مان سیتی سەرکەوتنی بەدەستهێنا و یونایتد تووشی دۆڕانێکی گەورە بوو

16-09-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن مان سیتی مان یونایتد پرێمەرلیگ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە دەستپێکی رکابەرییەکانی گەڕی پێنجەمی پرێمەرلیگ، یانەی مانچێستەر سیتی دوای چەند کاژێرێکی کەم لە گەیشتنی لیڤەرپوول بە پێشەنگی ریزبەندی خولەکە، پێشەنگی لەو یانەیە وەرگرتەوە و لە یانەی وێستهامی بردەوە.
 
مان سیتی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی وێستهام یارییکرد، دوای ئەوەی سیتی چەند هەلێکی لەدەستدا، لە خولەکی 36 جەیمس وارد پراوس گۆڵێکی بۆ وێستهام تۆمارکرد و نیوەی یەکەم بەو گۆڵە کۆتاییهات.
 
لەگەڵ دەستپێکردنەوەی نیوەی دووەم، جێریمی دۆکو ئەنجامەکەی بۆ سیتیزنز یەکسانکردەوە و یارییەکەی گەڕاندەوە خاڵی سەرەتا، پاشان مان سیتی بەتەواوی یاریگەی کۆنتڕۆڵکرد و لە خولەکی 76 بێرناردۆ سیلڤا گۆڵی دووەمی بۆ یانەی میوان تۆمارکرد.
 
ئێرلینگ هالاند لە یارییەکەدا هەلی زۆری لەدەستدا، بەڵام هەر رێگەی نەدا بەبێ گۆڵکردنی ئەو یارییەکە تەواوببێت و لە خولەکی 86 گۆڵی سێیەم و یەکلاکردنەوەی ئەنجامی یارییەکەی بۆ مانچێستەر سیتی تۆمارکرد و مان سیتی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی سەرکەوتنێکی دیکەی بەدەستهێنا.
 
مانچێستەر سیتی تاکە یانەیە لەم وەرزەدا لە 5 یارییدا 5 سەرکەوتنی بەدەستهێنابێت و بە کۆکردنەوەی 15 خاڵ لە پێشەنگی ریزبەندی خولەکەیە، وێستهام تووشی یەکەم دۆڕانبوو و 10 خاڵی کۆکردووەتەوە.
 
لە یارییەکی دیکەدا، کە مانچێستەر یونایتد لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا بەرامبەر برایتۆن یارییکرد، خاوەن یاریگە تووشی دۆڕانێکی گەورە بوو و سێیەم یاریی لەم وەرزەدا دۆڕاند.
 
لە یارییەکەدا برایتۆن یارییەکی باشی کرد و هەر زوو گۆشارەکانی بۆ سەر گۆڵی مان یونایتد دەستپێکرد، لە خولەکی 20 دانی وێلباک گۆڵی پێشکەوتنی یانەی میوانی تۆمارکرد، نیوەی یەکەم تەنیا ئەو گۆڵەی بەخۆیەوە بینی.
 
لە خولەکی 53 پاسکال گروس یانەکەی کردە خاوەنی دوو گۆڵ و هاندەرانی مان یونایتدی نیگەرانکرد، دوای ئەویش جواو پێدرۆ کە وەک یاریزانی یەدەگ بەشداریی لە یارییەکەدا گۆڵی سێیەمی تۆمارکرد و بەشێکی هاندەرانی مانچێستەر یونایتد یاریگەیان بەجێهێشت.
 
هەرچەند دوای دوو خولەک هانیبال مەجبەری گۆڵێکی بۆ مانچێستەر یونایتد تۆمارکرد، بەڵام هیچ سوودێکی نەبوو و مانچێستەر یونایتد لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا بە گۆڵێک بەرامبەر سێ گۆڵ دۆڕا و سێ خاڵی دیکەی لەدەستدا.
 
ئەمە سێیەم دۆڕانی مانچێستەر یونایتدە لەم وەرزەدا و تەنیا 6 خاڵی هەیە، برایتۆن چوارەم یاریی بردەوە و ژمارەی خاڵەکانی بۆ 12 خاڵ بەرزکردەوە.
 
ئەنجامی یارییەکانی ئەمڕۆی پرێمەرلیگ بەمشێوەیە بوو
 
ولڤەرهامپتۆن 1-3 لیڤەرپوول
وێسهام 1-3 مانچێستەر سیتی
مانچێستەر یونایتد 1-3 برایتۆن
تۆتێنهام 2-1 شیفڵد یونایتد
فولهام 1-0 لوتۆن تاون
ئاستۆن ڤێلا 3-1 کریستال پاڵاس
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئامادەبوونی هاندەران لە ستۆدیۆی تایبەتی رووداو بۆ رووماڵی یارییەکانی یۆرۆی 2024. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

بینەرانی رووداو بوونە براوەی یۆرۆ 2024

بینەرانی رووداو بەشێوەیەکی زۆر ئینتراکتیڤ بەشدارییان لە بەرنامەکانی رووداو دا کرد، بۆ نیشاندانی بۆچوون و پێشبینییەکانیان، بە ملیۆنان تێچێن (کۆمێنت) بەشدارییان لەگەڵ بەرنامەی (ستۆدیۆی یۆرۆ)ی رووداو دا کرد. 84 بینەری رووداو لە پارێزگا جیاوازەکانی کوردستان بوونە براوەی خەڵاتەکانی رووداو. خەڵاتەکانیش بەوشێوەیە بوون:( یەک ئۆتۆمبێل، 23 تەلەڤزیۆن، 23 لیرەی زێڕ، 28 ئایپاد، 20 مۆبایلی زیرەک، 12 دەست کەلوپەلی نێوماڵ).