خوان لاپۆرتا: سەلماندمان کە بارسا لە سەرووی هەمووانەوەیە

16-08-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن خوان لاپۆرتا بارسێلۆنا
A+ A-

رووداو دیجیتال

خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، وەڵامی جۆسێپ ماریا بارتۆمیۆی سەرۆکی پێشووی بارسێلۆنای دایەوە، کە لە وتارێکدا هێرشی کردبووە سەر خوان لاپۆرتا و کارگێڕییەکەی. گوتیشی "وتارەکەی بارتۆمیۆ پڕبوو لە درۆ، ئەو بارسای وێرانکردووە".

سەرۆکی بارسا لە سەرەتای قسەکانیدا، گوتی "دەمەوێت هەموو دۆخەکە روونبکەمەوە لەوەتەی لە مانگی ئاداردا پۆستی سەرۆکایەتی بارسامان وەرگرتووە".

ئەو گوتی "کاتێک هاتین یەکەم کار قەرزێکمان بە 80 ملیۆن یۆرۆ لە بانکی گۆلدمان وەرگرت، چونکە دەبووایە مووچەکان بدەین و بەبێ ئەو قەرزە نەماندەتوانی مووچەکان بدەین".

لاپۆرتا ئاماژەی بەوەش کرد کە دەبووایە بەپەلە هەندێک کاری نۆژەنکردنەوە لە یاریگەی کامپ نودا بکەن، چونکە مەترسی بۆ سەر ژیانی هاندەران دەبوو "119 حاڵەت هەبوون، دەبووایە کاریان لەسەر بکەین بۆ ئەوەی هاندەران بتوانن بێنە نێو یاریگەکە".

ئەو گوتیشی "بۆمان دەرکەوت کە 50٪ـی مافی پەخشی تەلەڤزیۆنیی خولەکە پێشتر بەدەستهێنراوە".

سەرۆکی بارسێلۆنا، روونیکردەوە "زۆر زەحمەت بوو مامەڵە لەگەڵ هەندێک گرێبەست بکەین، بۆ نموونە دۆزەرەوەیەکی بەهرەکان لە ئەمریکای باشوور هەبوو 8 ملیۆن یۆرۆی وەردەگرت، ئەوە بڕە پارەیەکی زۆر زۆرە، بووەتە هۆکاری زیانگەیاندنێکی زۆر بە ئابووری یانەکەمان".

ئەو لە درێژەی قسەکانیدا، رایگەیاند "سیاسەتێکی زۆر هەڵەی مووچەکان پەیڕەو کراوە، یاریزانانی بەتەمەن گرێبەستی درێژخایەنیان هەبوو، کەچی یاریزانانی لاو گرێبەستی کورتخایەنیان پێدرابوو".

سەرۆکی یانەی کەتەلۆنی، باسی خراپی دۆخی دارایی یانەکەی و قەرزەکانی سەر بارسای کرد و گوتی "بڕی مووچەکانی یانەکەمان 103٪ـی داهاتی گشتییمانە، تەنیا مووچەی یاریزانەکانمان 617 ملیۆن یۆرۆیە، بە رێژەی 25٪ تاوەکو 30٪ زیاترە لە مووچەی یاریزانانی یانە رکابەرەکانمان".

ئەو زیاتر لەبارەی قەرزەکانی یانەکەیەوە، گوتی "تاوەکو ئەمڕۆ بڕی قەرزەکانی ساڵی رابردوومان 451 ملیۆن یۆرۆیە، کۆی قەرزەکانی بارسا ملیارێک و 350 ملیۆن یۆرۆیە، بارودۆخەکە زۆر قورس و کارەساتئامێزە". هەروەها گوتیشی "بڕی زیانەکانمان لە کۆڤید 19 گەیشتووەتە زیاتر لە 91 ملیۆن یۆرۆ".

کاتێک لەبارەی گەڕانەوەی هاندەران بۆ نێو کامپ نو پرسیاریان لێکرد؟ لاپۆرتا گوتی "ئامادەبوونی جەماوەر بۆ هاندانی یاریزانان زۆر گرنگ بوو، ئەوان پشتیوانی تیپەکەیان بوون و بە پەرۆشەوە چاوەڕێی داهاتووین". ئەو لە بەردەوامی قسەکانیدا گوتیشی "دوێنێ سەلماندمان کە بارسا لەسەرووی هەمووانەوەیە".

کە لەبارەی وتارەکەی بارتۆمیۆوە پرسیاریان لێکرد؟ سەرۆکی بارسێلۆنا لە وەڵامدا گوتی "چاوەڕێی ئەو پرسیارە بووم، وتارەکەی کە کراوەبوو بۆ هەمووان، پڕبوو لە درۆ، من حەز بەو درۆانە ناکەم کە لە وتارەکەی بارتۆمیۆدا هەبوون، من و ئەو لە ژمارەکاندا هاوبەش نین، ئێمە لەگەڵ ئەو تەواو جیاوازین، ئەوان تاوەکو 17ـی مانگی 3ـی 2021 بەپرسن لە هەموو شتێک و پێویستە بەرگەی دەرئەنجامەکان بگرن، کەس ناتوانێت لە بەرپرسیاریەتییەکەی رابکات".

