نەیمار بۆ ڤینی و رۆدریگۆ: یارییکردن لەگەڵ ئێمباپێ دۆزەخە


رووداو دیجیتاڵ

نەیمار داسێلڤای ئەستێرەی یانەی هیلالی سعودی، ئامۆژگاریی هاوڕێ بەرازیلییەکانی کردووە لە ریال مەدرید و هۆشداریی داونەتێ لەبارەی یارییکردن لە یەک تیپدا لەگەڵ ئێمباپێ و بە دۆزەخ ناویبردووە.
 
نەیماری 32 ساڵ، کە ماوەی شەش ساڵ لەگەڵ کیلیان ئێمباپێ لە پاریس سانجێرمان بووە، پەیوەندییەکی خۆشی لەگەڵ کیلیاندا نەبوو، پێشتر لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی پەیوەندی خۆی و کیلیانەوە ناونابوو پەیوەندییەکی ناسەقامگیر.
 
ئەو دووانەیە لە پاریس سانجێرمان 136 یارییان پێکەوە ئەنجامداوە، بەرلەوەی لە 2023دا نەیمار رووبکاتە خولی سعودی و کیلیانیش رووی لە ریال مەدریدی ئیسپانی کرد.
 
رادیۆی 'یۆرۆپا 1'ی فەرەنسی ئاشکرایکردووە، نەیمار پەیوەندی تەلەفۆنیی لەگەڵ ڤینیسیۆس جۆنیۆر، رۆدریگۆ و ئیدێر میلیتاوی یاریزانانی بەرازیلی لە ریال مەدرید کردووە و هۆشداری داونەتێ لەوەی یارییکردن لەگەڵ ئێمباپێ کارەساتە و وەک دۆزەخ وایە.
 
نەیمار، پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ سیانە بەرازیلییەکەی ریال مەدرید هەیە و لە چەندین بۆنەدا بەیەکەوە دەرکەوتوون.
 
ئەگەرچی کیلیان ئێمباپێ لەوەتەی پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە کردووە چوار گۆڵی تۆمارکردووە، بەڵام تیپەکە بەشێوەیەکی گشتی لەژێر گوشاردایە، چونکە ئاستێکی باشی نییە و ستایلی یارییکردنی نادیار و شێواوە.
 
سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان چەندینجار دووپاتیانکردووەتەوە، لە ریال مەدرید هاوئاهەنگی لە نێوان ڤینی و کیلیاندا هەستی پێناکرێت و پێناوچێ ئەو دوو ئەستێرەیە، پەیوەندییەکی باش لە نێویاندا هەبێت.