ڤیدیۆ؛ ئێمباپێ لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ چی گوت؟

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
کیلیان ئێمباپێ
کیلیان ئێمباپێ
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کیلیان ئێمباپێ، یاریزانی نوێی یانەی ریال مەدرید لەکاتی ناساندنی وەکو یاریزانی یانەکە دەڵێت "زۆر شەو خەوتم و خەونم دەبینی، بەدرێسی ریال مەدریدەوە یاری بکەم، خەونەکەم بووە راستی."
 
ئێمباپێ لەنێو پێشوازییەکی گەورەدا لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بە هاندەران ناسێنرا، دوای ناساندنەکەی قسەی بۆ هاندەران کرد و گوتی "شتێکی بڕواپێنەکراوە ئەمڕۆ لێرەم، چەندین ساڵە کاتێک دەخەوتم خەونم بەمەوە دەبینی و ئەمڕۆ پێیگەیشتم، من ئەمڕۆ کوڕێکی دڵخۆشم، زۆر دڵخۆشم و پێش هەموو شتێک دەمەوێت سوپاسی سەرۆک فلۆرێنتینۆ پێرێز بکەم، بۆ ئەو متمانەیەی پێیدام، زۆر شت روویدا، بەڵام تەنیا دەمەوێت پێی بڵێم سوپاس، سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەم کە کاریان بۆ ئەوە کردووە کە ئەمڕۆ لێرەبم و یاریزانی ریال مەدرید بم."
 
ئێمباپێ دەڵێت "شتەکە زۆر زەحمەت بوو، بەڵام لێرەم و یاریزانی ریال مەدریدم، ماڵباتەکەم دەبینم دڵخۆشم، دایکم دەگریێت، هەموو ماڵباتەکەم لێرەیە و ئەمە بڕواپێنەکراوە."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەستێرە فەرەنسییەکە بە هەمووانی گوت "لە منداڵییەوە ئەمە خەونی من بوو و کە لێرەم بۆ من زۆر مانای هەیە، سوپاسی هاندەرانی ریال مەدرید دەکەم بۆ ئەو رێز و خۆشەویستییەی پێشانیادام، گەیشتنە دڵم و سوپاسی هەمووتان دەکەم کە ئەمڕۆ لێرەن."
 
کیلیان خەونی یارییکردنی بۆ ریال مەدرید کردە راستی و دەڵێت "خەونێکی دیکەم هەیە، هیوادارم لە ئاست متمانە و چاوەڕوانی یانەی ژیانم بم، باشترین یانەی جیهان، هەموو ژیانم دەبەخشم بە یانەکە و لۆگۆکەی."

 
لە قسەکانی یەکەم دەرکەوتنیدا وەکو یاریزانی ریال مەدرید ئێمباپێ رێنوێنی منداڵان دەکات و دەڵێت "دەمەوێت پەیامێک بۆ منداڵان بنێرم، چونکە دەبینم زۆریان لێرەن، من یەکێک بووم لە ئێوە و خەونێکم هەبوو و بەدیهات، تەنیا یەک رێنوێنی، بە جۆش و خرووشەوە دەتوانیت خەونەکانت بەدیبهێنیت، هەموو شتێک کە دەتەوێت، من یەکێک بووم لە ئێوە و ئێستا لێرەم، زۆر بەپەرۆشم، دەزانم زۆر قسەدەکەم، بەڵام ئەمە بۆ من مانای زۆری هەیە، شتەکە زۆر زەحمەت بوو، بەڵام شانازی بەوەوە دەکەم گەیشتوومەتە یانەی خەونەکانم، گەورەترین یانەی مێژووی تۆپی پێ."


لە کۆتایی قسەکانیدا هاوشێوەی هەموو ئەو یاریزانانەی پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە دەکەن ئێمباپێش لۆگۆی یانەکەی ماچکرد و گوتی "زیاتر قسەناکەم، چونکە ئەگەر قسەی زیاتر بکەم دەگریم، شتێک هەیە دەمەوێت پێتانی بڵێم، هەموومان بەیەکەوە، 1.2.3 هەلا مەدرید، وەکو ماڵباتێکی گەورە، وایە؟، دووبارە 1.2.3 هەلا مەدرید."



کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە