ڤیدیۆ؛ لووتکەی بوندێسلیگا بە یەکسانبوون کۆتاییهات

رووداو دیجیتاڵ

 

یاریی لووتکەی نێوان خاوەنانی هەردوو پلەی یەکەم و دووەمی ریزبەندیی بوندێسلیگا بە یەکسانبوون کۆتاییهات.
 
لە گەڕی 4ـی بوندێسلیگادا، بایرن میونشن میوانداری بایەرلیڤەرکوزنی کرد و یارییەکە 2-2 کۆتاییهات.
 
هاری کەین لە خولەکی 7ـدا گۆڵی پێشکەوتنی بۆ بایرن میونشن تۆمارکرد، کە چوارەم گۆڵی هێرشبەرە ئینگلیزییەکە بوو لە چوارەم یارییدا بە درێسی باڤارییەوە.
 
لە خولەکی 24 ئەلیخاندرۆ گریمالدۆ بە لێدانێکی راستەوخۆ گۆڵی یەکسانکردنەوەی بۆ بایەرلیڤەرکوزنی میوان تۆمارکرد.
 
لە خولەکی 86 ماتیس تیلی یەدەگی یانەی بایرن میونشن لە لای چەپەوە پاسێکی بۆ لیۆن گۆرێتزکا نارد و گۆڵی دووەمی بۆ تیپی خاوەن یاریگا تۆمارکرد.
 
کوڕانی چابی ئەلۆنسۆ خۆیان بەدەستەوە نەدا و لە خولەکی چوارەمی کاتی زیادکراوی یارییەکەدا، ئێکسیکیل پاڵاسیۆس سەرکەوتوو بوو لە تۆمارکردنی گۆڵی یەکسانبوون بۆ بایەرلیڤەرکوزن، لە رێگەی لێدانی سزاوە.
 
بەم ئەنجامە بایرلیڤەرکوزن بە 10 خاڵ و بە جیاوازی گۆڵ لەگەڵ بایرن میونشن لە پێشەنگدا مایەوە.