گەورە یانەکانی ئەوروپا رزگارکەری ئیسپانیایان کردووەتە ئامانج

رووداو دیجیتاڵ

 

هەردوو گەورەی یانەی ئەوروپی، بارسێلۆنا و مانچێستەر سیتی هەوڵی بەدەستهێنانی ئەستێرەیەکی گرنگی هەڵبژاردەی ئیسپانیا دەدەن، کە لە یۆرۆی 2024ـدا بە رزگارکەری ئیسپانیا ناسرا.
 
دانی ئۆلمۆ، یاریزانی هەڵبژاردەی ئیسپانیا، بڕیاریداوە ریزەکانی یانەی لایپزیگ بەجێبهێڵێت، و چەندین یانە هەوڵی بەدەستهێنانی تواناکانی دەدەن.
 
ئۆلمۆ دوای ئەو ئاستە بەرزەی لە یۆرۆی 2024ـدا لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا پێشکێشیکرد، ئێستا جێی سەرنجی زۆربەی یانە زلهێزەکانی ئەوروپایە. 
 
هەرسێ گەورە یانەکەی پرێمەلیگ، ئارسیناڵ، لیڤەرپوول و مانچێستەر سیتی لە ئینگلتەرا پەیوەندییان بە یاریزانەکەوە کردووە بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی، کە پێویستە 60 ملیۆن یۆرۆ بدەن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەیان، چونکە ئەو بڕە پارەیە نرخی مەرجی سزایی گرێبەستی یاریزانە ئیسپانییەکەیە. 
 
لە ئیسپانیاشەوە بارسێلۆنا هەوڵەکانی چرکردووەتەوە بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ یاریزانە ئیسپانییەکە، کە بەپێی لێدوانی خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا، لەرووی داراییەوە توانای گرێبەستکردنییان هەیە لەگەڵ یاریزانەکە لە وەرزی نوێدا. 
 
دانی ئۆلمۆ، دوای پێکانی پێدری دەرفەتی ئەوەی بۆ رەخسا ببێتە یاریزانی سەرەکی هەڵبژاردەی ئیسپانیا، لە یۆرۆی 2024دا و رۆڵێکی کاریگەری هەبوو لە بەدەستهێنانی نازناوەکە لەلایەن هەڵبژاردەی لارۆخاوە، دوای ئەوەی توانی 3 گۆڵ تۆمار بکات و 2 ئەسیستیشی هەبوو.
 
ئەو یاریزانە تەمەن 26 ساڵییە، لەگەڵ لایپزیگیش لە وەرزی رابردوودا لە 25 یارییدا 8 گۆڵ و 5 ئاسیست هەبوو.