ڤیدیۆ؛ یاریزانێکی کورد بانگهێشتی هەڵبژاردەی ئێران کرا و میوانی رووداوە

16-09-2021
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن هەڵبژاردەی ئێران
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یاریزانێکی کورد بانگهێشتی هەڵبژاردەی خوار 23 ساڵانی ئێران کرا، بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ رکابەرییەکانی پاڵاوتنی گەیشتن بە جامی ئاسیای خوار 23 ساڵان.
 
فەردین رابت، یاریزانی کوردی خەڵکی پیرانشاری رۆژهەڵاتی کوردستان، وەک تاکە یاریزانی کورد لەلایەن مەهدی مەهدەڤیکیا، راهێنەری هەڵبژاردەی خوار 23 ساڵانی ئێرانەوە بانگهێشکرا، بۆ ئەوەی لەگەڵ هەڵبژاردەکە خۆی بۆ رکابەرییەکانی پاڵاوتنی گەیشتن بە جامی ئاسیا ئامادەبکات.
 
فەردین رابت بەشداریی لە بووڵتەنی هەواڵەکانی وەرزش لە رووداو کرد و گوتی "سڵاو و رێزم هەمە بۆ هەموو کوردانی جیهان، سوپاس بۆ خوا توانیم جێگەی خۆم لە هەڵبژاردەی خوار 23 ساڵان بکەمە، هەستێکی زۆرخۆشم هەیە و دڵخۆشم بەوەی کە یەکەمجارە بۆ هەڵبژاردەکانی ئێران بانگهێشتدەکرێم، جگە لەوەش گەڕانەوەم بۆ ئیستقلالیش دڵخۆشیکردووم، لەکاتێکدا تیپەکە خاوەن هاندەرێکی زۆر و بەنێوبانگە و ئەمەش بۆ من جێگەی شانازییە و هاندەرانیش بەمە دڵخۆشن."
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە دەتوانێت مەهدی مەهدەڤیکیای راهێنەری رازی بکات؟ فەردین گوتی "هیوایەک هەیە، ئەمساڵ لە خولی ئێران یارییمکرد و گۆڵیشم تۆمارکرد، ئێستاش لەگەڵ یانەی ئیستقلالم، هیوایەک هەیە بۆ ئەوەی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئێران بەشداری لە جامی ئاسیا بکەم."
 
دەربارەی داهاتووی خۆی لەکاتێکدا کە وەرزی رابردوو یانەی دالکورد داوای گواستنەوەی دەکرد، فەردین دەڵێت "ئەمساڵ لەگەڵ یانەی ئیستقلال بەردەوامدەبم، یانەی دالکورد وەرزی رابردوو داوایکردم، بەڵام زۆرباش نەهاتە پێشەوە، یانەکە گەورەیە و یانەیەکی کوردییە و جێگەی شانازییە، ئیستقلالیش ئامادەنەبوو دەستبەردام ببێت، بۆیە ئەم وەرزە هەموو توانایەکم دەخەمەگەڕ و دەمەوێت شانازییەکی دیکە بۆ کورد بنووسمەوە و یانەکەم خۆشحاڵ بکەم."
 
راهێنەری ئێران بۆ کەمپی مەشقەکانی هەڵبژاردەکە 35 یاریزانی بانگهێشتکردووە، یاریزانە کوردەکەی پیرانشاریش هەلێکی زۆری هەیە بۆ ئەوەی لە لیستی کۆتایی هەڵبژاردەکەبێت، بەوپێیەی یاریزانێکی ئاستبەرزە و لە یانەی ئیستقلال تەهران یارییدەکات.
 
لە پاڵاوتنەکانی جامی ئاسیای خوار 23 ساڵاندا، هەڵبژاردەی ئێران لە کۆمەڵەی دووەمدا رکابەری هەڵبژاردەکانی تاجیکستان، لوبنان و نیپاڵ دەکات.
 
یارییەکانی پاڵاوتنی گەیشتن بە جامی ئاسیای خوار 23 ساڵان، بەبەشداریی 42 هەڵبژاردە لە 23 تاوەکو 31ـی ئۆکتۆبەری 2021 بەڕێوەدەچن، بۆ رکابەریکردن لەسەر بەدەستهێنانی 15 کورسیی پاڵەوانێتییەکە کە لەگەڵ هەڵبژاردەی ئوزباکستانی میواندار ژمارەی هەڵبژاردەکان دەبێتە 16 هەڵبژاردە.
 
فەردین رابت، تەمەنی 19 ساڵە، یاریزانی یانەی ئیستقلال تەهرانی ئێرانییە، پێشتر لە تیپی لاوانی یانەی تراکتۆر یارییکردووە، ماوەیەک بەشێوەی خواستن چووە یانەی نەفت مەسجدی ئێرانی، بەڵام دواتر گەڕایەوە ئیستقلال.
 
رابت دەڵێت، کۆڵبەربووم و لە پارکەکاندا خەوتووم تاوەکو گەیشتووەتە خەونەکەم و بووم بە یاریزان، هەروەها سوپاسی وریا غەفووریش دەکات کە هاوکاریی کردووە و دەڵێت، بەهۆی وریاوە شانازی بە کوردبوونم دەکەم
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە