ئەلکاراز: ئەمڕۆ باشترین ساتەکانی ژیانمە

16-07-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کارلۆس ئەلکاراز پاڵەوانێتی تێنسی کراوەی ویمبڵدن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کارلۆس ئەلکاراز، تێنسزانی ئیسپانی، رایگەیاند کە یاریکردن لە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتی کراوەی تێنسی ویمبڵدندا باشترین ساتی ژیانی دەبێت، بەتایبەتی کە یارییەکەی بەرامبەر نۆڤاک جۆکۆڤیچی تێنسزانی سربی دەکات.
 
کارلۆس ئەلکاراز، تێنسزانی گەنجیی ئیسپانی، بۆ یەکەمجار لە ژیانی وەرزشیدا چاوی لە بردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتی کراوەی تێنسی ویمبڵدنە، کە لەسەر یاریگاکانی چیمەن بەڕێوەدەچێت، بەڵام لە تاقیکردنەوەیەکی زۆر قورسدا رووبەڕووی نۆڤاک جۆکۆڤیچی تێنسزانی سربی دەبێتەوە، کە چاوی لەوەیە بۆ جاری هەشتەم نازناوی پاڵەوانێتییەکە بباتەوە.
 
جیاوازی تەمەن لە نێوان جۆکۆڤیچ و رکابەرە ئیسپانییەکەی 16 ساڵە، ئەمەش وایکردووە یارییەکەی ئەمڕۆ، کە لە کۆتایی ویمبڵدندا ئەنجام دەدرێت، ململانێی نێوان دوو نەوە بێت.
 
ئەلکاراز کە رۆژی هەینی بە بردنەوەی لە دانیێل مێدڤیدیڤی رووسی لە قۆناخی پێش کۆتاییدا سەرکەوت بۆ یاریی کۆتایی، سەبارەت بە رووبەڕووبوونەوەی جۆکۆڤیچ لە یاریی کۆتاییدا، گوتی "لەوانەیە باشترین سات بێت لە ژیانمدا".
 
ئەوە گوتی "لەوانەیە یاریکردن لە یاریی کۆتایی ویمبڵدن باشترین سات بێت لە ژیانمدا. یاریکردن لە یاریی کۆتایی لێرە لە ویمبڵدن شتێکە کە هەر لەو کاتەوە خەونم پێیەوە بینیوە کاتێک دەستم بە یاریی تێنس کرد. وەک پێشتر گوتم، ئەوەی وا دەکات ئەم بۆنەیە بۆ من  تایبەتتر بێت ئەوەیە کە من رووبەڕووی نۆڤاک جۆکۆڤیچ دەبمەوە".
 
ئەلکاراز زیاتر گوتی "بەڕاستی ساتێکی سۆزداری دەبێت بۆ من. بەڵام هەوڵ دەدەم ئەو کاتە ئارام بم. بۆ نۆڤاک ئەوە تەنیا ڕۆژێکی دیکە و ساتێکی دیکەیە. بەڵآم سەبارەت بە خۆم پێموایە باشترین ساتەکانی ژیانم دەبێت". 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە