جامی سوپەری ئەوروپا.. ئەمشەو مان سیتی و سێڤییا بۆ تۆمارکردنی مێژوویەکی نوێ یاری دەکەن

16-08-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن مانچێستەر سیتی سێڤییا جامی سوپەری ئەوروپا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەمشەو کاژێر 22:00 بە کاتی باشووری کوردستان، هەردوو یانەی مانچێستەر سیتیی ئینگلیزی، پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ و سێڤییای ئیسپانی، پاڵەوانی یۆرۆپالیگ لەسەر یاریگەی كارايسكاكيس لە یۆنان یاریی جامی سوپەری ئەوروپا ئەنجام دەدەن.
 
مانچێستەر سیتی
 
دوای وەرزێکی ناوازە و بەدیهێنانی خەونە گەورەکەی هاندەرانی بەبردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگ، مانچێستەر سیتی ئینگلیزی یەکەم هەنگاوی خۆی لە وەرزی نوێی رکابەرییە ئەوروپییەکان بەئەنجامدانی جامی سوپەری ئەوروپا بەرامبەر سێڤییا دەستپێدەکات.
 
سیتی کە وەرزی رابردووی بە سیانەی مێژوویی چامپیۆنزلیگ، پرێمەرلیگ و ئێف ئەپی کەپ، خۆی گەیاندە لووتکە و دڵی هاندەرانی زۆر دڵخۆشکرد، لە چەند رۆژی رابردوودا هەلی چوارەم نازناوی ساڵەکەی لەدەستدا کاتێک کۆمیونیتی شەیڵدی بەرامبەر ئارسیناڵ دۆڕاند.
 
مانچێستەر سیتی دوای ساڵانێکی بەرچاو لە کارکردن و هەوڵدان لەگەڵ پێپ گواردیۆلا و شکست و هەڵسانەوە لە شکستەکان، ئێستا خۆی لەبەردەم یەکەم نازناوی جامی سوپەری ئەوروپا لە مێژووی خۆیدا دەبینێتەوە. سیتی پێشتر رووینەداوە ئەو جامە لە خەزێنەی جامەکانی خۆیدا ببینێت و هەرگیز بەشداریی جامی سوپەری ئەوروپای نەکردووە.
 
مانچێستەر سیتی، هەرزوو لە کاریگەریی لەدەستدانی نازناوە نێوخۆییەکەی ئینگلتەرا هاتە دەرەوە و کاروانی بەرگریکردن لە نازناوی پرێمەرلیگی بەبردنەوە لە بیرنلی دەستپێکرد و بەوەش پێپ و یاریزانەکانی دووپاتیانکردەوە ئەوان لە ساڵانی پێشوو زیاتر تینوی نازناون.
 
مانچێستەر سیتی لە یارییەکەی ئەمشەودا لە تواناکانی داهێنەر و بزوێنەری هێڵی ناوەڕاست و تیپەکە بێبەش دەبێت و کیڤن دیبرۆین، لە یارییەکە بەشداریی ناکات و ئەو یاریزانە لە بری بیرکردنەوە لەسەرخستنی تیپەکەی بەسەر سێڤییادا، ئێستا سەرقاڵی بیرکردنەوە لە ئەنجامدانی نەشتەرگەرییە و وەک راهێنەرەکەشی رایگەیاندووە، بە ئەنجامدانی نەشتەرگەری یان ئەنجامنەدانی، ئەو یاریزانە چەند مانگێک لە یارییکردن دوور دەکەوێتەوە.
 
ئەوە هەر تەنیا دیبرۆین نییە کە لە پێکهاتەی سیتی بەرامبەر سێڤییا دادەبڕێت، بێرناردۆ سێلڤاش بەهۆی هەمان کێشەوە لە تیپەکە دوور دەکەوێتەوە، بەڵام پێناچێ یارینەکردنی ئەو یاریزانانە کاریگەریی گەورە لەسەر تواناکانی مانچێستەر سیتی لە یارییەکەدا دروست بکات.
 
سیتی لە هاوینی ئەمساڵدا چەندین یاریزانی لەو پێکهاتەیە لەدەستدا کە چەند مانگێکی کەم لەمەوبەر یەکەم نازناوی چامپیۆنزلیگیان لە مێژووی یانەکەدا بردەوە.. دیارترین رۆیشتووان لە ریزەکانی سیتی ئێلکای گوندۆگان و ریاز محریز بوون، بەڵام پێپ هەرزوو بۆ شوێنگرتنەوەی یاریزانە ئەڵمانییە رۆیشتووەکەی، گرێبەستی لەگەڵ ماتیۆ کۆڤاچیچ کرد و بۆ بەهێزکردنی هێڵی بەرگریش، کڤاردیۆلی ئۆکراینی کردە گرانترین بەرگریکەری مێژووی تۆپی پێ.
 
