بارسێلۆنا جۆری پێکانەکەی پێدری ئاشکرا کرد


رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، لە بڵاوکراوەیەکدا جۆری پێکانی پێدری، ناوەڕاستکاری یانەکەی ئاشکراکرد. پێدەچێ ئەو یاریزانە لە ماوەی ئامادەسازییەکانی سەرەتای وەرزی یانەکەیدا، توانای بەشداریکردنی نەبێت.
 
پێدری لە سەرەتای یاریی نێوان ئیسپانیا و ئەڵمانیا لە یۆرۆی 2024 تووشی پێکانێکی بەهێز بووەوە، بەهۆی بەرکەوتنی لەگەڵ تۆنی کرووس.
 
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا، لە دوای پێکانەکەی پێدری، ئەوکات لە بڵاوکراوەیەکدا ئاشکرایکردبوو کە پشکنینە پزیشکییەکان روونیدەکەنەوە پێدری بەدەست سووڕانی باشی ناوەوەی ئەژنۆی چەپییەوە دەناڵێنێت، بۆ ماوەیەک دووردەکەوێتەوە و گەڕانەوەی بۆ یارییکردن پشت بەچاکبوونەوەی لە پێکانەکە دەبەستێت.
 
یانەی بارسێلۆنا هەمان جۆری پێکانی پێدری دووپاتکردووەتەوە، بەڵام بەبێ دەستنیشانکردنی ماوەی دوورکەوتنەوەکەی، لە کاتێکدا رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ گوتویەتی، "ماوەی دوورکەوتنەوەی ئەو یاریزانە مانگێکە و پێشبینیدەکرێت رۆژی 12ی مانگی هەشتی ئەمساڵ، بەشداری لە یاریی جامی خوان گامبەری دۆستانەدا بکات کە بارسێلۆنا بەرامبەر مۆناکۆی فەرەنسی ئەنجامیدەدات".
 
پێدری بەشێکبوو لەو یاریزانانەی ئیسپانیا کە نازناوی یۆرۆی 2024یان لەگەڵ ئیسپانیادا بەدەستهێنا.
 
پێکانی پێدری کێشە بۆ ماوەی ئامادەسازییەکانی بارسێلۆنا لەگەڵ راهێنەری نوێی یانەکە، هانزی فلیک دروستدەکات، بەڵام یانەکە هیواخوازە پاش گەڕانەوە، ئەو یاریزانە زوو لەگەڵ ستایلی یارییکردنی ئەو راهێنەرەدا بگونجێت.