەنگی سیری ئا دەگرێتەوە و سەرنجی هەمووان رادەکێشێت.
 
ناپۆلی، ئەو یانەیەی دوو ساڵ لەمەوبەر بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش نازناوی خولی ئیتاڵیای بەدەستهێنا و دوای سی و سێ ساڵ، بووەوە پاڵەوانی سێری ئا. تیپەکەی ئەو کاتەی سپالێتی، رووخسارێکی نوێی جوانی تۆپی پێی ئیتاڵی پیشانی جیهان دا. لە وەرزی رابردوودا قۆناخێکی پڕاوپڕ لە کێشە و گرفتی هەبوو، یانەکە چەندین راهێنەری گۆڕی و لە کۆتاییدا پلەی دەیەمی ریزبەندی خولەکەی بەدەستهێنایەوە.
 
وەرزی رابردووی ناپۆلی، وەرزی گۆڕینی راهێنەران و دوورخستنەوەیان بوو لە یانەکە. ناپۆلی دوای ئەوەی سپالێتی یانەکەی بەجێهێشت و رۆدی گارسیا ئەرکی بەڕێوەبردنی یانەکەی گرتە ئەستۆ، ئاستی یانەکە بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزی، ئەو دابەزینی ئاستەش وایکرد گارسیا لە یانەکە دووربخرێتەوە.
 
پاش رۆدی گارسیا، والتەر مازاری بووە راهێنەری یانەکە، بەڵام ئەویش نەیتوانی برینەکانی چارەسەر بکات و دوای ماوەیەک لە ئەرکی راهێنەرایەتی دوورخرایەوە، دوای ئەویش فرانسیسکۆ کالزۆنا، بەشێوەیەکی کاتی تا کۆتایی وەرز، ئەرکی راهێنەرایەتی یانەکەی لە ئەستۆدا بوو، ئەم گۆڕانکارییانە وایکرد یانەکە هیچ بەشدارییەکی ئەورووپی نەبێت بۆ ئەم وەرزە.
 
ئەم وەرزە، ئەرکی رێکخستنەوەی تیپەکە و هەڵساندنەوەی ناپۆلی لەلایەن ئانتۆنیۆ کۆنتیی ئیتاڵییەوە وەرگیرا. ئەو راهێنەرە ئیتاڵییە هەر زوو کاری لەسەر ئەوە کرد کێشەکانی وەرزی رابردووی یانەکە چارەسەر بکات و یانەی ناپۆلی بگەڕێنێتەوە رێچکەی سەرکەوتنەکان.
 
ئەو ئەرکە قورستر بوو کاتێک ئەستێرەی یانەکە، ڤیکتۆر ئۆسیمین بڕیاریدا یانەکە جێبهێڵێت و کۆمەڵێک کێشە و ناڕوونی لەسەر بابەتی گواستنەوەکەی دروستبوو. لە کۆتاییدا یانەکە بڕیاری سزادانی ئۆسیمینیدا بەدوورخستنەوەی لە پێکهاتەیە تیپەکە، بەڵام ئەو یاریزانە لە کۆتاییدا روویکردە یانەی گاڵاتەسەرای تورکی بەشێوەی خواستن.
 
گۆڕانکاریی گەورەی کۆنتی لە ناپۆلیدا، گرێبەستکردن بوو لەگەڵ رۆمیلۆ لوکاکۆی ئەستێرەی بەلجیکی. ئەوە سێیەمجارە، کۆنتی بە لوکاکۆ شاد دەبێتەوە و لەگەڵیدا کاردەکات، پێشتر کۆنتی لە یانەکانی چێڵسی و ئینتەرمیلانیش لەگەڵ هەمان هێرشبەردا کاریکردووە.
 
جیا لە هاتنی لوکاکۆ، ناپۆلی هەریەکە لە سکۆت ماکتۆمینای، دایڤید نێرێس، بیلی گیلمۆر، سپینازۆلا و رافا مارینی گواستەوە ریزەکانی خۆی.
 
سەرەڕای هێنانی ئەو یاریزانانە، یانەی ناپۆلی لە یەکەم یاری ئەم وەرزەدا لەلایەن یانەی هێلاس ڤیرۆناوە شۆککرا و بە 3 گۆڵی بێبەرامبەر لە دەرەوەی یاریگەی خۆی دۆڕا.
 
بەڵام کۆنتی بەردەوام بوو لەسەر پڕۆژە سەرسوڕهێنەرەکەی و لە گەڕی دووەمدا بە ئەنجامی 3-0 لە بۆڵۆنیای بردەوە، بەردەوام بوو لەسەر گەڕانەوەکەی و لە گەڕی سێیەمدا بە ئەنجامی 2-1 لە پارمای بردەوە.
 
ئەو یانەیە لە گەڕی چوارەمی سێری ئادا و لە دەرەوەی یاریگەی خۆی، بە چوار گۆڵی بێبەرامبەر سەرکەوت بەسەر یانەی کالیاری و بە کۆکردنەوەی 9 خاڵ، پێشەنگی ریزبەندی خولی ئیتاڵی گرتەوە.
 
یانەی ناپۆلی لە چوار یاریدا 9 گۆڵی تۆمارکردووە، هاوشانی دوو زلهێزەکەی میلان، زۆرترین ژمارەی گۆڵە لەم وەرزەی خولی ئیتاڵی هەیە.
 
دایڤید نێرێس، ئەستێرەی بەرازیلیی یانەکە، بە 3 ئەسیست، ریزبەندی یەکەمی باشترین ئەسیستکارەکانی خولەکەی گرتووە و رۆمێلۆ لوکاکۆ لە پلەی دووەمی ئەو ریزبەندییە دێت.
 
سەرەڕای ئەو دەستپێکە نایابەی یانەکە، ئاستی راستەقینەی ناپۆلی لە گەڕی داهاتوودا روونتر دەردەکەوێت، کاتێک لە دەرەوەی یاریگەی خۆی رووبەڕووی یانەی یوڤێنتوس دەبێتەوە، ئەو یوڤێنتوسەی لەگەڵ تیاگۆ مۆتا تاوەکو ئێستا هیچ گۆڵێکی لێ تۆمار نەکراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە