شورتە بە سێ یاریزانی کوردەوە رووبەڕووی نەسڕ دەبێتەوە و رۆناڵدۆ یاری ناکات

19 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن شورتە یانەی نەسڕ چامپیۆنزلیگی بژاردەی ئاسیا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ ئێوارە لە دەستپێکی رکابەرییەکانی خولی بژاردەی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا، یانەی شورتەی عێراقی میوانداری یانەی نەسڕی سعودی دەکات.
 
یارییەکە کاژێر 19:00 لە یاریگەی مەدینە لە بەغدا بەڕێوەدەچێت، هەردوو یانە بۆ یەکەمجار لە یارییەکی فەرمیدا رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
 
یانەی شورتە رۆژی یەکشەممە دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانی لەسەر یاریگەی شەعب بۆ یارییەکە ئەنجامدا، سەرجەم یاریزانەکانی بۆ ئەم یارییە بەهێزە ئامادەن و دەیانەوێت بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باش پشت بە یاریگە و هاندەرانیان ببەستن.
 
یاریی نەکردنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، تاوەکو رادەیەک ئەرکی یانە عێراقییەکە ئاسانتر دەکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نەسڕ خاوەنی سادیۆ مانێ، ئاندێرسۆن تالیسکا، ئۆتاڤیۆ، مارسێلۆ برۆزۆڤیچ و چەندین ئەستێرەی دیکەی دیارە.
 
لە ریزەکانی یانەی شورتە، سێ یاریزانی کورد بۆ یارییەکە ئامادەن، هەریەکە لە ئاکام هاشم، رێوان ئەمین و ئەحمەد زێرۆ هەلی ئەوەیان دەبێت بەشداری لە یارییەکەدا بکەن.
 
پێشتر شورتە و نەسڕ یەکجار بەرامبەر یەکدی یارییانکردووە، ئەویش لە جامی شا سەلمان بوو، یانە سعودییەکە بە گۆڵێکی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەدەستهێنا و کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەلێدانی سزا گۆڵەکەی تۆمارکرد.
 
ئەحمەد سەڵاح، راهێنەری یانەی شورتە بەر لە یارییەکە گوتی " یانەی نەسڕ یانەیەکی جیهانییە، بەبوونی کریستیانۆ و ئەو یاریزانە نایابانەی هەیانە و یاریزانەکانی دیکەش لە هەڵبژاردەی وڵاتەکانیان یاری دەکەن، وا دادەنرێت کە نەسڕ و هیلال لە هەڵبژاردەی سعودیە بەهێزترن، چونکە یاریزانی زۆر ئاستبەرزیان هەیە، هەروەها شانازییە بۆ یاریزانەکانمان کە لە ئاستێکی ئاوا بەرزدا یاری دەکەن و ئاستێکی بەرزیان پێشانداوە، بەتایبەت لە پاڵەوانێتی عەرەبیدا کە پلەی سێیەممان بەدەستهێنا."
 
لویس کاسترۆ، راهێنەری یانەی نەسڕ لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکە گوتی " تەنانەت بەبێ کریستیانۆ و بەبێ ئێمریکیش هەموو بیرکردنەوەمان لەلای بردنەوەی یارییەکە و بەدەستهێنانی سێ خاڵەکەیە، ئەمە لە مێشکی ئێمەدایە و دەمانەوێت بە سێ خاڵەوە بگەڕێینەوە ماڵەوە."
 
بەهۆی ئەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەشداری لە یارییەکەدا ناکات، نرخی بلیتی یارییەکە زۆر دابەزیووە و ئەوانەشی کە بلیتی یارییەکەیان بە پارەی زۆر کڕیووە دەیانەوێت بە پارەیەکی کەمتر بیفرۆشنەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە