رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئەمنیی ئەڵمانیا فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ 173 کەس دەرکردووە کە بە نایاسایی چوونەتە نێو وڵاتەکە و دەڵێن، "1400 کەس بۆ سەیرکردنی یارییەکانی یۆرۆی 2024 بە نایاسایی لە سنوورەکان دەرباز بوون و رێگە لە 900 کەسیش گیراوە."
رۆژی یەکشەممە 16-06-2024 میدیای ئەڵمانیا بڵاویکردەوە، "بەرپرسانی سنووری ئەڵمانیا بۆیان دەرکەوتووە زیاتر لە 1400 کەس بە رێگەی نایاسایی، بۆ سەیرکردنی یارییەکانی یۆرۆی 2024، چوونەتە ئەڵمانیا. بەرپرسەکان لە ماوەی هەفتەیەکدا 173 فەرمانی دەستگیرکردنیان دەرکردووە."
یۆرۆ پاڵەوانێتیی تۆپی پێی هەڵبژاردەکانی ئەورووپایە، هەموو چوار ساڵ جارێک لە وڵاتێک یان چەند وڵاتێکی ئەو کیشوەرە بەڕێوەدەچێت. ئەڵمانیا میوانداریی یۆرۆی 2024ی کردووە و یەکەم یاریی پاڵەوانێتییەکە لە 14-06-2024 لەنێوان ئەڵمانیا و سکۆتلاند بەڕێوەچوو.
بەگوێرەی زانیارییەکان، لە نێوان 07-06-2024 تاوەکو 13-06-2024 رێگە لە 900 کەس گیراوە بە نایاسایی بچنە نێو ئەڵمانیا.
لەبارەی ئەو هەنگاوە، نانسی فێزەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا گوتی، "ئەوە پیشاندەری ئەوەیە کە رێوشوێنەکانمان کاریگەرن و ئەوەی ئێمە دەمانەوێت ئەوەیە زوو بتوانین تاوانباران بناسینەوە و رایانبگرین."
یۆرۆی 2024 لە رۆژی 14-07-2024 کۆتایی پێدێت، حکومەتی ئەڵمانیا، بۆ دابینکردنی ئاسایش، رۆژانە بڵاوە بە 22 هەزار ئەفسەری پۆلیس دەکات. فێزەر دەڵێت، "ئەمە گەورەترین ئۆپەراسیۆنی مێژوویی ئەڵمانیای فیدراڵە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