بۆچی تۆپی پێ ناگەڕێتەوە بۆ باوەشی دایکی؟

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یۆرۆ 2024 هەڵبژاردەی ئینگلتەرا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوای چاوەڕوانییەکی زۆر و بەدیاریکراویش لە دوای مۆندیالی 1966ەوە لەسەر خاکی خۆیان، ئینگلیزەکان پێیانوابوو خەونی ئەوان بە "گەڕانەوەی تۆپی پێ بۆ نیشتمانەکەی"، ئەمجارە بەدی دێت، پاشئەوەی جارێکی دیکە و لەسەر خاکی ئەڵمانیا، گەیشتنەوە یاریی کۆتایی یۆرۆ، بەڵام جارێکی دیکە، خەونەکەیان بەتاڵ بووەوە، پاشئەوەی لە بەرلین، بە ئیسپانیا دۆڕان بە 2 - 1 گۆڵ.
 
لەگەڵ هەموو پاڵەوانێتییەکەدا، هاندەرە ئینگلیزەکان، دروشمی "تۆپی پێ دەگەڕێتەوە بۆ باوەشی دایکی" بەرزدەکەنەوە، بەو ئومێدەی ئەو یارییە جەماوەرییە، جارێکی دیکە لە باوەشی نیشتمانی دایکیدا، (بەبۆچوونی ئینگلیزەکان) پشوویەک بدات.
 
شکستەکەی ئینگلتەرا بەرامبەر ئیسپانیا، زیندووکەرەوەی یادەوەرییە تاڵەکانی شکستی سێ ساڵ لەوەو پێشبوو، کاتێک ئەوان بەلێدانی یەکلاکەرەوە بە ئیتاڵیا دۆڕان.
 
راستە ئینگلتەرا هیچکاتێک نازناوی ئەوروپایان بەدەستنەهێناوە، لە وەشانی پێشووی پاڵەوانێتییەکەدا گەیشتنە یاریی کۆتایی و ئەوە یەکەمجار بوو بگەنە ئەو شوێنە. جیا لەوەش ئینگلتەرا تەنیا یەکجار و لە 1966دا نازناوێکی گەورەی بەدەستهێناوە، بەڵام هەموو کات پێشبینی هاندەرەکانی گەورەیە، بەتایبەت ئەمجارە سنووری بیرکردنەوەیان زۆر فراوانبوو، چونکە هەمووان پێیانوابوو نەوەی ئێستای هەڵبژاردەکە، باشترینی مێژووی 'سێ شێرەکە' بوون.
 
ئەگەرچی ئینگلتەرا لە یۆرۆی 2024دا ئەوەی پێشکێشنەکرد کە لێی چاوەڕواندەکرا، بەڵام هەرچۆنێک بێت، هەڵبژاردەکە گەیشتە یاریی کۆتایی، بەرلەوەی لەوێ دوای یەکسانبوون بەگۆڵێک، بەهۆی گۆڵێکی میکێل ئۆیارزابالەوە و چوار خولەک پێشکۆتایی یارییەکە، دووچاری شکست ببێت.
 
لە یارییەکەی ئیسپانیادا، کەس نەیتوانی فریادڕەسی ئینگلیزەکان بێت، هاوشێوەی ئەوەی لە چەند یاریی رابردوودا ئەنجامیاندابوو.
 
لە قۆناخی شانزەدا ئینگلتەرا، توانی سلۆڤاکیا ببڕێت، بەهۆی گۆڵێکی ئاکرۆباتییانەی جود بێلینگهامەوە. دواتریش زۆر نزیکبوون لە چوونە دەرەوە بەرامبەر سویسرا لە چارەکی کۆتاییدا، بەڵام بوکایۆ ساکا لە خولەکی 80دا گۆڵی یەکسانبوونی تۆمارکرد و بەوەش یارییەکەی گەیاندە لێدانە یەکلاکەرەوەکان و بردنەوە.
 
