یوفا شادەماری داهاتی بارسێلۆنا و ریال مەدرید دەبڕێت

رووداو دیجیتاڵ

بارسێلۆنا لەوانەیە رووبەڕووی کێشەیەکی زۆر ببێتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت پابەندبێت بە یاساکانی یاریی دارایی خاوێنەوە، دوای ئەوەی بڕیاردرا فرۆشتنی داهاتەکانی داهاتوو وەک قەرز سەیر دەکرێت نەک قازانج. ریال مەدریدیش بەهەمان شێوە رووبەڕووی کێشە دەبێتەوە.
 
یوفا، بارسێلۆنا و ریال مەدریدی ئاگادارکردووەتەوە کە ئەو پارەیەی لە رێگەی فرۆشتنی داهاتی داهاتووەوە کۆدەکرێتەوە، لەوانەش فرۆشتنی مافی پەخش و سەروەت و سامانی دیکەی میدیا، ناتوانرێت لە چوارچێوەی پێوەرەکانی یاریی دارایی خاوێندا وەک قازانج هەژمار بکرێت.
 
ئەم بڕیارەی یوفا، بارسێلۆنا دەخاتە ژێر گوشارێکی زۆرەوە بەمەبەستی پابەندبوون بە یاساکانی یاریی دارایی خاوێن لە گواستنەوەکانی داهاتوودا، هەر ئەوەش هۆکاری ئەو چالاکییە سنووردارەی ریال مەدریدیش لە بازاڕدا روون دەکاتەوە، جگە لە گرێبەستەکەی لەگەڵ جود بێلینگهام.
 
یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا فرۆشتنی کۆمەڵێک داهاتی داهاتوو لە لایەن بارسێلۆناوە بە نزیکەی 700 ملیۆن یۆرۆ وەک قەرز هەژمار دەکات. هەمان دۆخ بۆ ریال مەدریدیش راستە، کە هاوینی رابردوو داهاتی داهاتووی گەشەپێدانی یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابۆی بە بەهای 360 ملیۆن یۆرۆ بە وەبەرهێنەری ئەمریکی sixth street فرۆشت.
 
یوفا رایگەیاند کە بارسێلۆنا بە بڕی 500 هەزار یۆرۆ سزا دەدات، دوای ئەوەی یانەکە راپۆرتە داراییەکانی رادەستی یوفا کرد، چونکە بارسێلۆنا پێیوابوو کە یانەکە داهاتی 266 ملیۆن یۆرۆی بەدەستهێناوە لە ئەنجامی فرۆشتنی داهاتی داهاتووی بە وەبەرهێنەری ئەمریکی sixth street لە ساڵی رابردوودا، بەڵام لەلایەن یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپاوە رەتکرایەوە و بارسای بە بەهای 500 هەزار یۆرۆ، بەهۆی هەڵەی ژمێریاری لە راپۆرتەکانی داراییەکانیدا سزا دا.
 
سزاکە ئاماژەیە بۆ فرۆشتنی داهاتی داهاتوو کە لە ئیسپانیا بە "لیڤەر" ناسراوە. ئەم کارە رەزامەندی لالیگا بەدەستهێنابوو، کە هەڵوێستێکی جیاواز لە یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا وەرگرتبوو، بەڵام دواجار یوفا رەتیکردەوە بە داهات هەژمار بکرێت.
 
بارسێلۆنا بە سەرکەوتوویی ستانداردەکانی یاریکردنی دارایی خاوێنی تێپەڕاندبوو، چونکە یاساکانی ئێستا پەیوەستە بە ئەنجامە داراییە کۆکراوەکانی چوار ساڵی رابردوو، بەڵام ئێستا یانەکە رووبەڕووی ئاستەنگی گەورە دەبێتەوە لە توانای پابەندبوونی بە ستانداردەکانی یوفا بۆ ساڵی داهاتوو، وەک ئەوەی بارسێلۆنا هیوای خواستبوو تۆمارکردنی 400 ملیۆن یۆرۆی دیکە لە فرۆشتنی لیڤەرەکان لە ماوەی داهاتەکانی ساڵی داهاتوودا، بەڵام ئێستا روونە کە یوفا دان بەو داهاتانەدا نانێت.
 
رێککەوتنی ریال مەدرید لەگەڵ کۆمپانیای پرۆڤیدێنس ئیکویتی، کە لە رێگەیەوە داهاتی بازرگانی داهاتوو فرۆشرا و لە ساڵی 2017ـەوە دەستیپێکردووە و لەو کاتەوە بەردەوام نوێ دەکرێتەوە.
 
لەم هەفتەیەدا رۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی، راپۆرتێکی لەسەر ریال مەدرید بڵاوکردەوە، کە ئاماژە بە بڕگەیەکی "خەرجییەکانی دیکەی کارکردن" دەکات کە بڕی داهاتەکە 135 ملیۆن یۆرۆیە، بەڵام روونی نەکردووەتەوە کە 122 ملیۆن یۆرۆ لەو پارەیە چۆن و لە کوێ هاتووە، بەو پێیەی ئەم بڕە پارەیە 20%ـی سەرجەم خەرجییەکان پێکدەهێنێت.
 
ریال مەدرید رەتیکردەوە ئەم بڕگەیە روونبکاتەوە و ئایا بەشێک یان هەموو ئەم بڕە پارەیە پەیوەستە بە رێککەوتنەکەوە.