شێرکۆ کەریم : هێرشکردنە سەر هاندەرانی یانەی هەولێر هێڵی سوورە

رووداو هەولێر

شێرکۆ کەریم، کاپتنی یانەی هەولێر، هەڵوێستی تووندی بەرامبەر بەو کەسانەی هێرشییان کردە سەر هاندەرانیان ئاشکراکرد و دەڵێت هاندەرانی یانەی هەولێر هێڵی سوورە و ئەو کارانە جێگای قبوڵکردن نییە.
 
لە دوایین گەڕی خولی تۆپی پێی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی نەورۆز لەنێو یاریگەی سلێمانی ناسراو بە 'مەلعەبەکە' میوانداری یانەی هەولێری کرد، دوای ئەوەی یارییەکە بە یەکسانبوونی هەردوو یانە بە 4-4 تەواوبوو، گرژی کەوتە نێو پەیژەکانی یاریگە و لە ئەنجامدا 15 هاندەری یانەی هەولێر برینداربوون و گوێزرانەوە نەخۆشخانە.
 
کاروان بلباس، سەرۆکی دەستەی هاندەرانی ئاڵتراسی یانەی هەولێر، کە لەنێو یاریگەی سلێمانی بوو، بە رووداوی راگەیاند "مخابن هاندەرێکی ئێمە دەمەقاڵێیەکی ئاسایی لەگەڵ هاندەرێکی یانەی نەورۆز بوو، بەڵام بەداخەوە پیاوانی پۆلیس و ئەمنی شاری سلێمانی بێڕەحمانە بە داری کارەبایی و هەموو شتێک هاتن هێرشیان کردە سەرمان و لێیانداین، بەو هۆیەوە 15 هاندەرمان بریندار بوون".
 
هێرشکردنە سەر هاندەرانی یانەی هەولێر، کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە، شێرکۆ کەریم کاپتنی یانەی هەولێر ئەمڕۆ لە لاپەڕەی فەرمی خۆی کارەکەی بە تووندی سەرکۆنە کردووە و نووسیویەتی "هاندەرانی یانەی هەولێر لەنێو یاریگەی فرانسۆ هەریری بەجوانترین شێوە پێشوازی لە یاریزان و هاندەرانی تیپی میوان دەکەن و میوان دۆستن. هێرشکردنە سەر هاندەرانی یانەی هەولێر هێڵی سوورە و جێگەی قبوڵکردن نییە. هاوسۆزیانم و هەردەم پشتگیرییان دەکەم".
 
دەستەی کارگێڕیی یانەی هەولێر، بەشێوەیەکی فەرمی هیچ لێدوان و بەیاننامەیەکی لەسەر رووداوەکانی دوای یاریی یانەکەیان و یانەی نەورۆز بڵاونەکردووەتەوە.
 
جێماو کارەش، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی یانەی هەولێر، کە یەکێکە لەو کەسانەی زۆر لەنێو هاندەران دەبیندرێت لەبارەی هێرشکردنە سەر هاندەرانیان گوتی "نامانەوێت پەلە بکەین و بڕیاری هەڵە بدەین، بەفەرمی داوای روونکردنەوەمان لە سەرپەرشتیاری یارییەکە و لیژنەی ئەمنی کردووە، ئێمە چاوەڕوانی ئەوانین و دەستبردن بۆ هاندەرانمان لە سەرووی هێڵی سوورە".
 
ئەمساڵ یانەی هەولێر ئاستێکی بەرزی لە خولی ئەستێرەکانی عێراق پێشکێش نەکرد، ئەنجامە خراپەکانی یانەکە گەیشتە ئەو راددەیەی سەرۆک و ئەندامانی دەستەی کارگێڕیی یانەکە دووربخرێنەوە و دەستەیەکی کاتی دەسبەکاربوون، دەستەی کاتی کارگێڕیی یانەکە متمانەیان بە سەمیر بابۆی راهێنەر بەخشی، بابۆ تیپەکەی لە خولی ئەستێرەکانی عێراق هێشتەوە و هیوایەکی گەورەی گەڕاندەوە بۆ نێو دڵی هاندەرانی یانەکە بۆ ئەوەی لە وەرزی داهاتوو تیپێکی بەهێز دروستبکات.