لاپۆرتا لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە وتارەکەی بارتۆمیۆ، گوتی "بارتۆمیۆ باسی ئەوە دەکات کە دوایینجار بە رێژەی 90٪ موچەی یاریزانانی کەمکردووەتەوە، بەڵام لە راستیدا یاریزانەکان هەر ئامادە نەبوون قسەشی لەگەڵ بکەن".

ئەو بەردەوامە لە قسەکانی و دەڵێت "کە دەڵێن ئێمە لە 16 ملیۆن یۆرۆی نەیمار خۆشبووینە درۆیەکی دیکەیە، پرسی نەیمار بۆ یانەکەمان زۆر خراپ بوو، زۆر کاریگەری بەسەر ناوبانگییەوە هەبوو، رۆسێل و نەیمار سزایەکی 5.5 ملیۆن یۆرۆیان خستە سەر بارسا، دەبێت ئەوە بەبیریان بێنمەوە"، هەروەها گوتیشی "ئەوان 222 ملیۆن یۆرۆیان لە فرۆشتنی نەیمار وەرگرت، کەچی بەخێرایی بروسکە و بەشێوەیەکی نەگونجاو خەرجیان کرد".

سەبارەت بە رۆیشتنی لیۆنێل مێسیش پرسیاریان لێکرد و ئەو لە وەڵامدا گوتی "ئەگەر بیرمان لە نوێکردنەوەی گرێبەستی مێسی کردبێتەوە، لەبەرئەوە بووە کە ئێمە پێشبینیمان دەکرد بودجەی کارگێڕیی رابردوو رێگەمان پێدەدات ئەو کارە بکەین، بەڵام کاتێک بۆمان دەرکەوت کە رێژەی راستەقینەی بودجەکە چەندە، دەبووایە پێداچوونەوە بە هەڵوێستماندا بکەینەوە".

لەبارەی چەپڵەلێدانی هاندەرانیش بۆ مێسی؟ لاپۆرتا گوتی "رێزم بۆ هەموو ئەوانە هەیە کە ئامادەی یاریگە بوون، ئەوەی من بیستم لە جەماوەر ئەوەبوو کە هاواریان دەکرد بارسا بارسا، ئەوان پشتیوانیان لە تیپەکەیان دەکرد، کاتێک ریال سۆسیداد گۆڵی دووەمی کرد بەردەوام بوون لە هاندانی تیپەکەیان تاوەکو رۆبێرتۆ گۆڵی چوارەمی بەدەستهێنا، پێویستە هەموومان یەکگرتوو بین".

بۆچی مێسی تەوقەیەکی ساردی لەگەڵ کردی؟ ئەمجارە ئەم پرسیارەیان لێکرد و لاپۆرتا لە وەڵامدا گوتی "زۆر بێتاقەت بوو، ئەوە روونە کە نەمانتوانی ئەوە بەدەستبێنین کە پلانمان بۆی دانابوو، من هێشتا هەمان رێزی جارانم بۆ لیۆ هەیە، بەداخەوە کە کارەکان بەو شێوەیە کۆتاییان پێنەهات کە پلانمان بۆیان دانبوو".

خوان لاپۆرتا، لە کۆتایی قسەکانیدا، راشکاوانە رایگەیاند "دەمەوێت بەبیری بارتۆمیۆ بێنمەوە کە ئەو یانەکەمانی وێرانکرد، 4 کەیس لەگەڵ نەیمار هەبوون، بەڵام ئێمە پێمان باشبوو ئەو کێشانە لە پێناو بەرژەوەندی یانەکە چارەسەر بکەین، بەداخەوە وتارە 8 خاڵییەکەی بارتۆمیۆ 8 درۆی تێدابوو".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئامادەبوونی هاندەران لە ستۆدیۆی تایبەتی رووداو بۆ رووماڵی یارییەکانی یۆرۆی 2024. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

بینەرانی رووداو بوونە براوەی یۆرۆ 2024

بینەرانی رووداو بەشێوەیەکی زۆر ئینتراکتیڤ بەشدارییان لە بەرنامەکانی رووداو دا کرد، بۆ نیشاندانی بۆچوون و پێشبینییەکانیان، بە ملیۆنان تێچێن (کۆمێنت) بەشدارییان لەگەڵ بەرنامەی (ستۆدیۆی یۆرۆ)ی رووداو دا کرد. 84 بینەری رووداو لە پارێزگا جیاوازەکانی کوردستان بوونە براوەی خەڵاتەکانی رووداو. خەڵاتەکانیش بەوشێوەیە بوون:( یەک ئۆتۆمبێل، 23 تەلەڤزیۆن، 23 لیرەی زێڕ، 28 ئایپاد، 20 مۆبایلی زیرەک، 12 دەست کەلوپەلی نێوماڵ).