لە قۆناخی کۆمەڵەکانەوە، کە تەنیا یەک بردنەوە و دوو یەکسانبوونی تێدا بەدەستهێنا، ساوسگەیتی راهێنەر رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەوە و هەمووان پێیانوابوو ئەو راهێنەرە، یاریزانە بەردەستەکانی بەباشی بەکارناهێنێت.
 
کارەکە گەیشتە ئەوەی هاندەرە ئینگلیزەکان لە دوایین یاریی قۆناخی کۆمەڵەکاندا، کاتێک هەڵبژاردەکەیان بەبێ گۆڵ لەگەڵ سلۆڤینیا یەکسانبوو، پەرداخی بیرەیان بەساوسگەیتدا کرد، وەک ناڕەزایەتی بەرامبەر ئاستی هەڵبژاردەکە.
 
دۆخەکە ئەوکاتە گۆڕا کە هەڵبژاردەکە بە 2 -1 لە قۆناخی نیوەی کۆتاییدا کە هۆڵەندای بردەوە لە دوایین خولەکەکاندا بەهۆی ئۆلی واتکینزەوە، ئەوکات ئیدی رەخنەکان و هاوارەکانی ناڕەزایەتی گۆڕان بۆ پەسندانی تواناکانی ساوسگەیت و پیاهەڵدانی گۆڕانە بوێرەکانی.
 
رۆژنامەی 'گاردیان' وایدانا کە ئەوە گۆڕانە لە ئاوەزی گشتییدا و نووسی "سووکایەتی پێکرا و رەخنەی زۆری لێگیرا، بەڵام ئینگلتەرا گەیشتە یاریی کۆتایی بەسەرپەرشتی ساوسگەیت". رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەدابوو کە گەیشتنەوە یارییەکی کۆتایی دیکە پاش سێ ساڵ لە شکست بەرامبەر ئیتاڵیا و بەلێدانی یەکلاکەرەوە، "پێشوەچوونێکی ناوازەیە لە مێژووی ئینگلتەرادا".
 
ساوسگەیت، هەمان کاریزمای ئالف رامسی، راهێنەری هەڵبژاردەی ئینگلتەرای نییە کە توانی تاکە نازناوی مۆندیال بۆ هەڵبژاردەکە لە ساڵی 1966 لەسەر خاکی خۆی. بەڵام سەرکەوتوو بوو چەسپاندنی تیپەکە لە بەرزترین ئاستی تۆپی پێی جیهان، چونکە لەماوەی هەشت ساڵدا جارێک گەیشتە چارەکی کۆتایی لە مۆندیالی 2022 و پێش ئەویش، گەیشتبووە نیوەی کۆتایی مۆندیالی 2018، ئەمە جیا لە دووجار گەیشتنە یاریی کۆتایی یۆرۆ.
 
بەرلەوەی ساوسگەیت ببێتە راهێنەری ئینگلتەرا، ئەو هەڵبژاردەیە تەنیا یەکجار گەیشتبووە یاریی کۆتایی و نازناوەکەی بردبووەوە، دوای ئەوە بەشداری لە 23 پاڵەوانێتیی گەورەی جامی جیهانی و یۆرۆدا کردبوو، بەبێئەوەی بۆ یەکجاریش بگاتە یاریی کۆتایی.
 
ساوسگەیت، ئەمڕۆ دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە مەشقدانی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا راگەیاند، ئەو لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا گوتی، "وەک ئینگلیزییەک، شانازبووم یاریزان و راهێنەری هەڵبژاردەی ئینگلتەرا بم. ئەوە زۆرماناداربوو بۆ من، هەموو ئەوەی توانیم پێشکێشم کرد".
 
ئەو راهێنەرە هەروەها دەڵێ، "ئێستا کاتی گۆڕانکارییە لەپێناو بەشێکی نوێدا، یارییەکەی بەرامبەر ئیسپانیا لە بەرلین، دوایین یاریی من بوو وەک راهێنەری ئینگلتەرا".
 
ساوسگەیت لە 2011دا بووە راهێنەری هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، ئەو دەڵێ، هەشت ساڵ راهێنەری هەڵبژاردەکە بووم، پشتگیری کەسانی ناوازەم بەدەستهێنا و لەقووڵایی دڵەوە سوپاسیان دەکەم".
 
