ڤیدیۆ؛ ئەمشەو دێربیی تووڕەییە

رووداو دیجیتاڵ

 

جۆسیپی میاتزا دەبێتە مەیدانی دێربییەکی دیکەی تووڕەیی لە نێوان هەردوو جەمسەرەکەی شاری میلانۆ، کاتێک ئینتەرمیلان میوانداری میلان دەکات و پێشبینیکراوە یارییەکی بەهێز و پڕ لە رکابەریی باڵ بەسەر دۆخەکەدا بکێشێت.
 
سێ بردنەوە بۆ ئینتەرمیلان و سێ بردنەوە بۆ میلان لە سەرەتای وەرزی ئەمساڵدا، وایکردووە یارییەکەی ئەمشەو هەوڵی ئینتەرمیلان بۆ دووپاتکردنەوەی باڵادەستییەکانی خۆی بەسەر دێربیی میلانۆدا بەخۆوە ببینێت، پاشئەوەی نیرازۆری لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکانی وەرزی رابردوودا کاتێک رووبەڕووی دراوسێ سوور و رەشپۆشەکەی بووبێتەوە، هەمووجار لایەنی زاڵ و براوە بووبێت.
 
ئینتەرمیلان و میلان لە هاوینی ئەمساڵدا، پێکهاتەی خۆیان بەشێوەیەکی بەرچاو بەهێزکردووە. ئەو تیپە چالاکترینی ماوەی گواستنەوەی هاوینە بوون و ئەنجامەکانی سێ یاریی رابردووی هەردوو تیپیش دەریخستووە گرێبەستە نوێیەکان، کاریگەریی گەورەیان لەسەر ئاستی هەردوو یانە دروستکردووە.
 
لە ئینتەرمیلان دووانەی لاوتارۆ و مارکۆس تۆرام، هێزێکی دیکەی بەهێڵی پێشەوەی تیپەکە بەخشیووە لە کاتێکدا ئیدین دزیکۆ و لوکاکۆ ریزەکانی هێرشبەریی یانەکەیان بەجێهێشتووە. ئینتەرمیلان لە سێ یاریی رابردووی خۆیدا، بەبردنەوە لە مۆنزا، کالیاری و فیۆرێنتینا هەشت گۆڵی تۆمارکردووە بەبێئەوەی هیچ گۆڵێکی لێبکرێت.
 
هەرچی میلانە کە ساڵانێکی زۆرە هێندەی هاوینی ئەمساڵ گرێبەستی باشی ئەنجامنەداوە، وەرزەکەی بەبردنەوە لە بۆلۆنیا، تۆرینۆ و رۆما دەستپێکردووە و درەوشانەوەی کریستیان پۆلیسیچ، خاڵێکی درەوشاوەیە لەو پێکهاتەیەدا کە ستیفانۆ پیۆلی راهێنەر، لە یارییەکاندا پەنای بۆ دەبات.
 
میلان بۆ یارییەکەی ئەمشەو دەتوانێ سوود لە تواناکانی ئۆلیڤی ژیرۆی هێرشبەری قاڵی وەربگرێت کە لە پێکان چاکبووەتەوە. ژیرۆ لە مانگی نۆی ساڵی 2022ەوە هیچ گۆڵێکی لە دێربی بەرامبەر ئینتەردا تۆمارنەکردووە، ویستی زۆری بۆ شکاندنی ئەو بەدبەختییە هەیە کە لە چوار یاریی رابردوودا بەرامبەر ئەو یانەیە هەیبووە.
 
ئەوە هەر تەنیا ژیرۆ نییە لەبەردەم توانا و هێڵی بەهێزی بەرگریی ئینتەرمیلاندا لە چوار یاریی رابردوودا هیچی پێنەکراوە، بەڵکو لە چوار دێربیی رابردووی نێوان هەردوو یانەدا کە لە سێری ئا، جامی سوپەری ئیتاڵیا و چامپیۆنزلیگی وەرزی رابردوو ئەنجامدراون، هیچکام لە هێرشبەرەکانی میلان، گۆڵیان لە هاوشاریی یانەکەیان تۆمارنەکردووە.
 
پاش سێ بردنەوە و گرتنی پلەکانی یەکەم و دووەمی ریزبەندی خولی ئیتاڵیا تاوەکو ئێستا، دێربی دەکرێ ئەو یارییەبێت کە هاوبەشییەکەی نێوان هەردوو یانە لێکدەترازێنێت. هەردوو یانە وەکچۆن ئێستا پلەی یەکەم و دووەمی ریزبەندی خولەکەیان بەدەستەوەیە، بەهەمان شێوە بەرلەوەی ناپۆلی لە وەرزی رابردوودا نازناوی خولەکە بباتەوە، نازناوەکەش لای خۆیان بوو و سەرکەوتن لە دێربی، هەنگاوێکی باش دەبێت بۆ ورەی یاریزانانی هەردوو یانە کە بردنەوەی نازناوی سێری ئای ئەمساڵیان دەوێت.