ئیبراهیمۆڤیچ دێتە ئەیاکس

رووداو - هەولێر

زلاتان ئیبراهیمۆڤیچی ئەستێرەی یانەی لۆس ئانجیلۆس گالاکسی پیشەی خۆی دوای وازهێنانی لە یاریکردن ئاشکرا دەکات.

لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی دی تیلیگرافی هۆڵەندی زلاتان گوتی، لە دوای وازهێنانم ئارەزووی ئەوەم هەیە ببمە بەڕێوبەر لە یانەی ئەیاکس ئەمستردام، ئەگەر ئەو کارەش بکەم لە هەر کەسێکی دیکە باشتر دەیکەم.

زلاتان دەڵێت، سەرسامم بە یانەی ئەیاکس، شانازی بەخۆم دەکەم کە لەو یانەیە یاریم کردووە، دەزانم لە داهاتوودا ئەو یانەیە دەبێتە یەکێک لە رکابەرە سەرسەختەکانی یانە گەورەکانی ئەوروپا.

سوڵتان لە ساڵی 2001 بە بڕی 8 ملیۆن یۆرۆ لە یانەی ماڵمۆی سوێدییەوە چووە یانەی ئەیاکس و تاوەکو ساڵی 2004 لەوێدا مایەوە و لەگەڵ یانە هۆڵەندییەکە 110 یاری ئەنجامدا و 48 گۆڵیشی تۆمارکرد، هەروەها لەگەڵ ئەیاکس دوو جار نازناوی خولی هۆڵەندا و جارێکیش نازناوی سوپەری هۆڵەندای بردووەتەوە.