ڤیدیۆ؛ هەموو شتێک لەبارەی پێشکێشکردنی کیلیان ئیمباپێ لەلایەن ریال مەدریدە

45 خولەک له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
Photo by OSCAR DEL POZO / AFP
Photo by OSCAR DEL POZO / AFP
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کیلیان ئێمباپێ، ئەستیرەی فەرەنسی، بەفەرمی و لە رێوڕەسمێکی مێژوویدا لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆدا، بە ئامادەبوونی 80 هەزار هاندەر، لەلایەن ریال مەدریدەوە ناسێنرا و ئەو ئەستێرەیە خەونی منداڵیی خۆی بەدیهێنا و درێسی یانەی شاهانەی لەبەرکرد.
 
کیلیان ئێمباپێی فەرەنسی، کە نوێترین گرێبەستی ریال مەدریدە، لە ماوەی بازاڕی گواستنەوەی هاوینەدا، سەرەتا گرێبەستە فەرمییەکانی بۆ پەیوەندیکردن بە ریزەکانی مێرێنگێ واژۆکرد.
 
کیلیان ئێمباپێ، دوای تێپەڕاندنی پشکنینە پزیشکییەکان، بە یاوەری فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی پایتەختی ئیسپانیا دەرکەوت. ئەوان پێکەوە گرێبەستەکەیان واژۆکرد، گرێبەستەکەش بەفەرمی راگەیێندرا.
 
ئەستێرەی فەرەنسی وێنەی یادگاری لەگەڵ فلۆرێنتینۆ پێرێز گرت، هەروەها درێسی ژمارە 9ـی یانەی شاهانەی بەرزکردەوە.
 
دواتر لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆدا، کیلیان ئێمباپێ پێشکێشی هاندەران کرا و فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەکە، بەخێرهاتنی یاریزانەکەی و خانەوادەکەی کرد و پێیگوت "ئازیزەکەم، سوپاست دەکەم بۆ ئەو هەموو کۆششەی کردت، بۆ ئەوەی بتوانی درێسی ریال مەدرید لەبەربکەی، ئەو درێسەی 15 چامپیۆنزلیگی لەسەرە". 
 
کیلیان ئێمباپێش بە پێرێزی گوت "زۆر سوپاست دەکەم کە هەمیشە متمانەت بە من بووە و واتکردووە ئەم درێسە لەبەربکەم. هەموو ژیانم لەپێناو ئەم درێسە و ئەم لۆگۆیەدا بەسەردەبەم"
 
جیا لە ئامادەبوونی دایک و باوکی کیلیان، زینەدین زیدانی ئەفسانەی فەرەنسا و ریال مەدریدیش ئامادەی رێوڕەسمی پێشکێشکردنەکە بوو.
 

فلۆرێنتینۆ پێرێز: ئازیزەکەم، بەخێربێی بۆ ماڵەکەت
 
فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی ریال مەدرید، پێشوازی لە کیلیان ئێمباپێ کرد و لە میانی گوتاری بەخێرهاتنیدا، گوتی "سەرەتا دەمەوێت پیرۆزبایی لە هەڵبژاردەی ئیسپانیا بکەم بۆ بردنەوەی نازناوی یۆرۆی 2024، پیرۆزبایی تەنیا بۆ سەرکەوتنەکە نییە، بەڵکو بۆ شێوازی بەدەستهێنانی پاڵەوانێتییەکەشە، کە بەشایستەیی بردەوە".
 
لەنێو یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆدا، پێرێز گوتی "ئێمە لە ساتێکی مێژووییدا دەژین، هاندەران بناخەی یەکەمی ئەم یانەیەن، بۆیە هەموو شتێک دەکەین بۆ دڵخۆشکردنی هاندەرانمان".
 
هەروەها گوتیشی "خۆشحاڵم کە یاریزانە نوێیەکانمان جارێکی دیکە لەنێو یاریگاکەماندا بناسێنمەوە دوای قەیرانی پەتای کۆرۆنا، سوپاس بۆ ئەوەی لە رۆژێکی ئاوا تایبەتدا لێرە بوون".
 
لە درێژەی قسەکانیدا، سەرۆکی مێرینگێ گوتی "پێویستە هەمیشە پەیڕە و گوێڕایەلی بەها و ئەفسانەکانمان بکەین، وەک دی ستیفانۆ، خێنتۆ، کۆپا، سانتاماریا، هەموویان ریال مەدریدیان دروستکرد".
 
لە پەیامەکەیدا بۆ ئێمباپێ، پێرێز گوتی "کیلیانی ئازیز، بەخێربێن بۆ ماڵەکەت، یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ، و پیرۆزبایی بەدیهێنانی خەونەکانت دەکەم، کە هەر لە منداڵییەوە ریال مەدریدت خۆشدەوێت و لە تەمەنی 13 ساڵیدا هاتوویت بۆ سەردانی ئەم یاریگایە و بینیمان چاوەکانت چۆن دەدرەوشایەوە کاتێک زیدان میوانداری کردیت".
 
ئاماژەی بەوەشکرد "دەمەوێت بزانیت کە خۆشەویستیت بۆ ریال مەدرید لە منداڵییەوە هێزێکی پێبەخشیویت، بۆ ئەوەی هەموو بەربەستەکان بشکێنیت و بۆ ئەوەی لێرە بیت، ئەو هاندەرانەی ئەمڕۆ پێشوازیت لێدەکەن هەمیشە لەگەڵت دەبن بۆ ئەوەی شەوانی ئەفسوناوی لە یاریگای بێرنابیۆ بژین".
 
