مێسی لە پەیامێکی نوێدا باسی پێکانەکەی و وازهێنانی دەکات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین کۆپا ئەمریکا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی، لە پەیامیکی نوێدا، دڵنیایی دەداتە هاندەرانی کە پێکانەکەی باشە و بەم زووانە دەگەڕێتەوە نێو یاریگەکان و دووپاتیشیکردەوە کە بەردەوام دەبێت لە یاریکردن، چونکە چێژێکی زۆر لە یاریکردن وەردەگرێت. 
 
سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هەموو ئەو کەسانە دەربڕی کە پاڵپشتی هەڵبژاردەی وڵاتەکەیان کرد، و تاوەکو ئێستاش لەپشت پڕۆژە گەورەکەیەوە وەستاون، دوای ئەوەی نازناوی کۆپا ئەمریکای بەدەستهێنا.
 
هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە یاریی کۆتایی کۆپا ئەمریکا، کە لە ئەمریکا بەڕێوەچوو، 1-0 لە کۆلۆمبیا بردەوە، دوای ئەوەی یارییەکە گەیشتە دوو گێمی زیادکراو.
 
هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بۆ جاری دووەم لەسەریەک نازناوی کۆپا ئەمریکای بەدەستهێنا و بۆ جاری 16 لە مێژووی خۆیدا نازناوی کۆپا ئەمریکای بردەوە، هەروەها ئەو ژمارە پێوانەییەی کردە بەشی خۆی کە زۆرترین نازناوی پاڵەوانێتییەکەی بەدەستهێناوە، کە بە 15 نازناو لەگەڵ هاوتا ئۆرۆگواییەکەیدا هاوبەش بوون.
 
پێگەی فەرمی فیدراسیۆنی ئەرجەنتین لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام پۆستێکی مێسی بڵاوکردەوە، کە تیایدا ئاماژەی بەوە کردووە "پاڵەوانێتی کۆپا ئەمریکا کۆتاییهات و یەکەم شت کە دەمەوێت بیکەم، ئەوەیە کە سوپاسی هەموو لایەک بکەم بۆ پەیام و پیرۆزباییەکانیان".
 
مێسی ئاماژەی بەوەشکردووە "من باشم، سوپاس بۆ خوا، هیوادارم بەم زووانە بگەڕێمەوە نێو یاریگەکان، و چێژ لەو کارە وەربگرم کە زۆرم خۆشدەوێت و دەمەوێت زیاتر بیکەم".
 
مێسی روونیشیکردووەتەوە "زۆر دڵخۆشم، بەتایبەتی بەهۆی ئەوەی گەیشتینە ئەو ئامانجەی کە هەمانبوو".
 
مێسی نەیتوانی یارییەکەی بەرامبەر کۆڵۆمبیا تەواو بکات، دوای ئەوەی تووشی پێکانێکی سەخت بوو، بۆیە لە خولەکی 66 بە گریانەوە گۆڕەپانی یارییەکەی بەجێهێشت، پێش ئەوەی لاوتارۆ مارتینێز تاکە گۆڵی یارییەکە لە خولەکی 112 تۆماربکات و نازناوەکە بووە بەشی تانگۆ.
 
مێسی باسی لە ئانخێل دی ماریای هاوڕێی کرد کە دوای بردنەوەی نازناوی کۆپا ئەمریکا وازهێنانی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا راگەیاند و گوتی "ئەو ئێمە جێدەهێڵێت، بەڵام بە جامی دیکەوە".
 
کاپتنی تانگۆ، زیاتر لەبارەی دی ماریاوە گوتی "یاریزانە بەتەمەنەکان، وەک ئەو، یان نیکۆلاس ئۆتامێندی، یان من، بە خولیایەکی تایبەتەوە دەژین، لەگەڵ هاوڕێکانی دیکەی تیپەکەمان کە پێشتر لە زۆر پاڵەوانێتیدا یارییان کردووە و هەروەها ئەزموونی خۆیان زیاد دەکەن، لەگەڵ کۆمەڵێک گەنج کە هەموو شتێک لەپیناو ئەو تیپەدا دەبەخشن".
 
مێسی جەختی لەوە کردەوە "ئێمە تیپێکین و خێزانێکین، ئێمە گرووپێکی سەرسوڕهێنەرین، سوپاس بۆ هەموو ئەوانەی پشتگیریان کردین، ئەم هەڵبژاردەیە ئێستای زۆری هەیە و داهاتوویەکی باشتریشی دەبێت".
 
دوای بردنەوەی نازناوی کۆپا ئەمەریکا، مێسی بووە یاریزانی ژمارە یەکی تۆپی پێ لە مێژوودا کە خاوەنی زۆرترین نازناوە، دوای ئەوەی 45ـەمین نازناوی لە ژیانی وەرزشیی خۆیدا لەسەر ئاستی یانەکە و هەڵبژاردەی نیشتمانی بەدەستهێنا، و پێش دانی ئەلڤێشی ئەستێرەی پێشووی بەرازیلی کەوت کە هاوڕێی پێشووی بوو لە بارسێلۆنا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئامادەبوونی هاندەران لە ستۆدیۆی تایبەتی رووداو بۆ رووماڵی یارییەکانی یۆرۆی 2024. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

بینەرانی رووداو بوونە براوەی یۆرۆ 2024

بینەرانی رووداو بەشێوەیەکی زۆر ئینتراکتیڤ بەشدارییان لە بەرنامەکانی رووداو دا کرد، بۆ نیشاندانی بۆچوون و پێشبینییەکانیان، بە ملیۆنان تێچێن (کۆمێنت) بەشدارییان لەگەڵ بەرنامەی (ستۆدیۆی یۆرۆ)ی رووداو دا کرد. 84 بینەری رووداو لە پارێزگا جیاوازەکانی کوردستان بوونە براوەی خەڵاتەکانی رووداو. خەڵاتەکانیش بەوشێوەیە بوون:( یەک ئۆتۆمبێل، 23 تەلەڤزیۆن، 23 لیرەی زێڕ، 28 ئایپاد، 20 مۆبایلی زیرەک، 12 دەست کەلوپەلی نێوماڵ).