پێپ هەروەکچۆن لە کۆتاییەکانی وەرزی رابردوودا گرێکوێرەی چامپیۆنزلیگی لە بەرامبەر بەختی خۆی و مانچێستەر سیتیدا کردەوە، لەم سەرەتای وەرزەدا پێویستی بەکردنەوەی گرێیەکی دیکە هەیە لە جامی سوپەری ئەوروپادا، ئەو جامەی پێپ وەک یاریزان، یەکەم نازناو بوو بەدەستی بهێنێت و سیتیش یەکەمجارێتی بەو رادەیەی ئێستا، نزیک ببێتەوە لێی.
 
سێڤییا
 
هەروەکچۆن بردنەوەی نازناوی یۆرۆپالیگ بەدەستکەوتێکی پێشبینینەکراو لە کۆتاییەکانی وەرزی رابردوو بۆ سێڤییای ئیسپانی دادەنرێت و ئەو یانەیە بەهۆی ئەزموونی زۆریەوە لەو پاڵەوانێتییە توانی شکست بەرۆمای ئیتاڵی بهێنێت، بۆ ئەمشەویش لە جامی سوپەری ئەوروپادا، سێڤییا و هاندەرانی هیواخوازن هەمان سیناریۆ دووبارە بکەنەوە و ئەمجارەش ئەزموون ئەوان بباتەوە سەر سەکۆی نازناوێکی ئەوروپی.
 
لە بەرامبەر یەکەم دەرکەوتن و یاریی مان سیتیدا لە جامی سوپەری ئەوروپا، سێڤییا بەئەزموونێکی زۆرەوە روو لە یارییەکە دەکات و ئەوە حەوتەم دەرکەوتنی ئەو یانەیەیە لە جامی سوپەری ئەوروپادا کە لەنێو کۆی دەرکەوتنەکانیدا، جارێک نازناوەکەشی بردووەتەوە کە ساڵی 2006 بووە.
 
جیا لە ئەزموونی دەوڵەمەند و زۆری یانەکە لە یۆرۆپالیگ و بەشداریکردن لە جامی سوپەری ئەوروپا، خاڵێکی دیکەی مایەی دڵخۆشی و گەشبینی بۆ هاندەرانی سێڤییا، ئەو کارەیە کە خۆسێ مێندیلیباری راهێنەر لەگەڵ یانە ئەندەلووسییەکەدا ئەنجامیدا لە ماوەیەکی کەمدا.
 
مێندیلیبار گەرچی ئەزموونێکی زۆری وەک راهێنەر هەیە، بەڵام کارکردنی لەگەڵ سێڤییادا ئەوی گەیاندە لووتکە و ئەو راهێنەرە کە لە کۆتاییەکانی مانگی سێی ئەمساڵدا مەشقدانی یانەکەی بەشێوەیەکی کاتیی وەرگرت، توانی یانەکە لە دۆخی ترس لە دابەزینەوە لە لالیگا بگەیەنێتە پلەی دوانزەی ریزبەندی گشتیی خولەکە و لە یۆرۆپالیگیش نازناوەکەی لەگەڵدا بباتەوە. 
 
مێندیلیبار ئەزموونێکی زۆری لە کارکردن لەگەڵ چەندین یانەی ئیسپانیدا کۆکردووەتەوە، ئەو پێشتر راهێنەری ئاتلێتیک بیبلباو، ڤایادۆلید، ئۆسەسۆنا، لیڤانتی، ئایبار و ئالاڤێس بووە و ئێستاش لە سەرپەرشتیکردنی مەشقدانی سێڤییادا بەهۆی ماوە کەمە ناوازەکەی لەگەڵ ئەو یانەیە، بەنوێکردنەوەی گرێبەستەکەی تاوەکو کۆتایی وەرزی ئەمساڵ پاداشتکراوەتەوە.
 
سێڤییا ئەمشەو بۆ گەیشتنەوە بەنازناوێکی دیکەی ئەوروپی لە مێژووی خۆیدا پێویستی بە پێشاندانی ئاستێکی ناوازە و گەیشتنە لووتکەی ئاستی خۆی هەیە و ئەو یانەیە لە هاوینی ئەمساڵدا گەرچی گرێبەستی بەرچاوی ئەنجام نەداوە، بەڵام پارێزگاری لە زۆرینەی پێکهێنەرە سەرەکییەکانی تیپەکەی کردووە و ئەوەش وا دەکات یانەکە خەون بینین بەبردنەوە لە سیتی، بەخەونێکی رەوا بۆخۆی ببینێت.
 
وێڕای جێگیریی پێکهاتەکە، مێندیلیبار بەخاڵی هەرە درەوشاوە لە ئێستای سێڤییادا دادەنرێت، ئەو راهێنەرە لە کۆتاییەکانی وەرزی رابردوودا شکستی بەیەکێک لە راهێنەرە مێژووییەکانی ئەوروپا هێنا کە جۆزێ مۆرینیۆی را‌هێنەری پۆرتوگالییە و بۆ ئەو، جوانترین ساڵ دروست دەبێت، ئەگەر ئەمشەویش شکست بە رکابەرەکەی مۆ و یەکێکی دیکە لە راهێنەرە مێژووییەکانی ئەوروپا بهێنێت، کە پێپ گواردیۆلایە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە