بە ڤیدیۆ؛ وێڵز شکستی بە تورکیا هێنا و لە یۆرۆ بێهیوایکرد
رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی وێڵز شکستی بە هەڵبژاردە تورکیا هێنا، خۆی لە قۆناخی 16 نزیککردەوە و تورکیاشی بە رادەیەکی زۆر لە گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو بێهێواکرد.
لە یاریگای باکوی ئۆڵیمپی هەردوو هەڵبژاردە بەرامبەر یەکدی یارییانکرد و وێڵز یارییەکەی بە ئەنجامی دوو گۆڵی بێوەڵام بردەوە.
لە گێمی یەکەمدا و لە خولەکی 42دا ئارۆن رامسی گۆڵی یەکەمی بۆ ئەژدیهاکانی وێڵز تۆمارکرد و ئەم گێمە بەم تاکە گۆڵە کۆتاییهات.
لە گێمی دووەمدا و لە خولەکی 42دا گاریس بەیڵ لێدانێكی سزای بۆ وێڵز لەدەستدا، بەڵام دواتر لە خولەکی 95دا بەیڵ تۆڵەی لێدانە سزاکەی کردەوە و ئاسیستێکی بۆ کۆنۆر رۆبێرتس کرد و ئەویش گۆڵی دووەم و دڵنیایی سێ خاڵی یارییەکەی تۆمارکرد.
دوای یارییەکەش گاریس بەیڵ بە بەدەستهێنانی لێدانێکی سزا و لەدەستدانی، لەگەڵ دوو ئاسیست و ئاستێکی باش بووە باشترین یاریزانی یارییەکە.
بەم بردنەوەیە بە رێژەیەکی زۆر وێڵز لە قۆناخی داهاتووە و تورکیاش بە رێژەیەکی زۆر ماڵئاوایی لە یۆرۆ کردووە، وێڵز یەکەمە و 4 خاڵی هەیە، تورکیاش لە دوو یاریدا هیچ خاڵێکی نییە و 5 گۆڵی لێکراوە و هیچ گۆڵیشی تۆمارنەکردووە، تاوەکو ئێستا خراپترین هەڵبژاردەی یۆرۆیە.
لە یارییەکی دیکەشدا هەڵبژاردەی رووسیا بە تاکە گۆڵیکی ئالێکسی میرانچوک لە هەڵبژاردەی فنلەندای بردەوە.
لە کۆمەڵەی دووەمدا فنلەندا دووەمە و سێ خاڵی هەیە، رووسیاش بە هەمان شێوە سێ خاڵی هەیە و لە پلەی سێیەمە، هەردوو هەڵبژاردەش دوو یارییان ئەنجامداوە.