مۆلەر گاڵتە بە ڤان خال دەکات
رووداو - هەولێر
تۆماس مۆلەر یاریزانی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی دووپاتیکردووەتەوە لە یانە باڤارییەکە بەردەوام دەبێت و ناچێتە هیچ یانەیەک.
مۆلەر لە وەڵامی پرسیارێکی گۆڤاری کیکەری ئەڵمانیدا گوتی: دڵخۆشم لە بایرن و وەڵامی پرسیارەکەشتان نادەمەوە، من بایرن بەجێناهێڵم و ئاگاداری هیچ شتێک نیم، بڕۆن پرسیار لە ڤان خال بکەن سەبارەت بە چوونم بۆ مانچێستەر یونایتد.
پێشتریش یانەی مانچێستەر یونایتد بڕی ٥٠ ملیۆن پاوەندی خستبووە بەردەم یاریزانە ئەڵمانییەکە، بەڵام کارل هاینز رۆمەنیگە سەرۆکی جێبەجێکاری یانەی بایرن میونشن رایگەیاند "مۆلەر بۆ فرۆشتن نییە".
لە یەکەم یاریشیدا لە خولی بۆندسلیگای ئەڵمانیا، مۆلەری ٢٦ ساڵان دوو گۆڵی بەرامبەر یانەی هامبۆرگ لە ماوەی چوار خولەکدا تۆمارکرد.