خوان لاپۆرتا: دڵنیابن لە مانەوەی مێسی

رووداو دیجیتاڵ

خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا مانەوەی مێسی لە یانەکەی راگەیاند و تەنیا راگەیاندنی فەرمی و واژۆکردنی گرێبەستە نوێیەکە ماوە.

دوای کۆتاییهاتنی یارییەکانی ئەم وەرزە، دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە لیۆنێل مێسی یاریزانی بارسێلۆنا ریزەکانی یانەکەی جێدەهێڵێت، بە جۆرێک یاریزانەک تاوەکو کۆتاییهاتنی گرێبەستەکەشی لەگەڵ یانەکە نەگەیشتووەتە رێککەوتن.

ماوەی 16رۆژە بە فەرمی گرێبەستی مێسی لەگەڵ بارسێلۆنا کۆتاییهاتووە و ئێستا ئەو یاریزانە ئازادە لەوەی بێبەرامبەر روو لە هەر یانەیەک بکات کە لەگەڵیدا رێککەوێت، لە هەمان کاتدا بارسێلۆنا لەسەر هێڵە بۆ ئەوەی گرێبەستی لیۆ نوێبکاتەوە.

خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانە کەتەلۆنییەکە لە نوێترین لێدوانیدا گوتی، لەگەڵ مێسی رێککەوتووین و هەموو شتێک زۆر بە باشی دەڕوات، چاوەڕوانبن لە چەند رۆژی داهاتوودا بە فەرمی نوێکردنەوەی گرێبەستی مێسی رادەگەیەنین.

بەپێی گرێبەستە نوێیەکە بێت مێسی لە بارسێلۆنا دەمێنێتەوە بۆ ماوەی 5 ساڵی داهاتوو، هەروەها مووچەکەشی %50 کەمدەکاتەوە لەپێناو بووژانەوەی ئابووری یانەکەی و پارێزگاریکردنیش لە یاری خاوێن، بۆ هاوسەنگ ڕاگرتنی مووچەی یاریزانانی یانەکەشە.

مووچە زۆرەکەی مێسی وای لە دەستەی لالیگا کرد هۆشداری بداتە بارسێلۆنا بۆ یاری خاوێن و پێشتر چەند جارێک خافێر تیباسی سەرۆکی دەستەی لالیگا یانە کەتەلۆنییەکەی لە مووچەی زۆری مێسی ئاگادارکردووەتەوە و پێی راگەیاندوون، ئەگەر مووچەکەی کەمنەکرێتەوە و هاوسەنگی لە نێوان مووچەی یاریزاناندا نەبێت یانەکە سزادەدین.

پێشبینی دەکرێت مێسی پێش گەڕانەوەی لە پشووی هاوینەی واژۆ لەسەر گرێبەستە نوێیەکەی بکات.