گرانبەهاترین پێکهاتەی یۆرۆ یاری دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

وەکو هەمیشە پڕە لە ئەستێرە، وەکو هەرجار کەس نییە لەسەر ئاستی تاک ناوێک بدۆزێتەوە بەنێوبانگ و گەورە نەبێت لە تیپەکەدا، هەمووان پێیانوایە ئێستا کاتی بردنەوەی نازناوی یۆرۆیە، بەکاتی ئینگلتەرا.
 
هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، دوایین مەشقەکانی بۆ ئەنجامدانی یەکەم یاریی لە رکابەرییەکانی یۆرۆی 2024 ئەنجامدا، پێکهاتەکەتە بەتەواوی بۆ دەرکەوتنێکی سەرنجڕاکێش ئامادەیە، کاتێک بەرامبەر سێربیا یاریی دەکات.
 
گۆڵکاری خولە گەورەکانی ئەوروپا، باشترین یاریزانی لالیگا، باشترین یاریزانەکانی پرێمەرلیگ لە ئینگلتەرا دەبینرێن، سێ شێرەکان دەیانەوێت کۆتایی بە چاوەڕوانی هەموو لایەک بهێنن بۆ گەیشتن بەو خەونەی ساڵەهای ساڵە خەوی لێ تێکداون.
 
ئینگلتەرا جاری یازدەیەمە بەشداری لە یۆرۆدا دەکات، ئەوان هەرگیز سەر ستەیجی بەرزکردنەوەی جامەکەیان بەخۆیانەوە نەبینیووە، ساڵی 2020 لە یاریی کۆتاییدا بە ئیتاڵیا دۆڕان و ئێستا پێیاوانەیە جگە لە بەرزکردنەوەی جامی یۆرۆ، هەموو ئەنجامێکی دیکە بۆ ئەوانە شکستە.
 
گارێس ساوسگەیت، راهێنەری ئینگلتەرا گوتی" ئەو جۆش و خرۆشەی وڵاتەکە بۆ پاڵەوانێتییەکی گەورە هەیەتی شەرەفێکی گەورەیە و پلەیەکی نایابە بۆ من، ئەمە وەکو پاڵەوانێتییەکەی پێش ئەوەی رووسیا ورۆژێنەرە، ئەگەر زیاتر نەبێت، سەبارەت بە دۆخەکەمان پێموایە ئەڵمانیاتان و ئیسپانیاشتان بینی، لە پاڵەوانێتییەکەدا تیپی زۆرباش هەن، دەبێت ناوازەبین، سەرەتا لە رێگەی کۆمەڵەکەوە پێشبکەوین و دواتر هەنگاو بنێین، سەرنجمان لەسەر سەرکەوتنە لە کۆمەڵەکەدا و دوای ئەوە دەبێت کاری زیاتر بکەین."
 
گارێس زیاتر گوتی "هەمووان ئامادەن، دەبێت بڕیاربدەین لوک شاو بەشێوەی سەرەکی یاری بکات یان لەسەر کورسی یەدەگ بێت، هەمووان مەشقیانکردووە و ئەویش ئامادەیە."
 
هەڵبژاردەی سێربیا، وەکو ئینگلتەرا نییە، بەڵام خاڵیش نییە لە ناو و ئەستێرەی دیار، ئەوان خاوەنی دۆشان ڤلاهۆڤیچ، ئەلیکساندەر میترۆڤیچ، میلینکۆڤیچ ساڤیچ و دوشان تادیچن و دەیانەوێت بەرامبەر ئینگلتەرا هەنگاوێکی ئەرێنی بنێن.
 
هەڵبژاردەی سێربیا یەکەمجارە لە شێوازی نوێی یۆرۆدا بەشدار دەبێت، ئەوان پێشتر لەژێر ناوی یۆگۆسلاڤیا بەشدارییان دەکرد و هەرگیز وەکو سێربیا خۆیان لە پاڵەوانێتییەکەدا نەبینیووەتە، بۆیەش بەپەرۆشن بۆ ئەوەی بەناوی وڵاتەکەیانەوە مێژوویەکی نوێ تۆماربکەن.
 
دراگان ستۆیکۆڤیچ، راهێنەری سێربیا دەڵێت " یارییەکە هەلێکە بۆ هەمووان، بۆ هاندەرانی سێربیا و هاندەرانی ئینگلتەرا بۆ ئەوەی چێژ لە یارییەکە ببینن، بۆیە من هیچ مەترسییەک لەرووی ئەم پەیوەندییەوە نابینم، تۆپی پێ شتێکی تایبەتە بۆ خەڵک، بۆ ئەوەی چێژی لێ وەربگریت لەم هاوینەدا و دڵنیام هەردوولا زۆر دڵخۆش دەبن."
 
هەڵبژاردەی سێربیا پێشتر لەژێر ناوی یۆگۆسلاڤیا لە 1960 و 1968 دووجار پلەی دووەمی بەدەستهێناوە، ئێستا دەیەوێت هەنگاوێکی نوێ بچێتە پێشەوە، بەتایبەت کە تیپەکە یاریزانی زۆرباشی هەیە و ئەوان پێیانوایە دەتوانن رکابەری بکەن بۆ گەیشتن بە قۆناخەکانی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە.
 
دراگان ستۆیکۆڤیچ، راهێنەری سێربیایە پێشتر وەکو یاریزان دووجار لە 1984 و 200 بەشداریی لە پاڵەوانێتییەکەدا کردووە و دەیەوێت ئەمجارە وەکو راهێنەر مێژوو بۆ سێربیا بنووسێتەوە.