ئەمڕۆی پرێمەرلیگ.. ئەرکی مانچێستەرە سوورەکە ئاڵووزە و شینەکەش بە گەڕانەوەی پێپ دڵخۆشە

رووداو دیجیتاڵ

 

مانچێستەر یونایتد بەکۆمەڵێک کێشەی زۆری دەرەوە یاریگە و نێو یاریگەوە، رووبەڕووی برایتن دەبێتەوە و هەوڵی گۆڕینی ئەو راستییە تاڵەی نێو یاریگە دەدات کە لە دوا هەفتەی رکابەرییەکانی پرێمەرلیگدا دووچاری بوو و بە ئارسیناڵ دۆڕا.
 
مانچێستەر یونایتد لە نێو گێژاوی لەدەستدەرچوون و لاساریی یاریزانەکانیدا وەرزەکەی دەستپێکردووە، دوورخستنەوە و بەڕێکردنی گرینوود کۆتایی ئەو کێشانە نەبوون کە لە ماڵی یاریزانەکاندا روویاندا و یانەکە ناچاربوو لە یاریگەدا چارەسەریان بکات. یانەکە ئەمجارە دوو لاباڵی هێرشبەریی لەدەستدا کە سەرئێشەکانی تیپەکەیان زیاتر کردووە.
 
ئانتۆنی بەهۆی تۆمەتبارکردن بە تووندوتیژی و جادون سانچۆش بەهۆی ناکۆکی لەگەڵ راهێنەر، بەشێک لە هێزی تیپەکەیان کەمکردووەتەوە کە زۆر پێویستی بەبردنەوەی یارییەکەی ئەمشەو هەیە بۆ ئەوەی لەم سەرەتای وەرزەدا زوو هاوسەنگیی بەدەست بهێنێتەوە.
 
یارییەکی دیکەی ئەمشەوی پرێمەرلیگ، گەڕانەوەی پێپ گواردیۆلا بۆ نێو یاریگەکانی خولەکە بەخۆوە دەبینێت بۆ سەرپەرشتیکردنی مانچێستەر سیتی کە هەوڵدەدات لەدوای نزیکەی چارەکە سەدەیەک، ببێتە یەکەم یانە چوار نازناوی لەسەریەکی خولەکە بباتەوە.
 
پێپ و تیپەکەی ئەرکێکی زەحمەتیان لە نێو یاریگەی لەندەنی ئۆڵیمپیدا دەبێت کاتێک بەرامبەر وێستهام یارییدەکەن، لە کاتێکدا تیپەکەی دەیڤد مۆیسی راهێنەر، سەرەتایەکی ناوازەی لە خولەکەدا هەبووە و لە چوار یاریی یەکەمیدا، یەکسانبوونێک و سێ سەرکەوتنی بەدەستهێناوە. 
 
پێپ کە دوای نەشتەرگەری گەڕایەوە بۆ سەرپەرشتیکردنی تیپەکەی، نایەوێ تۆمارە نایابەکەی تیپەکەی لەدەستبدات و بەیادەوەرییەکانی دوا سەردانییەوە بۆ ئەو یاریگەیە کە بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەدەستهێنا، خۆی بۆ یارییەکە ئامادەکردووە.
 
دوا یاریی شەوەکەی پرێمەرلیگ، هەوڵی خۆڕاستکردنەوە و هەڵسانەوەی نیوکاسڵ بەخۆوە دەبینێت، پاش زنجیرەی سێ شکستی لەسەریەک لە خولەکەدا، کاتێک لە سانت جەیمس پارک رووبەڕووی برێنتفۆرد دەبێتەوە کە تاوەکو ئێستا لە چوار یارییدا، هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە.
 
نیوکاسڵ ئەگەرچی دەکرێ بڵێین خشتەیەکی قورسی هەبوو لە سەرەتاکانی خولەکەدا، بەڵام تیپەکە لەو یارییانەدا کە ئەنجامیداون، ئاستێکی خراپی پێشانداوە و ئەو یانەیە کە پاش ساڵانێکی زۆر گەڕاوەتەوە چامپیۆنزلیگ، پێویستی بەئەنجامێکی باش هەیە بەرامبەر برێنتفۆرد.
 
ئەگەر وەرزی رابردوو بەهۆی جێگیریی لە پێکهاتە و فۆکەسکردن لەسەر تەنیا یەک ئامانج کە گەیشتن بوو بە چامپیۆنزلیگ، نیوکاسڵ ئەنجامەکانی باش بووبن و هێزێکی زۆری پێشاندابێت، ئەمساڵ سەرەتای خراپی تیپەکە پرسیاری زۆری لەبارەی تواناکانی یانەکەوە دروستکردووە و ئێدی هاو، لانیکەم دەبێ بەرلە رووبەڕووبوونەوەی میلان لە چامپیۆنزلیگ، هەڵە و کەموکوورتییەکانی تیپەکەی چارەسەر کردبێت و هاندەرەکانی بەدڵخۆشییەوە بەرەو ماڵەکانیان بنێرێتەوە، ئەگەرنا، رۆژەکانی داهاتوو هەواڵی خۆشیان بۆ چارەنووسی هاو لەگەڵ تیپەکە، پێنابێت.