رۆناڵدۆ بەهۆی مەڕ و بزنەوە کۆشکەکەی چۆڵ دەکات

16-09-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ مانچێستەر یونایتد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، بە ناچاری کۆشکە گەورەکەی لە شاری مانچێستەر جێهێشت و ماڵی خۆی بردە کۆشکێکی دیکە، هۆکارەکەش زۆر سەیر و نامۆیە.
 
کریستیانۆ تەنیا چەند رۆژێک لەگەڵ خێزانەکەی لەو کۆشکە نوێیەیدا مایەوە، کە دوای گەڕانەوەی بۆ ریزەکانی یانەی مانچێستەر یونایتد تێیدا نیشتەجێ بووبوو.
 
رۆژنامەکانی بەریتانیا، ئاشکرایانکرد کە ئەستێرەی پۆرتوگالی، ماڵی خۆی لەو کۆشکە بردووەتە دەرەوە کە دەکەوێتە ناوچەی شیشایەری نزیک لە شاری مانچێستەر، لە 7 ژووری نووستن پێکهاتووە و نرخەکەی 9.6 ملیۆن دۆلارە.
 
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، رۆناڵدۆ ماڵی خۆی بردووەتە نێو کۆشکێکی دیکە، کە نرخەکەی کەمترە و بە 4 ملیۆن دۆلارە و دەڵێن "کۆشکەکە هی یاریزانێکی پێشووی مانچێستەر یونایتدە، بەڵام ناوەکەی ئاشکرا نەکراوە".
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، تەمەن 36 ساڵ، لەگەڵ جۆرجینا رۆدریگزی تەمەن 27 ساڵی دۆستی و لەگەڵ 4 منداڵی تەنیا هەفتەیەک لە کۆشکی یەکەمیاندا ماونەتەوە و کریس بڕیاریداوە لەو کۆشکە بڕوات، کە هۆکارەکەی زۆر سەیر و نامۆیە.
 
سەبارەت بە هۆکارەکە، ئەو سەرچاوانە دەڵێن "ئەو کۆشکە بە دڵی رۆناڵدۆ و خێزانەکەی بووە، بەڵام نزیکبوو لە شوێنێکی بەخێوکردنی مەڕ و بزن و دەنگیان بووەتە مایەی بێزارکردنی کریس، کە هەمیشە حەزدەکات لە کەشێکی ئارام و بێدەنگدا کاتەکانی پشووی بەسەرببات".
 
کۆشکی نوێی رۆناڵدۆش هەر لە ناوچەی شیشایەرە، کە حەوزێکی گەورەی مەلەوانی تێدایە، لەگەڵ هۆڵێکی سینەما، پارکی راگرتنی ئۆتۆمبێل، کە جێگەی 4 ئۆتۆمبێل دەکاتەوە، هەروەها کۆشکەکە بە کامێرای چاودێری کۆنترۆلکراوە و کۆمەڵێک پاسەوانیش ئەمنیەتی دەپارێزن.
 
رۆژنامەکانی بەریتانیا، دەڵێن "نووسینگەکانی خانووبەرە ئامادەکاری ئەوەیان بۆ رۆناڵدۆ کردووە کە ئەو کۆشکە نوێیە بکڕێت، کە ئێستا بە کرێ تێدایە، چونکە کریس دەیەوێت لەوێ بژیت، بەهۆی ئەوەی کە بە دار و درەختی چڕ دەورەدراوە و خەڵکی ناتوانن خۆی و خێزانەکەی ببینن".
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، پێشتر کە یاری بۆ یانەی مانچێستەر یونایتد دەکرد، لەو ناوچەیە ژیاوە و ئەوێ بۆ ئەو نامۆ نییە، زێدەباری ئەوەی منداڵەکانیشی لە قوتابخانەیەکی تایبەتی، لەو ناوچەیە دەخوێنن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە