سبەی تیروپشکی وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراقە
رووداو دێجیتاڵ
یەکێتی تۆپی پێی عێراق، سبەی سێشەممە، تیروپشکی وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق ئەنجامدەدات، کە 20 یانە رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی نازناوەکەی دەکەن.
غالب ئەلزاملی، ئەندامی یەکێتی تۆپی پێی عێراق بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، سبەی تیروپشکەکە، بەئامادەبوونی نوێنەری سەرجەم یانە بەشدارەکانی خولەکە ئەنجامدەدرێت و بڕیارە رۆژی هەینی داهاتوو رکابەرییەکانی وەرزەکە دەستپێبکات.
ئەو ئەندامەی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق ئاشکرایکردووە، لە رۆژانی داهاتوودا گرێبەست لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی گەورە ئەنجامدەدرێت، بۆ دابینکردنی جلوبەرگی تایبەت بەناوبژیوانانی خولەکە، تۆپی خولەکە و چەندین کەلوپەلی دیکە.
بەپێی قسەکانی زاملی، وەرزی ئەمساڵی خولەکە بە دوو قۆناخ بەڕێوەدەچێت، هەر یانەیەک دوو جار رووبەڕووی هەر رکابەرێکی دەبێتەوە، جارێک لە نێو یاریگەی خۆی و جارێکیش لە دەرەوەی یاریگەی خۆی و پاڵەوانی خولەکەش بەپێی ئەو خاڵانەی کۆیدەکاتەوە دیاریدەکرێت.
ئەمساڵیش هاوشێوەی وەرزی رابردوو، چوار یانەی باشووری کوردستان لە خولی ئەستێرەکانی عێراق بەشدارن کە بریتین لە یانەکانی هەولێر، دهۆک، زاخۆ و نەورۆز.
یەکێتیی تۆپی پێی عێراق بڕیاریداوە ئاهەنگی دەستپێکردن و یەکەم یاریی وەرزی ئەمساڵی خولی ئەستێرەکانی عێراق، لە شاری دهۆک و لە نێو یاریگەی ئەو یانەیە، رۆژی هەینی ئەنجام بدرێت.
یانەی شورتە، وەرزی رابردوو بووە پاڵەوانی خولەکە بەکۆکردنەوەی 87 خاڵ و یانەی جەوییەش پلەی دووەمی ریزبەندییەکەی بەدەستهێنا.