وەرزی داهاتووی خولی ئەستێرەکانی عێراق چۆن بەڕێوەدەچێت؟

رووداو هەولێر

فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، دوای تەواوبوونی یەکەم وەرزی خولی ئەستێرەکانی عێراق، بۆ وەرزی داهاتوو ژمارەیەک بڕیار و مەرجی لەسەر یانە بەشدارەکانی خولەکە سەپاندووە.
 
یارییەکانی وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق، رۆژی 21ـی مانگی نۆی ئەمساڵ دەستێپدەکەن، هەر یانەیەک دەتوانێت گرێبەست لەگەڵ 6 یاریزانی پیشەگەر واژۆبکات، بە مەرجێک یاریزانەکان لەو وڵاتانە بن کە هەڵبژاردەکانیان لە ریزبەندیی 90 باشترین هەڵبژاردەکانی فیفا بن.
 
سەبارەت بە راهێنەرانی یانە بەشدارەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق، دەبێت راهێنەر خاوەن بڕوانامەی پڕۆی نێودەوڵەتی بێت، هەر راهێنەرێک تەنیا بۆی هەیە راهێنەرایەتی یەک یانە بکات لە وەرزێکدا.
 
دەبێت هەموو یانەکان بەشی ئەندازیارییان هەبێت و بەجوانترین شێوە یاریگەکان بۆ وەرزی داهاتوو ئامادە بکەن، لە هەموو یاریگەکان بەشێکی تایبەتی هونەری و ئەندازیاری بوونی دەبێت کە پێشتر کارییان لە ئامادەکردنی یاریگەکانی مۆندیال کردووە، لە هەموو یارییەکانی وەرزی داهاتوو کەسێک وەک بەڕێوەبەری یارییەکان بوونی دەبێت، کە راپۆرتی تایبەت لەسەر کەموکوڕی کوالێتی یاریگەکان دەداتە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق.
 
دەبێت بۆ وەرزی نوێ هەموو یاریگەکان رووناککەرەوەیان هەبێت، هەر یانەیەک کەموکوڕی و خەمساردی لە یاریگەکەیدا بوونی هەبوو لە لایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراقەوە بە بڕی 10 ملیۆن دینار سزا دەدرێت.
 
نێچیرڤان هەرکی، رێکخەری راگەیاندن، لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، لەبارەی یارییەکانی وەرزی نوێ بۆ رووداو، رایگەیاند "پێموایە تووندکردنی مەرجەکان و ئەو رێنماییە نوێیانە دەبێتە هۆی بەهێزتر بوون و بەرزبوونەوەی ئاستی خولی ئەستێرەکانی عێراق، پلانەکان بۆ ئەوە دەڕۆن کە خولی عێراق لە چەند ساڵی داهاتوو ببێت بە یەکێک لە باشترین خولەکانی کیشوەری ئاسیا".
 
فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، بە هاوکاری دەستەی خولی لالیگای ئیسپانیا، خولی ناوخۆی عێراقی بەشێوەی پیشەگەری و لەسەر رێنماییەکانی لالیگا بۆ یەکەمجار بەڕێوەبرد، ئێستا بەشێوەیەکی فەرمی بارەگای لالیگای ئیسپانیا لە شاری بەغدایە و ئەوان چاودێری خولی ناوخۆی عێراق دەکەن، کە بە خولی ئەستێرەکانی عێراق ناسراوە.
 
وەرزی رابردوو 20 یانە بەشداری خولی ئەستێرەکانی عێراقیان کردبوو، یانەی شورتە نازناوەکەی بردەوە، هەریەک لە یانەکانی هەولێر، زاخۆ، دهۆک لەگەڵ نەورۆز چوار تیپی کوردی خولەکەن.