ساوسگەیت رایگەیاندووە کە هەڵبژاردەکەی یاریزانی بەهرەمەندی زۆری تێدان، ئەو دەڵێ "ئەو پێکهاتەیەی بردمانە ئەڵمانیا، پڕی لاوی بەهرەمەندبوو کە دەتوانن خەونی بردنەوەی جامەکە بکەنە راستی، من شانازیی زۆریان پێوە دەکەم و هیوادارم هەمووان پشتگیری یاریزانەکان و تیپەکە بکەین".
 
ئەگەرچی رۆژانی ئەو راهێنەر لەگەڵ ئینگلتەرا کۆتاییان هات، بەڵام ئەوە کۆتایی پێکهاتەی ئێستای هەڵبژاردەکە نییە، لەسایەی بوونی یاریزانانی لاوی وەک کۆڵ پاڵمەری تەمەن 22 ساڵ، هەروەها جود بێلینگهام 21 ساڵ، بوکایۆ ساکا 22 ساڵ، فیل فۆدین 24 ساڵ و دیکلان رایسی 26 ساڵ.
 
بەشێکی بەرچاوی یاریزانە لاوەکانی ئێستای ئینگلتەرا بۆ ساڵانی داهاتووش لە ریزەکانی هەڵبژاردەکەدا دەمێننەوە. بەڵام زۆریی بەهرەمەندەکانی پێکهاتەکە، گومانی لەسەر تواناکانی ساوسگەیت دروستکرد چونکە نەیتوانی لە رێگەی ئەوانەوە خەونی ئینگلیزەکان کە بردنەوەی نازناوێک بوو، بکاتە راستی.
 
ئەوەی وەک گلەیی گەورە لەسەر ساوسگەیت دەمێنێتەوە، نەبوونی کۆنترۆڵ و کێشەی توانای جەستەیی یاریزانەکانیەتی، بەڵام رەخنە گەورەکە لەو راهێنەرە، بەکارنەهێنانی یاریزانە لاوەکان و یەدەگەکانی بوو بەشێوەی پێویست.
 
لە کۆی حەوت یاریدا کە ئینگلتەرا لە یۆرۆدا ئەنجامیدان، تەنیا هەشت یاریزان بەشدارییان لە هەموو یارییەکاندا کرد، لە کاتێکدا ساوسگەیت هیچکات ئاوڕی لە یەدەگەکان نەدایەوە، تاوەکو ئەوکاتەی بەرامبەر هەریەکە لە سلۆڤاکیا، سویسرا و ئیسپانیا، بەئەنجام دواکەوت.
 
لە یاریی کۆتاییشدا بەرامبەر ئیسپانیا، هەمان سیناریۆ دووبارە بووەوە، ساوسگەیت خۆی رادەستی باڵادەستبوونی ئیسپانییەکانکرد، چونکە دەستپێشخەرنەبوو بۆ کۆنترۆڵی یارییەکە.
 
ئەمجارەیان ئیسپانیا کۆنترۆڵی تۆپی کرد و رێژەکەی هەندێکجار گەیشتە 80 لەسەد، تەنانەت ئەوکاتەی باشترین یاریزانیشی کە رۆدری بوو لە پشووی نێوان هەردووگێمدا بەهۆی پێکانەوە بەناچاری دانیشت، هیچ لە دیمەنی گشتیی یارییەکە نەگۆڕا.
 
گاریس ساوسگەیت ئەوکات گوتی، "بەرامبەر باشترین تیپ دۆڕان و دەبێ پێداچوونەوە بەدۆخەکەدا بکەین، ئەگەرچی من وێنە گشتییەکە لەبەرچاومدا روونە".
 
ئینگلتەرا ئەمجارەش بەبێنازناو گەڕایەوە، بەڵام پرسیارە گەورەکە هەروەکخۆی دەمێنێتەوە، "بۆچی تۆپی پێ، ناگەڕێتەوە ئامێزی دایکی؟".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە