رووداو دیجیتاڵ
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی یانەی نەسڕی سعودی بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا دێتە عێراق و لە چامپیۆنزلیگی نایابی ئاسیادا رووبەڕووی چەند یاریزانێکی کورد دەبێتەوە.
تیروپشکی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا، لەسەر ئاستی نایاب راکێشرا، یانەی شورتەی عێراقی لە رکابەرییەکانی پاڵەوانێتییەکەدا بەرامبەر هەریەکە لە یانەکانی پاختاکۆری ئۆزبەکستانی، عەینی ئیماراتی، پێرسپۆلیسی ئێرانی، نەسڕی سعودی، وەسڵی ئیماراتی، ئیستقلالی ئێرانی و ئەهلی سعودی یاری دەکات.
یارییەکەی نێوان هەردوو یانەی شورتە و نەسڕ لە عێراق دەکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا روون نییە یارییەکە لە کام شار بەڕێوەدەچێت، هەرچەند بە ئەگەری زۆرەوە یارییەکە لە کەربەلا دەکرێت.
بەمەش کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی بەنێوبانگی پۆرتوگالی و یانەی نەسڕ بۆ یەکەمجار لە مێژوودا سەردانی عێراق دەکات و رووبەڕووی یانەی شورتە دەبێتەوە.
لە یارییەکەدا چەند یاریزانێکی کورد بەرامبەر کریستیانۆ رۆناڵدۆ یاری دەکەن، رێوان ئەمین، ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاست، ئاکام هاشم، ئەستێرەی هێڵی بەرگری و ئەحمەد زێرۆ، ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاست لە یانەی شورتەن و بۆ ئەو یارییە ئامادەدەبن.
ئەحمەد زێرۆ پێشتر لە جامی شا سەلمان کە یارییەکانی لە سعودیە ئەنجامدەدران رووبەڕووی یانەی شورتە بووەوە و وێنەیەکی یادگاریی لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ گرت.
ئەمە یەکەمجار نییە ئەستێرە دیارەکانی تۆپی پێ سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەن، پێشتر کەریم بنزیما و ئێنگۆلۆ کانتێ، بەدرێسی یانەی ئیتیحادی سعودییەوە هاتنە هەولێر و رووبەڕووی یانەی جەوییەی عێراقی بوونەوە.
چەند رۆژنامەڤانێکی سعودی لەبارەی یارییەکەی نەسڕ و شورتەوە، دوای راکێشانی تیروپشکی چامپیۆنزلیگی ئاسیا دەڵێن "نەسڕ دەیەوێت یارییەکەیان بەرامبەر شورتە لە هەولێر بەڕێوەبچێت."
لە چامپیۆنزلیگی ئاسیادا، 24 یانە بەشداردەبن، 12 یانە لە بەشی رۆژئاوای کیشوەری ئاسیا و 12 یانە لە بەشی رۆژهەڵاتی ئاسیا دەبن و هەشت یانە لە هەربەشێک دەگەنە قۆناخی داهاتوو و بەمەش قۆناخی شازدەی پاڵەوانێتییەکە پێکدێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