ئامارەکانی بردنەوەی جامی سوپەری ئەوروپا لەلایەن رۆخی بلانکۆس

16-08-2018
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ئاتلێتیکۆ مەدرید، پاڵەوانی جامی سوپەری ئەوروپا
A+ A-

رووداو - هەولێر

یانەی ئاتلێتیکۆ مەدریدی ئیسپانی بۆ جاری سێیەم نازناوی جامی سوپەری ئەوروپای بەدەستهێنا، دوای ئەوەی لە یانەی ریال مەدریدی هاوشاری و رکابەری بردەوە.

هەردوو یانە لە تالینی پایتەختی ئەستۆنیا رووبەڕووی یەکبوونەوە، رۆخی بلانکۆس یارییەکەی بە چوار گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە.

تەنیا چەند چرکەیەک بەسەر دەستپێکردنی یارییەکە تێپەڕی کاتێک، دیێگۆ کۆستا گۆڵی یەکەمی بۆ ئاتلێتیکۆ مەدرید تۆمارکرد، لە خولەکی 27 کەریم بێنزیما ئەنجامەکەی بۆ ریال مەدرید یەکسانکردەوە و گێمی یەکەم بەیەکسانبوون کۆتاییهات.



لەگێمی دووەمدا لە خولەکی 63 سێرخیۆ رامۆس بەلێدانی سزا ریال مەدریدی کردە خاوەنی گۆڵی دووەم، بەڵام ئەمجارەش دیێگۆ کۆستا تۆڕی ناڤاسی هەژاند و ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە، یارییەکە بەو ئەنجامە مایەوە تاوەکو کاتی ئاسایی یارییەکە کۆتاییهات و هەردوو یانە روویانکردە کاتی زیادکراو.

لەکاتی زیادکراودا ئاتلێتیکۆ مەدرید باشتر یارییکرد، لە خولەکی 98 ساول نیگێز، گۆڵی سێیەمی رۆخی بلانکۆسی تۆمارکرد، پاشان کۆکی لە خولەکی 104 گۆڵی چوارەمیشی تۆمارکرد و ئاتلێتیکۆ مەدرید بە چوار گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ یارییەکەی بردەوە و بۆ جاری سێیەم نازناوەکەی بەدەستهێنا.

ئامارەکانی دوای یارییەکە

* گۆڵەکەی دیێگۆ کۆستا لەدوای 49 چرکە بووە خێراترین گۆڵ لە جامی سوپەری ئەوروپا.

* کەریم بێنزیما پێنجەم یاریزانی فەرەنسییە لە جامی سوپەری ئەوروپا گۆڵ دەکات، دوای جان پیێر بابان لە 1994، جێبریل سیسێ لە 2005، فرانک رێبێری لە 2013 و کیڤن گامێرۆ لە 2015.



* لە دوایین 6 گۆڵی ریال مەدرید لەیارییە ئەوروپییەکاندا کەریم بێنزیما 4 گۆڵی تۆمارکردووە.

* کەریم بێنزیما لە هەر 6 پاڵەوانێتیدا کە ریال مەدرید بەشدارییان تێدا دەکات گۆڵی کردووە، ئێستا خاوەنی 193 گۆڵە لەگەڵ یانەکە.

* گارێس بەیڵ لە جامی سوپەری ئەوروپا 3 گۆڵی دروستکردووە، زۆرترین لە ریال مەدرید لە وەرزی 2013-2014ـەوە

* گارێس بەیڵ یەکەم یاریزانە لە 3 وەشانی لەسەریەکی جامی سوپەر گۆڵ دروستدەکات.



* سێرخیۆ رامۆس یەکەم یاریزانی ریال مەدریدە لە دوو یاریی جامی سوپەری ئەوروپی گۆڵ دەکات، 2016 و 2018.

* رامۆس یەکەم کاپتنە لە مێژوودا لە یارییەکانی کۆتایی پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکاندا 4 گۆڵ تۆماردەکات، 2 گۆڵ لە چامپیۆنزلیگ و 2 گۆڵ لە جامی سوپەری ئەوروپا.

* رامۆس 5 گۆڵی بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید تۆمارکردووە، تەنیا بەرامبەر سێڤییا 7 گۆڵی کردووە.

* دیێگۆ کۆستا پێنجەم یاریزانە لە یارییەکی کۆتایی ئەوروپیدا 2 گۆڵ لە ریال مەدرید دەکات، دوای ئارڤین شتاین، ئوزیبیۆ، ساندرۆ ماتزۆلا و گاردیل.



* لەو 4 گۆڵەی ئاتلێتیکۆ مەدرید کە لە یارییەکەدا تۆماریکردن 3 گۆڵ لە رێگەی هەڵەکانی رامۆس، مارسێلۆ و ڤاران بوون.

* لە 21-11-2015ـەوە یەکەمجارە ریال مەدرید لە یارییەکدا 4 گۆڵی لێدەکرێت، ئەوکاتە 4-0 بەرامبەر بارسێلۆنا دۆڕا لە لالیگادا.

* یەکەمجارە لە دوای 10-3-2015ـەوە ریال مەدرید لە یارییەکی ئەوروپیدا 4 گۆڵی لێدەکرێت، ئەو کاتە لە چامپیۆنزلیگ 4-3 بەرامبەر شالکێ دۆڕا.

* جولین لۆپیتیگێ سێیەم راهێنەری ریال مەدریدە لەیەکەم دەرکەوتنیدا 4 گۆڵی لێدەکرێت، دوای مایکل کیپینگ لە 1948، ئیکتۆر ئیسکارۆنی لە 1951.

* ئاتلێتیکۆ مەدرید یەکەمجارە لە یارییەکی کۆتایی ئەوروپیدا 4 گۆڵ بەرامبەر ریال مەدرید دەکات.



* جولین لۆپیتیگێ یەکەم راهێنەری ریال مەریدە لە یاریی یەکەمدا دەدۆڕێت، لەدوای 2007ـەوە کە بێرند شوستەر لەیەکەم یارییدا دۆڕا.

* دیێگۆ سیمیۆنی یەکەم راهێنەری ئاتلێتیکۆ مەدریدە لە سێ رکابەری جیاوازدا لە یاریی کۆتاییدا لە ریال مەدرید دەباتەوە، جامی شای ئیسپانیا، جامی سوپەری ئیسپانیا، جامی سوپەری ئەوروپا.

* سیمیۆنی یەکەم راهێنەرە لە مێژووی ئاتلێتیکۆ مەدریددا 7 نازناوی بردبێتەوە، 2 یۆرۆپالیگ، 2 جامی سوپەری ئەوروپا، 1 لالیگا، 1 جامی شای ئیسپانیا، 1 سوپەری ئیسپانیا.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە