پلانی دووەمی ریال مەدرید ئەستێرەیەکی لیڤەرپوولە

رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدرید لەسەر داوای کارلۆ ئانچیلۆتی راهێنەری یانەکەی ئەستێرەیەکی یانەی لیڤەرپوول دەگوازێتەوە یانەکەی.

رۆژنامەکانی بەریتانیا بڵاویانکردووەتەوە، یانەی ریال مەدرید لەسەر داوای کارلۆ ئانچیلۆتی دەیەوێت دەستەوارەیەک پێشکێشی محەممەد سەڵاحی ئەستێرەی یانەی لیڤەرپوول بکات.

ئەمە پلانی B ریال مەدرید دەبێت و لە ئەگەری شکستهێنانی گواستنەوەی کیلیان ئێمباپیی یاریزانی پاریس سانجێرمان ئەم دەستەوارەیە پێشکێشی یانەی لیڤەرپوول دەکەن.

لە وەرزی رابردوودا کێشە کەوتە نێوان محەممەد سەڵاح و دەستەی کارگێڕی یانەی لیڤەرپوول و ئەو یاریزانە چەند جارێکی هەڕەشەی جێهێشتنی رێدزی کرد و ناویشی بە یانەکانی لالیگا بەسترایەوە لەسەروو هەموویانەوە ریال مەدرید، بەڵام کێشەکەی بە پارە و زیادکردنی مووچەکەی چارەسەرکرا و هەواڵەکەش کپ کرایەوە.

سەرەڕای نۆژەنکردنەوەی یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ و خەرجکردنی پارەیەکی زۆر لەو یاریگەیە، بەڵام یانە شاهانەکە سوورە لەسەر ئەوەی ئەم هاوینە یاریزانێکی سووپەر بگوازێتەوە یانەکەی.

گرێبەستی سەڵاح لەگەڵ لیڤەرپوول لە هاوینی داهاتوودا کۆتاییدێت و ئەگەر ریال مەدرید دەستەوارە پێشکێش بکات بۆ ئەم یاریزانە ئەوا یانە ئینگلیزییەکە ئاسان رازی دەبێت چونکە لە وەرزی داهاتوودا یاریزانە میسرییەکە دەتوانێت بەخۆڕایی یانەکە جێبهێڵێت و ئازاددەبێت لە بڕیاردان.