دادگایی سەدە دەستپێدەکات و ئەگەر هەیە سیتی 100 خاڵی لێبشکێنرێت


رووداو دیجیتاڵ

رووبەڕووبوونەوەیەکی گەورە لە نێوان دەستەی سەرپەرشتیاری پرێمەرلیگی ئینگلتەرا و یانەی مانچێستەر سیتی دەستپێدەکات، پاش گومانکردن لە یانەکە بەئەنجامدانی تاوانی دارایی.
 
لیژنەیەکی سەربەخۆ کە گوشارێکی زۆری لەسەرە، لێکۆڵینەوە لە تۆمەتە ئاراستەکراوەکانی سەر مانچێستەر سیتی دەکات و لیژنەکە لە شوێنێکی نەزانرا و بەنهێنی، دوور لە چاوی کامێراکان کۆدەبێتەوە.
 
پێشتر، پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی گوتبوی، "دڵخۆشم بەوەی رۆژی دووشەممە کارەکە دەستپێدەکات". 
 
ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی مانچێستەر سیتی کراون، ژمارەیان 115 تۆمەتە. پێشتر رووینەداوە یانەیەک رووبەڕووی ئەو ژمارە تۆمەتە بکرێتەوە، هەر بۆیە میدیاکان دۆسێیەکەیان ناوناوە، "دادگاییکردنی سەدە لە وەرزشدا".
 
لێکۆڵینەوەکان شێوازێکی جیاوازیان هەیە، دادگایەک نییە تەماشای دۆسێیەکە بکات و لەکۆتاییدا بڕیاری خۆی بدات، بەڵکو لیژنەیەکی سەربەخۆ گوێ لەتۆمەتە ئاراستەکراوەکانی سەر یانەکە دەگرێت، هەروەها گوێ لە وەڵامی نوێنەرانی مانچێستەر سیتی دەگرێت بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک و پاشان بڕیارە لەسەرەتای 2025دا بڕیاری خۆی لەبارەی دۆسێیەکەوە رابگەیێنێت.
 
دەستەی سەرپەرشتیاری پرێمەرلیگ، کە رێکخەری پڕبینەرترین خولە لەسەر ئاستی جیهان، پێیوایە مانچێستەر سیتی فێڵی بەئەنقەستی کردووە لە یاسای دارایی یاریی خاوێن لە نێوان ساڵانی 2009 تاوەکو 2018 تاوەکو ویستەکانی بەدی بهێنێت.
 
لەو ماوەیەدا کە یانەکەی تێدا تۆمەتبارکراوە، سیتی سێجار نازناوی پرێمەرلیگی بەدەستهێناوە و دواتریش یانەکە بووەتە یەکێک لە زەبەلاحەکانی ئەوروپا کە لە ساڵی 2023دا نازناوی چامپیۆنزلیگیشی بردەوە.
 
سزای قورسی چاوەڕوانکراو
 
پاشئەوەی دەستەی سەرپەرشتیاری پرێمەرلیگ، تۆمەتەکانی سەر یانەکەی قبووڵکرد، دەستەکە دۆسێی تاوانەکانی دایە دەستەیەکی سەربەخۆ لە مانگی دووی ساڵی 2023دا و لیژنەکە لێکۆڵینەوەی لە دۆسێیەکە دەستپێکرد، بەرلەوەی بڕیاربدات گوێ لەهەردوولایەنی دۆسێیەکە بگرێت لەپشت دەرگای داخراوەوە و لە شوێنێکی نەزانراو.
 
پێشبینیدەکرێت جەنگە یاساییەکە نزیکەی دە هەفتە بەردەوام بێت و لەسەرەتای ساڵی داهاتوودا یەکلایی بکرێتەوە.
 
بەشێوەیەکی گشتی، یانەی مانچێستەر سیتی، تۆمەتبارە بەفێڵکردن لە یاسا داراییەکانی خولی ئینگلیزی، پاشئەوەی لە ساڵی 2008 بووە موڵکی کۆنسۆرتیۆم گرووپ.
 
گومانی سەرەکی لەسەر یانەکە، ئەوەیە کە کۆمپانیای خاوەنی یانەکە وەبەرهێنانی گەورەی لە یانەکەدا کردووە و سنووری دیاریکراوی تێپەڕاندووە لە رێگەی پێدانی پارە بەنهێنی لە رێگەی سپۆنسەرەکانەوە.
 
