ڤینیسیۆس پەیامێک بۆ مێندی دەنێرێت

رووداو دیجیتاڵ

 

ڤینیسیۆس جۆنیۆر، ئەستێرەی هەڵبژاردەی بەرازیل و یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، پەیامێکی بۆ بنیامین مێندی، یاریزانی فەرەنسی نارد، دوای ئەوەی دادگا تۆمەتەکانی لەسەر لابرد و ئازادی کرد، کە تۆمەتبار بوو بە دەست درێژیکردنە سەر چەندین ئافرەت.
 
لە نۆڤێمبەری ساڵی 2020 بۆ یەکەمجار مێندی بە تۆمەتی دەستدرێژیکردنە سەر چەند کچێک دەستگیرکرا، لە مانگی 8ـی ساڵی 2021 بەهۆی دادگاییکردنی یاریزانەکەوە مانچێستەر سیتی یاریزانە فەرەنسییەکەی لە یانەکەی دوورخستەوە، لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا دادگاییکردنی یاریزانەکە بەردەوامبوو. کە دوای چەندینجار دادگاییکردن و لێکۆڵینەوەی ورد لە هەموو ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ بەرگریکارە فەرەنسییەکە، لە کۆتاییدا دادگا بڕیاری بێ توانایی یاریزانەکەی دەرکرد.
 
بەو بۆنەیەوە ڤینیسیۆس، کە خۆیشی قوربانی دەستی رەگەزپەرستی نێو یاریگەکانە، پەیامێکی بۆ مێندی ناردووە، کە تێیدا دەڵێت "ببورە بۆ هەموو ئەو شتانەی کە بەسەرتدا تێپەڕیون، بنیامین مێندی".
 
ڤینی هەروەها نووسیویەتی "دوو ساڵ لە ژیانی پیشەیی خۆت لەدەستدا، بەڵام ئەوە کەمترین شتە لەم هەموو دۆخەدا.. ئەی زیانە دەروونییەکان؟ بەدڵنیاییەوە ژیانت هەرگیز وەک جاران لێنایەتەوە. کولتووری لەنێوبردنی نێوبانگ بووەتە قوربانییەکی دیکە".
 
لە پەیامەکەی ڤینیسیۆسدا، زیاتر هاتووە "تا کەی تۆمەتبار دەکرێین و سزا دەدرێین بەبێ ئەوەی مافی بەرگریی سەرەتاییمان هەبێت؟ هەواڵی ساختە دروست دەکەن و بڵاوی دەکەنەوە بەبێ ئەوەی هیچ بەدواداچوونێک بۆ راستییەکان بکرێت، کە ئەم شتە من خۆم لەم پشووەدا زۆر هەستم پێکردووە. دواتریش دۆخەکە تەنیا خراپتر دەبێت".
 
ئەو لە کۆتاییدا دەشڵێت "بەرپرسیارێتی کەمترین شتە بۆ هەر پیشەگەرێک، بەڵام لەم سەردەمەدا کاری جددی بووەتە تایبەت بە هەندێک کەس، هیچ سنوورێک نییە بۆ بەدەستهێنانی لایک و کۆمێنت. پرسیارەکەم ئەوەیە چی دەکرێت بۆ چاککردنەوەی زیانەکان؟".