پیکێ: ئەفریقیای باشوور جامی جیهان و شاکیرای پێبەخشیم

رووداو - هەولێر

جیرارد پیکێی ئەستێرەی بەرگری یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی, لەدوای تێپەڕبوونی 10 ساڵ بەسەر بردنەوەی یەکەم نازناوی مۆندیال لە مێژووی ئیسپانیادا گوتی, ئەفریقیای باشوور جامی جیهان و شاکیرای پێبەخشیم.

پیکێ یادەوەری ئەو رۆژانە دەگێڕێتەوە و دەڵێ: لە ماوەی مۆندیالدا چەند جارێک دووچاری رووداوی زۆر ناخۆشبووم، لە یاری یەکەمی پاڵەوانیەتییەکەدا ناوچەوانیان تەقاندم و دواتر چەندین رووداوی دیکەم تووشبوو.

تەقینی ناوچەوانم تاکە رووداو نەبوو کە لە یاری بەرامبەر سویسرادا دووچاری بووم. دوای دوو رۆژ لە کاتی مەشقدا، گورزێکی دیکە بەر دەمم کەوت، لەبیرمە ئەوکات ڤیسێنتی دیل بۆسکی گوتی: ئەم کوڕە بەختێکی خراپی هەیە، لە یاری و لە دەرەوەی یاریش لێیدەدەن. بەڵام من گوێم پێنەدا، دەمووچاوی خۆم لەبەر ئیسپانیا شکاند، بژی شا. پیکێ وا دەڵێت.

لەبارەی ئەو قسانەوەی کە زۆرجار دەگوترێت یاریزانانی بارسێلۆنا هۆکاری سەرەکی بردنەوەی نازناوی مۆندیالی ئەو ساڵەبوون، پیکێ ئەوە رەتدەکاتەوە و دەڵێ: زۆر کەس رۆڵی لەو نازناوەدا هەبوو، ناتوانین رۆڵی ئیکێر کاسیاس و سێرجیۆ رامۆس لەبیر بکەین، راستە ئێمەی کەتەلۆنی زۆربووین و چاڤی رۆڵی گەورەی هەبوو لە نازناوەکەدا، بەڵام من هەمیشە وا بیرمکردووەتەوە کە ئێمە خاوەنی کوالیتییەکی زۆر بەرز بووین، ئەوەش نهێنی سەرکەوتنمان بوو.

پیکێ لە کۆتاییدا دەڵێ ئەفریقیای باشوور, گۆڕانکاری گەورەی لە ژیانمدا دروستکرد، کە چوومە ئەو وڵاتە کەسێکی ئاسایی بووم، کاتێک هاتمەوە خاوەنی جامی جیهانی و شاکیرا بووم کە لەوێ هاوڕێیەتییەکی گەورەمان دەستپێکرد و تا ئێستا پێکەوە بەردەوامین.