هەروەها تۆمەتبارکراوە بەوەی کە مووچەی زیادەی رانەگەیێنراوی داوەتە رۆبێرتۆ مانچینی ئیتاڵی، کە ماوەیەک راهێنەری یانەکە بووە، لەگەڵ چەندین یاریزانی دیکە.
 
پێویستە مانچێستەر سیتی وەڵامی هەموو ئەو تۆمەتانە بداتەوە، جیا لەو تۆمەتانەی لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپاوە ئاراستەی کراوە لە ماوەی نێوان 2013 تاوەکو 2018 و پرێمەرلیگ لە نێوان 2015 تاوەکو 2018.
 
پێشتر یۆفا سزای بێبەشکردنی مانچێستەر سیتی لە پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکان بۆ ماوەی دوو ساڵ دەرکردبوو، لەبەرئەوەی یاساکانی دارایی یاریی خاوێنی پێشێلکردووە، بەڵام بڕیارەکە لەلایەن دادگای کاسەوە هەڵوەشێنرایەوە.
 
دادگای کاس پێیوابوو هەندێک لە تۆمەتەکانی سەر یانەکە نەسەلمێنراون و هەندێکی دیکەشیان ماوەی یاساییان بەسەرچووە.
 
لە کۆی گشتیدا، یانەی مانچێستەر سیتی 115 تۆمەتی ئاراستەکراوە، 80 تۆمەتی تایبەت بەپێشێلکاری دارایی لە نێوان 2009 - 2018 و 35 تۆمەتی دیکە بەهۆی هاوکارینەکردنی لێکۆڵینەوەکان.
 
ئەگەر تۆمەتەکان بەسەر یانەکەدا ساخ بکرێنەوە، مانچێستەر سیتی رووبەڕووی لێسەندنەوەی خاڵ، یان دوورخستنەوە لە پرێمەرلیگ کە لە ماوەی حەوت وەرزی رابردوودا، شەش جار نازناوەکەی بردووەتەوە، ئەمە جیا لە چامپیۆنزلیگ، مۆندیالی یانەکان، دوو جامی یەکێتیی ئینگلتەرا و چوار کاراباو کەپ.
 
لە ئەگەری پەڵپگرتنی یانەکە یان دەستەی سەرپەرشتیاری پرێمەرلیگ، لە بڕیارەکانی لیژنە سەربەخۆکە، وادەکات بڕیاری کۆتایی بۆ ماوەی چەندین هەفتە و مانگ دوا بکەویت
 
مانجیستەر سیتی بووەتە یەکێک لە زەبەلاحەکانی ئینگلتەرا و ئەوروپا و لە کۆی دوایین 13 نازناوی خول، نازناوی هەشتیانی بەدەستهێناوە، لەنێویاندا چوار نازناوی بەسەریەکەوە، لە چوار وەرزی رابردوودا.
 
وێڕای باڵادەستییەکانی سیتی بەسەر نازناوە نێوخۆییەکانی ئینگلتەرا، بەڵام رکابەرەکانی هەمووکات بەیانەیەکی لادەر لە یاساکان ناویدەبەن، لە کاتێکدا یانەکە سوورە لەسەر بێتاوانیی خۆی.
 
سیتی هەروەها تۆمەتبارە بەشکستهێنان پێدانی زانیاری دارایی ورد لەماوەی نێوان 2009 - 2018 لەنێویاندا داهاتی سپۆنسەرەکان و وردەکاری مووچەی بەڕێوەبەر و یاریزانانی یانەکە.
 
هەندێک سەرچاوە دەڵێن، ئەگەر تۆمەتەکان بەسەر یانەکەدا بسەلمێنرێت، رووبەڕووی شکاندنی 100 خاڵ لە خاڵەکانی لە پرێمەرلیگ دەبێتەوە.
 
رۆژنامەی 'تێلێگراف'ی بەریتانی دەڵێ، پێشنیازێک هەیە کە ئەو سەد خاڵەی بڕیارە لە یانەکە بشکێنرێت، بەسەر چەند وەرزێکی بەدوای یەکدا دابەش بکرێت.
 
رۆژنامەکە دەڵێ، "تیپەکانی خولی پلە یەکی ئینگلتەرا هەستدەکەن شکاندنی سەد خاڵ بەیەکجار هیچ کاریگەرییەک لەسەر یانەکە دروست ناکات، تەنانەت ئەگەر ببێتە هۆی دابەزینیشی، چونکە توانای ئەوەی هەیە بەخێرایی بگەڕێتەوە پرێمەرلیگ".