لە کۆتاییدا سەرۆکی ریال مەدرید، گوتی "ئەمڕۆ لێرەیت، چونکە ویستت. ئیرادەت یارمەتی دای بەسەر بەربەستەکاندا زاڵ بیت، سوپاس بۆ ئەو هەوڵانەی کە داوتە بۆ لەبەرکردنی درێسی ریال مەدرید کە 15 جامی چامپیۆنزلیگی لەسەرە".
 

کیلیان ئێمباپێ: ژیانم بۆ ریال مەدرید دەبێت
 
دواتر کیلیان ئێمباپێی دڵخۆشیی خۆی دەربڕی بە پێشکێشکردنی بە هاندەران و میدیاکان، لە پێگەی بەهێزی مێرێنگێ، یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ.
 
ئێمباپێ لە میانی ئاهەنگی پێشکێشکردنیدا، گوتی "بەیانی هەمووان باش، هەوڵدەدەم بە زمانی ئیسپانی قسە بکەم. سەرسوڕهێنەرە کە لێرەم و شتێکی باوەڕپێنەکراوە".
 
ئاماژەی بەوەشکرد "زۆر شەو خەونم بە یاریکردن لەگەڵ یانەی ریال مەدرید بینیوە، ئەمڕۆش زۆر دڵخۆشم، دەمەوێت سوپاسی فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی ریال مەدرید بکەم، کە لە رۆژی یەکەمەوە متمانەی پێکردم".
 
لە درێژەی قسەکانیدا، ئەستێرەی فەرەنسی گوتیشی "سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە کاریان کردووە بۆ ئەوەی بێمە ئێرە، ئەمڕۆش یاریزانێکی ریال مەدریدم، و خێزانەکەم دەبینم دڵخۆشن و دایکم دەگری. رۆژێکی سەرسوڕهێنەرە بۆ من. ئەمە بۆ من مانای زۆری هەیە، چونکە بۆ من واتای زۆرە من خەونەکەمم بەدەستهێنا".
 
روونیشی کردەوە "لە دڵەوە سوپاسی هەمووتان دەکەم بۆ ئامادەبوونتان، تاکە خەونی منداڵیم لەبەرکردنی درێسی ریال مەدرید بوو، ئەو خەونەم هاتەدی و ئێستا خەونێکی دیکەم هەیە، ئەویش ئەوەیە کە دەمەوێت لە ئاستی باشترین یانەی جیهاندا بم، و هەموو هەوڵێک دەدەم بۆ تیپەکە و ژیانم لەپێناو ئەم درێسە و ئەم لۆگۆیەدا بەسەردەبەم. ریال مەدرید باشترین یانەی مێژووی تۆپی پێیە".
 

لە درێژەی قسەکانیدا، کیلیان گوتی "دەمەوێت پەیامێک بۆ منداڵەکان بنێرم، منیش وەک ئێوە بووم و خەونێکم هەبوو، ئەمڕۆش بەو خەونە گەیشتم، ئامۆژگاریم بۆ ئێوە ئەوەیە کە بە سۆز و کار، دەتوانن بە خەونەکانتان بگەن، ئەمڕۆ من لێرەم و سبەی یەکێک لە ئێوە لێرە دەبێت لە شوێنی من".
 
دواتر کیلیان ئێمباپێ لەگەڵ خانەوادەکەی و فلۆرێنتینۆ پێرێزەوە وێنەی یادگارییان گرت و بەنێو یاریگەدا گەڕا و چەند تۆپێکی بۆ هاندەران نارد.
 
کیلیان ئێمباپێ بە گرێبەستێکی بێبەرامبەر پەیوەندی بە یانەی ریال مەدریدەوە کرد، دوای ئەوەی لە مانگی حوزەیرانی رابردوو ماوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان کۆتاییهات و بۆ ماوەی 5 ساڵ یاری بە درێسی سپیی ریال مەدریدەوە دەکات.
 
هەروەها پزیشکەکان، ئەمڕۆ هەڵوێستی کیلیان ئێمباپێ دیاری دەکەن سەبارەت بە ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆ لووتی، پێش دەستپێکردنی وەرزی نوێ، دوای ئەو پێکانەی لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا لە یۆرۆی 2024 تووشی بوو، کە لووتی شکا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئامادەبوونی هاندەران لە ستۆدیۆی تایبەتی رووداو بۆ رووماڵی یارییەکانی یۆرۆی 2024. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

بینەرانی رووداو بوونە براوەی یۆرۆ 2024

بینەرانی رووداو بەشێوەیەکی زۆر ئینتراکتیڤ بەشدارییان لە بەرنامەکانی رووداو دا کرد، بۆ نیشاندانی بۆچوون و پێشبینییەکانیان، بە ملیۆنان تێچێن (کۆمێنت) بەشدارییان لەگەڵ بەرنامەی (ستۆدیۆی یۆرۆ)ی رووداو دا کرد. 84 بینەری رووداو لە پارێزگا جیاوازەکانی کوردستان بوونە براوەی خەڵاتەکانی رووداو. خەڵاتەکانیش بەوشێوەیە بوون:( یەک ئۆتۆمبێل، 23 تەلەڤزیۆن، 23 لیرەی زێڕ، 28 ئایپاد، 20 مۆبایلی زیرەک، 12 دەست کەلوپەلی نێوماڵ).